English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ
 
سەرۆكی هەرێم: پڕۆسەی ڕیفراندۆم بۆ ئەوەیە جیهان ڕای كوردستانیان لەبارەی ئاییندەی كوردستان بزانێت
2017-04-20 [05:04 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سیگمار گابڕیێڵ جێگری ڕاوێژكار و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ڕینهۆڵد ڕۆب ئەندامی پارلەمانی ئەڵمانیا و فرانز جوزێف كرێمپ باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و مارك ئیكهۆرن كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا.

 

لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سوپاسی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كرد كە شەڕی تیرۆریستانیان كردووە و جیهانیان پاراستووە، هەروەها ستاییشی خۆڕاگری و قوربانیدانی خەڵكی كوردستانی كرد لەو شەڕەدا و پێزانینیشی بۆ ئازایەتی پێشمەرگە هەبوو لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا. جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە و گەیاندنی پێداویستیی پزیشكی و هەروەها پاككردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان لە مین و پاشماوەی تیرۆریستان.

 

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە یارمەتیدەر و پشتیوانی گەلی كوردستانن لە شەڕی تیرۆر و لە وتەیەكدا باسی لە پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان و خۆڕاگری و قوربانیدانەكانی پێشمەرگەی كرد لە شەڕی تیرۆریستاندا.

 

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی مەیدانیی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای داعش و تەحەدیات و گرفتەكانی ئەو قۆناغه تاوتوێ كرا.

 

ئاییندەی هەرێمی كوردستان و ڕیفراندۆم تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و بە دوورودرێژی باسی مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق كرا لە سەد ساڵی ڕابردوو و سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە پڕۆسەی ڕیفراندۆم بۆ ئەوەیە كە جیهان ڕای كوردستانیان لەبارەی ئاییندەی كوردستان بزانێت و جەختی لەوە كردەوە پڕۆسەی سەربەخۆیی كوردستان پڕۆسەیەكی ئاشتیانە و لەڕێگەی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن دەبێت و لەپێناو ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانی كێشە و گرفتەكانە.

 

لەدوای ئەو كۆبوونەوەیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پرێسكۆنفرانسێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.





ئەم هەواڵە 2578جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
دوای ئه‌و هێرشه‌ چی روویدا
ستونی كاره‌با زۆر به‌ توندی به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێك ده‌كه‌وێت و شوفێره‌كه‌ی رزگاری ده‌بێت
له‌ ئاسمانه‌وه‌ قه‌باره‌ی ئه‌و زیانه‌ی به‌ر موسڵی كۆن كه‌وتووه‌، ببینه‌
له‌ ئاسمانه‌وه‌ وێنه‌ی وێرانه‌ی مزگه‌وتی نوری و مناره‌ی حه‌دبا ببینه‌
مۆبایل سەری لە قوڕێ نا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad