English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ریفراندۆم.. مێژوو و جوگرافیای نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت
2017-06-12 [01:14 AM]

نووسین: فەرھاد محەمەد


ئەمازیا بارام سەرۆکی پێشووی سەنتەری سابان بۆ دیراسەتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و تایبەتمەند لەسەر مێژووی حوکمڕانی لە عێراقدا، لە دیمانەیەکدا لێمان پرسی: ئەگەر بارزانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان رابگەیەنێت، ھەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرامبەر ئەو دەوڵەتە چۆن دەبێت؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا پڕۆفیسۆر بارام پێی گوتین: "ئەو شەوەی بەنیاز بووین بۆ بەیانی دەوڵەتی ئیسڕائیل رابگەیەنین، ھەڵوێستی ئەمریکا بەوجۆرە بوو کە ئێمە دەوڵەت رانەگەیەنین، بەڵام کە دەوڵەتی ئیسڕائیلمان راگەیاند، ئەمریکا پێش ھەموو دەوڵەتێک ئیعترافی بە دەوڵەتی ئیسڕائیل کرد، ھەر بۆیە کاتێک ئەمریکا دەڵێت من پشتگیری راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل ناکەم، ئەوە لە روانگەی بەرژوەندییەکانی خۆی بووە و دەبێت بەو شێوەیە لێدوان بدات، بەڵام کە دەوڵەتەکە راگەیەندرا، ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ ئەو دیفاکتۆیە دەکات کە دێتەئاراوە، بۆیە بۆ دەوڵەتی کوردستانیش ھەمان شت راستە، لەبەر ئەوەی ئێستا ئەمریکا لە روانگەی بەرژوەندییەکانی خۆیەوە بە فەرمی لێدوان دەدات، بەڵام کە دەوڵەتی کوردستان راگەیەندرا، ئەو کات مامەڵە لەگەڵ ئەو دیفاکتۆیە دەکات کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دروستی دەکات.
لەدوای رۆژی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٧وە کە سەرۆک بارزانی داوای لە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی کوردستان کردووە خۆی بۆ ریفۆاندۆم و ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستان ئامادە بکات، میدیاکانی کوردستان چەند جارێک ئەو پرسیارەیان لە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کردووە، بەوەی ئایا ھەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە ئەنجامدانی راپرسی لە کوردستان چی دەبێت؟ لە وەڵامدا پێیان راگەیاندووین رێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەگرین و پابەندین بە سیاسەتی یەکپارچەیی خاکی عێراقیشەوە.  ئەم وەڵامە کە لەیەک کاتدا دەرنەبڕینی ھەڵوێستە بەرامبەر سەربەخۆیی کوردستان، بەڵام لە ھەمانکاتیشدا پیشاندانی ئەو ھەڵوێستەشە کە ئەمریکا دژایەتی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ناکات، ھەموو ئەوانەشی ئەزموونێکی زۆریان لە سیاسەتی دەرەوە و کۆشکی سپی ھەیە و ئێستا سەرقاڵی ئەوەن پیشنیار و راسپاردەی بەسوود بۆ ئیدارەی ترەمپ ئامادەبکەن، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە نابێت ئەمریکا ھەڵوێستی پاڵپشتی، یان دژی بەرامبەر پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان ھەبێت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە ئەمریکا ناوبژیوانێکی بەھێز و بێ لایەن بێت لە نێوان عێراق و کوردستان بۆ ئەوەی ھەردوولا بگەنە ئەو ئاکامەی کە ھەردوولایان رازی دەکات، بۆیە لەم پرۆسەیەدا ئەمریکا خۆی بەرامبەر کوردستان و عێراق بێ لایەن دەکات.
دیارە بوونی ئەمریکا وەک ناوبژیوانێکی بێ لایەن لەسەر پرسی سەربەخۆیی کوردستان لەنێوان عێراق و کوردستاندا، سەرکەوتنێکی ھێجگار گەورەیە بۆ مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیمان و ئەو جوگرافیایەی پێی دەگوترێت کوردستان، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بە درێژایی زیاتر لە ١٠٠ ساڵی رابردوو، نەک تەنیا ئەمریکا، بەڵکو ھەڵوێستی فەرمیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەک ھەر  بەرامبەر باسکردنی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان دژ بووە، بەڵکو بۆ فیدڕاڵییش دژبوون، تەنانەت لە میانەی دیدارێکی رۆژنامەوانیمان لەگەڵ پڕۆفیسۆر لیسلی گلپ سەرۆکی فەخری ئامۆژگای پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا راشکاوانە پێی راگەیاندین: "ماوەی سێ ساڵ لە (٢٠٠٤-٢٠٠٧) ھەوڵمدا، ھەتا توانیم جۆزیف بایدن (کە ئەوکات سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سەنات بوو)  بە بیرۆکەی فیدڕاڵیزمی عێراق بۆ سێ ھەرێم رازی بکەم." پڕۆفیسۆر گلپ، راشکاوانە ئەوەشی خستەڕوو کە: "لۆبی عەرەبستانی سعودی لە کۆنگرێس کاریگەری گەورەیان ھەیە و دژی بیرۆکەی دابەشکردنی عێراقن بۆ سێ ھەرێمی فیدڕاڵی." ئەم قسانەی گلپ ئەوەمان پێدەڵێن: ئەو وەرچەرخانە گەورەیەی سەرۆکایەتی بارزانی و قوربانیدان و سەرکەوتنەکانی  پێشمەرگە لە تێڕوانینی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان دروستی کردووە، وەرچەرخانێکی زۆر گەورەیە و رێگەی راستە بۆ ھەنگاوھەڵگرتن بەرەو سەربەخۆیی و پێشوازیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو دەوڵەتە تازەیە.
لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر لە روانگەی ھەڵوێستی ئەمریکاوە سەیری ھەڵوێستی دەوڵەتانی دۆست و ھاوپەیمانی ئەمریکا لەناوچەکە بکەین، ھەست دەکەین جۆرێک لە گۆڕانکاریی نەرێنی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی دەوڵەتی تورکیا کە بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی نوێی تورکیا راشکاوانە رایگەیاندووە: "دژی دەوڵەتی کوردستانین، ئەوجا لە ھەر شوێنێک دابمەزرێت." بەڵام ئەگەر سەیری کاردانەوەی تورکیا لەسەر بڕیاری دەستنیشانکردنی رۆژی ٢٥ی ئەیلوول بۆ ریفراندۆمی کوردستان بکەین، راشکاوانە ھەست دەکەین، کاردانەوەی تورکیا کە دەڵێت: ئێمە لەگەڵ ئەو بڕیارە نین و بە کارێکی باشی نازانین، وەرچەرخانی زۆر گەورەی بەسەردا ھاتووە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٣ رازی نەبوو کە ھەرێمی کوردستان ببێتە کیانێکی دەستووری لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا و چەندین ساڵی ویست، ھەتا تورکیا بەوە رازی بوو مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا بکات، بەڵام ئێستا سەبارەت بە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بەو جۆرە قسە بکات کە ھەر دەبێت بۆ سیاسەتی ئیستھلاکی محەلیی خۆی و دڵنەوایی پارتە نەتەوەپەرستەکانی تورک ھەر بەو شێوەیە قسە بکات، بەڵام  ئەمەش مانای ئەوەیە، تورکیاش لەگەڵ ئەوەی پشتگیری خۆی بۆ ریفراندۆمی کوردستان دەرنەبڕیوە، لە ھەمانکاتدا لە کاردانەوەکەی تورکیادا باس لەوە ناکات کە ئەو دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمە، یان ئەمە مافی خەڵکی کوردستان نییە. لەبەرامبەردا ئەگەر سەیری ھەڵوێستی دەوڵەتانی عەرەبی سوننە بکەین کە بە درێژایی مێژوو دژی بوونی کورد و مافەکانی بوون، کەچی دەبینین لەسەر ئاستی جەماوەری دەوڵەتانی وەک سعودیە و ئیمارات و ئەردەن، پشتگیرییەکی بێ وێنە لە دەوڵەتی کوردستان دەکرێت.
ئەم ئاماژە تازانە لە ھەڵوێستی دەوڵەتانی دۆست و ھاوپەیمانی ئەمریکا لەسەر ئاستی ناوچەکەو دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی، نیشانەی ئەوەیە ئەو دەوڵەتانەش لەوە تێگەیشتوون کە عێراقی ئێستا سەرچاوەی بەڵا و نەھامەتی و ناسەقامگیریی ناوچەکەیە و سەربەخۆیی کوردستان کۆتایی بەو پەتا و نەھامەتییە دەھێنێت کە تەواوی وڵاتانی ناوچەکەی گرتۆتەوە. لەمەش زیاتر، ھەموو ئەو دەوڵەتانە باش لەو راستییە تیگەیشتوون کە ئەنجامی ریفراندۆم لە کوردستاندا (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) دەبێت، بۆیە ھەڵسەنگاندن بۆ ھەڵوێستەکانیان لەو روانگەیەوە سەیردەکرێت کە ئەوە ھەمان ھەڵوێستیش دەبێت بەرامبەر بە راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان. بۆیە ئەمەش جێگەی دڵخۆشی و گەشبینییە کە پرۆسەی ریفراندۆم لە ژینگەیەکی لەباری سیاسی ھەرێمی و نێودەوڵەتی ھەنگاو بۆ پێشەوە ھەڵدەگرێت، ئەمە لەکاتێکدا مەزندەی ئەوەش دەکرێت کە ھەڵوێستەکان بە نزیکبوونەوەمان لە وادەی ریفراندۆم گۆڕانکاریی گەورەی بۆ بەرژەوەندی کوردستان بەسەردا دێت، ئەم بۆچوونە لەسەر ئەو پاشخانە خۆی دەخاتەڕوو کە ھیچ کام لە دەوڵەتانی ناوچەکە و دەوڵەتانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ناتوانن رێگەچارەیەکی نێودەوڵەتی بۆ رێکخستنەوەی پرۆسەی سیاسی بەو شێوەیە لە عێراقدا بخەنەڕوو کە کوردستان بتوانێت بەشێک بێت لەو پرۆسەیە، لەمەش راشکاوانەتر ئەوەیە، سەرکردایەتیی بارزانی و قارەمانیەتی ھێزی پێشمەرگە لەمیانەی شەڕی داعشدا، پێگەیەکی ھێندە بەرچاو و کاریگەریان بۆ کوردستان لەناو ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش دروستکردووە، ئەگەر بێتو ھەر ھەوڵێک ھەبێت بۆ ئەوەی کوردستان تێکەڵی عێراق بکاتەوە، ئامانجەکانی سەرکەوتنەکانی دژی داعش، دەخاتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە، ھەروەھا ھاوکاری و ھەماھەنگیی کوردستان لە رووی ریفۆرم و بەرەوپێشەوەبردنی حوکمڕانی لەکورستان، لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی و سەرکەوتنی ئەم ھاوکاری و ھەماھەنگییەی نێوان حکومەتی کوردستان و بانکی نێودەوڵەتی، ئومێدی ئەوەی بۆ ئەمریکا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دروستکردووە کە پێویستە بەشێوەیەکی جیاواز لە حکومەتی بەغدا، پشتگیری حوکمڕانی و ریفۆرم لە حکومەتی کوردستان بکرێت، بۆ ئەوەی کوردستان بەرەو سەقامگیرییەکی دوورمەودای سیاسی و حوکمڕانی ھەنگاو ھەڵبگرێت.
لەگرێدانەوەی ھەڵوێستی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ھەنگاوەکانی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، بە ھەڵوێست و وەڵامدانەوەی حکومەتی عێراق لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی کوردستان، بێگومان وەک لەمیانەی سەردانەکانی شاندەکانی کوردستان بۆ بەغدا سەرنجمان داوە، ھەست بەوە دەکرێت کە لەلایەن بەغداشەوە نییەتی ئەوە پیشاندراوە کە لەگەڵ کوردستان دانوستاندن لەسەر پرۆسەی جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق بکرێت، ئەمەش ھەنگاوێکی زۆر ئەرێنییە کە لەمێژووی عێراقدا بوونی نەبووە، بۆیە کاتێک عێراق ئامادەباشی ئەوەی تێدا بێت کە لەسەر پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ کوردستان دانوستاندن بکات، مانای ئەوەیە بەغداش گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە بە سەربەخۆیی کوردستان رازی بێت.





ئەم هەواڵە 4768جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
یەکەم جارە ماسی لەم شێوەیە ببیندرێت
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
لە پەخشی راستەوخۆی گێچەڵی سێکسی پێدەکرێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad