English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ
 
ھۆشیار زێباری: تەنھا ولاتی ئێران دژایەتی ریفراندوم دەکات
2017-07-17 [09:56 AM]

ZNA-ھەولێر


ھۆشیار زێباری ڕایگەیاند، هیچ وڵاتێکی دونیا جگە لە ولاتی ئێران، لە دژی ڕیفراندۆم نییە، ئاماژەی بەوەدا پارتی ڕەزامەندە کە گۆڕان بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بگەڕێتەوە.

 

لە دیدارێکی تایبەتی کەناڵی (ئەلشەرقیە)ی عێراقیدا، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان رایگەیاند : ئێستا بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کاتێکی گونجاوە، هیچ کاتێک و بارودۆخێکی نموونەیی بۆ ئەم بابەتە بەردەست نابێت، زۆربەی حزبەکانی کوردستان لەسەر دەنگدان بۆ مافی چارەی خۆنووسین کۆکن، بەرنامەی سیاسی و پلان و خەباتی هەموویان لەپێناو ئەو ئامانجەیە، بەڵام ئەو ناکۆکییە سیاسییانەی هەیە، ئێمە خەریکی چارەسەرکردنین.

 

ئەوەشی ئاشکرا کرد: دوایین پێشنیازمان ئەوەیە کە کێشە نییە گۆڕان بۆ پەرلەمان بە سەرۆکەکەیەوە بگەڕێتەوە و وەزیرەکانیشی بگەڕێنەوە“. ئەوەشی نەشاردەوە کە هەندێک کەس و لایەن بە بیانووی نەگونجاویی کات، هەڵوێست لە دژی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان وەردەگرن.

 

زێباری جەختی لەوە کردەوە کە ڕیفراندۆم پەیوەندی بە پەرلەمان و یاسادانانەوە نییە و گوتی: ئێمە بۆ ئەم بابەتە سوودمان لە ئەزموونی پسپۆڕان و یاساناسانی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و ئەوانیش لە بابەتەکەیان کۆڵیوەتەوە.

 

ئاماژەشی بەوە کرد کە ئەوان پێیانوایە، زۆرینەی هەرە زۆری گەلی کوردستان لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان دەدەن. نموونەشی بەوە هێنایەوە: لە ساڵی ٢٠٠٥، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕیفراندۆمێکی نافەرمییان ئەنجام دا، ئەوکاتە ئێمە کارمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکرد، بەڵام ٩٣%ی گەلی کوردستان دەنگیان بە سەربەخۆیی دا.

 

لەبارەی هەڵوێستی وڵاتان لەسەر ڕیفراندۆم، هۆشیار زێباری ئەوەی ئاشکرا کرد: تەنیا ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند کە دژی ڕیفراندۆمە، ئەگینا هیچ وڵاتێکی دیموکراسی نەیگوتووە کە من دژی ڕیفراندۆمم، چونکە ئەوکاتە دەکەوێتە خانەی پێچەوانەی بنەما دیموکراسییەکانی خۆی. سەرکردایەتیی کوردستانی بەرپرسیارێتیی ئەو قۆناغە مێژووییە لەئەستۆ دەگرن.  هەموو هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی میکانیزم و شێوازەکانی ڕیفراندۆم قسە دەکەن، نەک وەک بنەما بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

 

دووپاتیشی کردەوە کە هیچ پاشەکشەیەک بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نییە و ڕیفراندۆم ئەنجامەکەی هەرچی بێت، نابێتە هۆی کۆتاییهاتنی پەیوەندیی یەکجارەکی لە نێوان کوردستان و عێراق، بەڵام دەمانەوێت ببینە دوو دراوسێی باش.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا باسی لە سەردانەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەلجیکا کرد و ڕوونی کردەوە: سەردانەکەی برۆکسل زۆر نایاب بوو، لەسەر بنەمای بانگهێشتێکی فەرمیی حکوومەتی بەلجیکا بوو، لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری و ناوخۆ و کۆچبەرانی بەلجیکا دیدارمان هەبوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندە سیاسییەکەی لەگەڵیدا بوون، بانگهێشتێکیان بۆ هاتبوو لە لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەورووپا، گفتوگۆمان لەبارەی ڕیفراندۆم کرد.

 

هەر لەو دیدارەدا، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، باسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد و ڕایگەیاند: ئەگەر یاسای هەڵبژاردنەکان نەگۆڕدرێت کە مافی هەرێمی کوردستانی تێدا پێشێل کراوە، بەشداریمان لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دڵنیا نییە.

 

رێباز یونس 

 





ئەم هەواڵە 493جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ستونی كاره‌با زۆر به‌ توندی به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێك ده‌كه‌وێت و شوفێره‌كه‌ی رزگاری ده‌بێت
له‌ ئاسمانه‌وه‌ قه‌باره‌ی ئه‌و زیانه‌ی به‌ر موسڵی كۆن كه‌وتووه‌، ببینه‌
له‌ ئاسمانه‌وه‌ وێنه‌ی وێرانه‌ی مزگه‌وتی نوری و مناره‌ی حه‌دبا ببینه‌
مۆبایل سەری لە قوڕێ نا
موشه‌كی رووسی له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ئاراسته‌ی داعش له‌ ته‌دمور ده‌كرێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad