English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەغدا ببینن
2017-08-06 [06:42 AM]

نووسینی: دڵشاد مستەفا وەسانی


 


هەڵوێستی  بەغدا بەرامبەر هەرێم یەكگرتووە، هەڵوێستی هەرێمیش بەرامبەر بەغدا دابەش بووە، شەقامی عێراق بە جۆرێكە، تەواوی لایەنەكان لەبەرچاوی دەگرن، ئەو شەقامە لە لایەن لایەنە جۆراوجۆرەكانەوە زیاتر بەرامبەر كوردستان تاودەدرێ، بەڵام لە كوردستان، لە جیاتی بەهێزكردنی شەقامی كوردستان، لایەنەكان خەریكی پارچەكردنی شەقامی كوردستانن، لە جیاتی ئەوەی  شەقامی كوردی لە یەكگرتووییەوە بەرامبەر بەغدا، بەرەوپێش ببەن و بەهێزتری بكەن، هەندێ لایەن لە ڕێی میدیاكانیانەوە  خەریكن دابەشی دەكەن و شەقامێك دروست دەكەن، بۆ ئەوەی دژی بەشەكەی دیكەی شەقامی كوردستان بوەستنەوە، بەداخەوە ئەو شەقامەی دروستی دەكەن لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆییەوە لەگەڵ شەقامی عێراقی یەكهەڵوێستە.
ئەگەر لایەنەكان بە جوانی بەغدا ببینن و واقیعی ئەو ناوەندەی دەسەڵاتی عێراق پەردەپۆش نەكەن، ئەوا بە هیچ شێوەیەك شەقامی كوردی بەرامبەر بەغدا دابەش نابێت، چونكە لە كوردستان دیدێك لەسەر ئاستی جەماوەر بەرامبەر بەغدا هەیە، لێ هەندێ حزب میدیایان بۆ كاركردن لەسەر دابەشبوونی ئەو دیدەی خەڵكی كوردستان تەرخان كردووە، نەدیتنی بەغدا وەك خۆی، زیانی بە خەڵكی كوردستان گەیاندووە، چونكە بەشێكی زۆری ئەو یەكدەنگییەی بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەر و دەوڵەتانی دی، لەسەر ئەوەی كە كاتی ریفراندۆم نییە، بۆ دابەشبوونی حزبەكانی كوردستان بە سەر بەرەی ریفراندۆم و بەرەی دژی ریفراندۆم دەگەڕێتەوە.
لەوەتەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بۆتە بابەتی رۆژ، چ گۆڕانێك لە بەغدا بەدی كراوە؟ ئایا بۆپاشەكشەپێكردنی ریفراندۆم، پەنای بۆ چاوگێڕانەوە بە هەڵەكانی لە جێبەجێنەكردنی دەستووردا گێڕاوەتەوە؟  ئەوەی دەبیندرێ، بەغدا نەك بیر لەوە دەكاتەوە كە هەڵەی بەرامبەر هەرێم كردووە، بەڵكو تا دێت  گوشار دەخاتە سەر كوردستان، لێناگەڕێ ئەو عەرەبانەی ئاوارەی كەركووك بوون بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، سەركردەكانی حەشدی شەعبی هەڕەشەی پەلاماردانی كوردستان دەكەن، ئەدی ئەو لایەنانەی هەر خەریكی ئامادەكردنی هەواڵ و راپۆرتی نەبوونی گرەنتی جیهان و قاتوقڕین، بەدیلیان بۆ ئەو دۆخە چییە؟ ئایا بەغدا گرەنتییە؟ 
وەڵامی ئەو شاندەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم كە بەنیازە سەردانی بەغدا بكات دیارە، بەغدا بڕوای بە شەراكەت لەگەڵ كورد نییە، لە لایەكی دیكەشەوە ئێستا هەموو لایەنە عێراقییەكان خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەكەن، بۆ ئەوەی شەقامی عێراقی سزایان نەدات، بە توندی دژایەتی خۆیان بۆ ریفراندۆم رادەگەیەنن، هەروەك ئەو دژایەتیەی پێشتریش رایانگەیاندووە، ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێ هیچ تروسكاییەكی پێكەوەژیان و شەراكەتی نەهێشتۆتەوە، بەغدا تەنیا بەغدای حكوومەتی مەزهەبیە، ئەم یەكلاییكردنەوەیەی بەغدا بۆ شیعە، هەروا بە رێكەوت نەبووە، بەڵكو زۆر بەجدی كاری بۆ كراوە، بۆیە بەغدای تایفی ئامادە نییە گوێ لە هیچ دەنگێك بگرێت كە  هەوڵی فرە رەنگی بدات، ئەو حوكمڕانییە تایفەگەرییەی عێراق خەونی چەندان ساڵەی شیعەیە، بۆیە توانای بەغدا و تاران بۆ هێشتنەوەی عێراق بە یەكپارچەیی خراوەتەگەڕ.
 وەڵامی شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بۆ بەغدا روون و ئاشكرایە، لەلایەكی دیكەشەوە ئەو لایەنانەی دژی ریفراندۆم وەستاونەتەوە، ناتوانن بەغدا بهێننە سەر ئەو باوەڕەی كورد بە شەریكی راستەقینەی خۆی بزانێت، كەواتە پێویستە حزبە سیاسییەكان چیدی بەغدا بە لێڵی نەبینن، چونكە تا بەو لێڵییە سەیری بەغدا بكەن، بەغدا خۆی داوێتە سەر پشتێ و بە دەم خوێندنەوەی حەكایەتی (كورد و عەرەب و خەڵكی دی لە عێراق هاوبەشن)  كاتمان لێ بەفێڕۆ دەدات، تا كاتی دێتەوە، لە راستیدا ئێستا كاتی ئەوەیە خۆمان كات دیاری بكەین و بڕیار بدەین نەك خەڵكی دی.
 





ئەم هەواڵە 4906جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad