English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
گشتپرسی بەمەرجی حزبی
2017-06-18 [08:48 AM]

نووسینی: دڵشاد مستەفا وەسانی



ئەگەر سەیری دیمەنی سیاسیی كوردستان بكەین، وێڕای كۆدەنگیی لایەنە سیاسییەكان لەسەر گشتپرسی، ئەو مەسەلە چارەنووسسازە بۆ دەسكەوتی حزبی قۆزراوەتەوە، چاوی دەرەوە و ناوەوەی كوردستان لەسەر هەڵوێستی حزبەكانە، كەواتە تا ئێستا گەورەترین كۆسپ لە ڕێی گشتپرسی خۆی لە هەڵوێستی حزبیدا دەبینێتەوە، ئەو حزبانە بۆچی وادەكەن، لەبەر خاتری خەڵك و هەڵوێستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە یان لەبەر دەسكەوتی حزبی؟
هەر لەسەرەتاوە حزب هەوڵیداوە بۆ دەسكەوتی حزبی رێگەی لێبگرێت، بەڵام تا ئێستا كۆدەنگییەكی تەواوی حزبەكان هەیە، رۆژی 7 ی حوزەیرانی 2017 پازدە حزبی ناو پەرلەمان بێجگە لە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بەسەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان 25 ی ئەیلوولی 2017یان بۆ گشتپرسی دیاریكرد، بڕیاردرا رۆژی دواتر كار بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان بكرێت، رۆژی 10 ی حوزەیرانیش 19 حزبی دەرەوەی پەرلەمان لە كۆبوونەوەیەكدا بەسەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پشتیوانیی خۆیان بۆ گشتپرسی راگەیاند.
ئەوەی جێی سەرنجە پێشتر ئەو دوو حزبە، بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان زۆر كاری لەسەر ئەوە دەكرد، بەهیچ شێوەیەك رۆژی گشتپرسی دیاری نەكرێت تا پەرلەمان كارانەكرێتەوە، كۆمەڵی ئیسلامیش زیاتر جەختی لەوە دەكردەوە كە كاتی نییە و دەبێ پەرلەمان كارابكرێتەوە، زۆرترین هەڵوێستی ئەو دوو حزبە و هەندێ دەنگی دیكەی ناو یەكێتی، ئەوەیان زەق دەكردەوە كە ئەو گشتپرسییە تەنیا بۆ چوار پارێزگاكەی هەرێمە و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناگرێتەوە و بێ كاراكردنەوەی پەرلەمان ناكرێت ، بەڵام دوای ئەوەی رۆژی 25 ی ئەیلوول بۆ گشتپرسی لە تەواوی كوردستان بە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیشەوە دیاریكرا، كۆدەنگی حزبی بە حزبی پێكهاتەكانی كوردستان و تەنانەت هەندێ هۆزی عەرەبیشەوە بۆ گشتپرسی راگەیاندرا، رۆژی 13 ی حوزەیرانیش دوای ئەوەی پارتی و یەكێتی كۆبوونەوە و كاراكردنەوەی پەرلەمانیان راگەیاند و پارتی لەپێناو یەكریزی و سەركەوتنی گشتپرسی وازی لە داوایەكی پێشووی هێنا، خەڵكیش خۆشحاڵییان بەو پێشوەچوونەی ئاساییكردنەوەی دۆخی سیاسی و كاراكردنەوەی پەرلەمان دەربڕی، مەرجە حزبییەكانی ئەو دوو حزبە زیاتر دەركەوتن و رێگە لە شاردنەوەیان گیرا.
كەواتە پێداگیری ئەو دوو حزبە بۆ سەپاندنی مەرجی حزبییانە، دوای ئەوەی یەكێتی رایگەیاند سكرتێری پەرلەمان بەپێی پرۆژەی خۆیان كە لە كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە 13 ی حوزەیرانی 2017 بڕیاری لێدرا دەبێتەوە هی یەكێتی، ئینجا كۆمەڵ پرۆژەكەی رەتكردەوە، لە كاتێكدا شاندێكی نەتەوە یەكگرتووەكان بە مەبەستی قسەكردن لەبارەی گشتپرسی سەردانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەرڵبژاردنیان لە 13 ی حوزەیران كرد و رایانگەیاند لە كاتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم ئەوان چاودێری دەكەن، رۆژی دواتر بزووتنەوەی گۆڕان و دواتر كۆمەڵی ئیسلامی كاراكردنەوەی پەرلەمانیان رەتكردەوە.
دیارە ئەگەر سكرتێری پەرلەمان بەدەست كۆمەڵی ئیسلامییەوە بمێنێتەوە و مەرجی حزبی گۆڕانیش جێبەجێ بكرێ، كێشەیان نابێت، كەواتە بۆچی لەو هەموو ماوە دوور و درێژە، ئەو داوایە حزبییەیان دەشاردەوە و دەیانگوت كاتی نییە و دەبێ ژیانی خەڵك چاكبكرێ، ئێستا دەركەوت مەسەلەكە نە ژیانی خەڵكە و نە بارودۆخی نەگونجاو، بەڵكو خۆهێنان و بردنەكە بۆ دەسكەوتی حزبییە، پێشیان وایە مادام رۆژەكە دیاریكرا، ئەوا پێداگرییان لەسەر رەتكردنەوەی كاراكردنەوەی پەرلەمان دەسكەوتی حزبییان بۆ مسۆگەر دەكات، بەڵام وەك تێبینی دەكرێت، هەوڵی گشتپرسی دەستیپێكردووە، بۆیە كاراكردنەوەی پەرلەمانیش لەچاوەڕوانیدانامێنێتەوە، دەریچەیەكی هەر بۆ دەدۆزرێتەوە. ە.





ئەم هەواڵە 6979جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad