English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ
 
ئیمینکی: کاتی ئەوە ھاتووە پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوتدا بکرێت
2017-05-18 [07:25 AM]

ZNA- هەولێر


 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جەعفەر ئیمینکی و شاندێکی یاوەری سەردانی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێریان کرد و لە لایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، عەلی رەشید و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەن پێشوازیان لێکرا و دیدارێکیان ئەنجام دا.

 

لەدوای دیدارەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ھەریەک لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان جەعفەر ئیمینکی و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، عەلی رەشید وەڵامی میدیاکارانییان دایەوە.

 

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، جەعفەر ئیمینکی گوتی: "دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی، دەبینین رۆژانە کێشەیەکی زۆر رووبەڕووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەبێتەوە بە تایبەت پارێزگای ھەولێر چونکە ئەنجوومەنی پایتەختە و لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێزانی ئەنجوومەن بەردەوام بوون لە کاروچالاکییەکانییان و ئێمەش دڵخۆشین کە بە گیانی نیشتمانپەروەرانە ئیش و کارەکانییان ئەنجام دەدەن و بە دڵنیاییەوە ھەموومان خوازیاری ئەوەین کە بارودۆخی سیاسیی بکەوێتە دۆخی جاران و پەرلەمان کارا بکرێتەوە و قەیرانی دارایی کۆتایی پێبێت و دڵنیاین کە ئایندەیەکی باشمان لە پێشە".

 

لە ماوەی رابردوودا ئەنجوومەنی پارێزگاری ھەولێر پڕۆژەیەکی پێشکەشی وەزارەتی دارایی کرد سەبارەت بە دەستکاریکردنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە و سەبارەت بە ئەنجامی ئەو پڕۆژەیەش سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، عەلی رەشید گوتی: "پڕۆژەکەمان ئارستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد و دواتر وەزارەتی دارایی ئاماژەی بە چەند خاڵێک کردبوو کە وەڵامی ھەموو خاڵەکانمان دایەوە، بەڵام وەڵامی وەزارەتی دارایی لە ئاستی پێویست نەبوو و خودی ناوەرۆکی کاری پڕۆژەکە ئەرکی وەزارەتی دارایی بووە کە بە داخەوە کارێکی ئەوتۆی لەسەر نەکرابوو ھەروەھا وەڵامەکانییان لە ئاستی پێویستدا نەبوو".

 

ھەر سەبارەت بەم بابەتەش، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، جەعفەر ئیمینکی گوتی: "پاشەکەوت پێویستییەکی نیشتمانیی بوو، بەڵام ئەو پێویستییە نیشتمانییە سەرتاسەری بوو پەیوەست نەبوو بە ھیچ ھاووڵاتییەک و لە لایەن پسپۆڕانەوە کاری لەسەرکرابوو، لەگەڵ ئەوەشدا پشوودرێژیی فەرمانبەران جێگای رێزە لە لای ئێمە و ئاماژەکەش ئەوە بە ئێمە دەڵێت کە بەڵی کاتی ئەوە ھاتووە پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوت بکرێت".

 

ئەگەرچی لەلای زۆربەی لایەنە سیاسییەکان، پرسی ریفراندۆم گرێدراوە بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش بە دوو بابەتی جیاواز باسی پڕۆسەکان دەکات و پێی وایە دەبێت رێککەوتنێکی تازە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕاندا بکرێت و لەمبارەیەوە جەعفەر ئیمینکی گوتی: "دوو پرسی گرنگ ھەیە کە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم کە ھەردووکیان دەبێت بە پەلە کاری لەسەر بکرێت، ھەرچەندە پێشتر رێککەوتنێک ھەبوو لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ، بەڵام لە ١٢/١٠/٢٠١٥ ئەو رێککەوتننامەیە ھەڵوەشایەوە، بۆیە پێویستە رێککەوتنێکی دیکە بکرێت لەسەر بناغەی ئەوەی کە چۆن پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە. ھەروەھا پرسی ریفراندۆم بابەتێکی دیکەیە کە پەیوەست نییە بە پەرلەمان، خۆشبەختانە کۆمسیۆنی باڵا ئێستا کارایە و ئامادەیە، تەنیا پلان دانەنراوە و ئەویش چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە رۆژەکە دیاری بکرێت بۆ ئەوەی دەست بەکارەکانی بکات و بە پێی بڕگەی ٣ لە ماددەی ١٠، دیاریکردنی ئەو رۆژە لە دەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە".

 

دوای ئەوەی دوێنێ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەلیم جبووری لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دژی ھیچ دەستکەوتێک نین کە لە دەستووردا ھاتووە، بەڵام لە ھەمان کاتدا بەرژەوەندی باڵای وڵات و یەکپارچەیی لە حیساباتی خۆمان دادەنێین و بەرامبەر ھەر پرۆژەیەکی نەشاز دەوەستینەوە کە دەست بۆ نیشتمان ببات، بە ھەموو ھێزیشمانەوە بەرگریی لەوە دەکەین".

 

لەبەرامبەر ئەوەدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جەعفەر ئیمینکی گوتی: "خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە ریفراندۆمێکی ئازاد دا وەڵامی دەدەنەوە و بۆ ئەمە گەل بڕیار دەدات نەک کەسێکی دیکە".

 

سەرچاوه: AA





ئەم هەواڵە 2233جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینه‌ دیوارێك به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێل دا ده‌ڕوخێت
یه‌كه‌م بووكه‌ڵه‌ پیاسه‌ له‌ شه‌قامه‌كانی ژاپۆن ده‌كات
چه‌كدارانی داعش له‌ رۆژئاوا بۆ رۆژهه‌ڵاتی سوریا به‌ پاس ده‌گوازرێنه‌وه‌
دوای ئه‌و هێرشه‌ چی روویدا
ستونی كاره‌با زۆر به‌ توندی به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێك ده‌كه‌وێت و شوفێره‌كه‌ی رزگاری ده‌بێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad