English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
خیانه‌ت له‌ نێوان شاسوارو مه‌لای خه‌تێ مێژوو خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌
2017-08-10 [09:08 AM]

نووسین: یاسین محمود چۆمانی


 

له‌ به‌شێكی مێژووی كوردا ناوی مه‌لای خه‌تێ وه‌ك سیمبولێك بۆ خیانه‌ت به‌كار هاتووه‌، گوایه‌ له‌ سه‌رده‌می میرنشینی سۆراندا له‌ كاتێكدا شه‌رو جه‌نگێكی سه‌خت له‌ نێوان میرنشینی سۆران و ده‌وڵه‌تی عوسمانی ئه‌وكات له‌ ئارادابووه‌، مه‌لای خه‌تێ كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ زانا دیارو به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌وكاتی كورد فه‌توای حه‌رام كردنی شه‌ری له‌ دژی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌ركردووه‌، بۆیه‌ تۆمه‌تی خیانه‌تی له‌ میری سۆراندا خراوه‌ته‌ پاڵ.

به‌شێك له‌ سه‌رچاوه‌ مێژوویه‌كان ئه‌م فه‌توایه‌ی مه‌لای خه‌تێ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی دروست و راستی نیه‌، بێگومان به‌ پشت به‌ستن به‌ كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌و بۆچونی شاره‌زایان و لێكدانه‌وه‌ی بارودۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وكات، له‌ به‌رامبه‌ردا كۆمه‌ڵێك مێژوو نوسی تر له‌ نێویاندا حسێن حوزنی موكریانی راستی و حه‌قیقه‌تی ئه‌م فتوایه‌ به‌یان ده‌كه‌ن، به‌ جۆرێك مه‌لای خه‌تێ له‌ ژێركاریگه‌ری سۆزو دینداری و حه‌قیقه‌تی په‌یوه‌ندی ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌ خه‌لافه‌تی ئیسلامه‌وه‌ ئه‌م فتوایه‌ی ده‌ركردبێت.

به‌هه‌ر حاڵ ناوی مه‌لای خه‌تێ ناوێكی به‌ده‌ له‌ مێژوی كوردا، هه‌ركاتێك گوێمان له‌و ناوه‌ ده‌بیت بیرمان بۆ خیانه‌ت و ناپاكی وخزمه‌تی دوژمنان ده‌چێت، به‌ داخه‌وه‌ خیانه‌ت له‌ ناو ئه‌ده‌بیات و فه‌رهه‌نگ و مێژووی میلله‌تی كوردا دیارده‌یه‌كی زه‌ق و دیاره‌ به‌جۆرێك دیارده‌كه‌ فراوانه‌ كاتێك باس له‌ هه‌ر شكستێكی كورد ده‌كه‌یت به‌ دڵنیایی له‌ پاڵ هه‌موو فاكته‌ره‌ بابه‌تی و ده‌ره‌كیه‌كان فاكته‌رێكی ناوه‌خۆی كاریگه‌ریش بوونی هه‌یه‌، ده‌گێرنه‌وه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی شكستی قه‌ڵای دم دم خیانه‌تی هاوڵاتیه‌كی ناو قه‌ڵاكه‌ بووه‌ به‌ ئاشكرا كردنی سه‌رچاوه‌ی ئاوی قه‌ڵا كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی له‌ ده‌ره‌وه‌ی شوره‌ی قه‌ڵاكه‌ بۆی راگواسترابوو.

ئه‌مرۆ له‌ كاتێكدا ده‌رفه‌تێكی مێژوویی گرنگ هاتۆته‌ پێش بۆ ئه‌وه‌ی نه‌فره‌ت له‌ ژێرده‌سته‌یی و چه‌وساوه‌یی بكه‌ین و هه‌نگاو بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بنێین، تاقمێك و گروپێك ده‌ركه‌وتون كه‌ بازرگانێكی هه‌رزه‌ی ناسیاسی بێ ئه‌زمونی بێ خه‌بات و ماندوو بون و تێكۆشان سه‌رپه‌رشت و سه‌ركردایه‌تیان ده‌كات، كه‌مپینێكیان بۆ نه‌خێر له‌ گشتپرسی 25ی دیسێمبه‌ری ئه‌مساڵ بۆ سه‌ربه‌خۆیی راگه‌یاندووه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا هیچ پاساوێكی لۆژیكی نیشتیمانی مه‌عقولیان پێشكه‌ش نه‌كردووه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ بخرێته‌ چوارچێوه‌ی خیانه‌تی نیشتیمانی.

له‌ فه‌رهه‌نگی دێموكراسی و دنیای ئازادا بۆ هه‌ركایه‌و پرۆسه‌یه‌كی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی پێویسته‌ زه‌مینه‌ بۆ هه‌موو تاكێك فه‌راهه‌م بكرێت و هه‌ركه‌سێك راو بۆچون و سه‌رنجی خۆی به‌ ئازادی ده‌ربرێت. به‌ڵام ئایا بۆچی پێمان وایه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئه‌م تاقمه‌یه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی خیانه‌تی نیشتیمانی و وه‌ك رایه‌كی جیاواز له‌ پرۆسه‌یه‌كی دێموكراسیدا سه‌یرناكرێت؟ چونكه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی گشتپرسی كه‌ بریاره‌ له‌مانگی دیسێمبه‌ر بێته‌ ئه‌نجامدان مه‌به‌ست لێی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمێكه‌ كه‌ هاوڵاتیانی زیاتر له‌ سه‌د ساڵه‌ خه‌بات و تێكۆشانی بۆ ده‌كه‌ن روبارێك خوێنیان بۆ رشتوه‌، رووبه‌روی هه‌موو شێوازێك له‌ ئازار و مه‌ینه‌تی و ئه‌شكه‌نجه‌و گرتن و كوشتن و ته‌عریب و ته‌هجیر و ته‌بعیس و ته‌هریب بونه‌ته‌وه‌.

له‌ ئێستادا ته‌نها وڵاتانی داگیركاری خاكی كوردستان به‌ راشكاوی دژایه‌تی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ مانای وایه‌ ده‌نگی نه‌خێر خزمه‌تكردنه‌ به‌ داگیركارانی كوردستان و ئه‌جێنداكانیان، خیانه‌ته‌ له‌ خوێنی هه‌موو ئه‌و شه‌هیدانه‌ی بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی رژا، ده‌نگی نه‌خێر مانه‌وه‌یه‌ له‌ باوه‌شی وڵاتێك به‌درێژایی مێژووی دروست بوونی ته‌نها بۆ جارێكیش راستگۆ نه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به‌ كوردی داوه‌، هه‌میشه‌ وه‌ك هاوڵاتی پله‌ دوو سه‌یری كوردی كردووه‌، مافه‌ شه‌رعی و ده‌ستوریه‌كانی لێ زه‌وت كردووه‌.

له‌ فه‌رهه‌نگ و یاساو داب و نه‌ریتی هه‌ر نه‌ته‌وه‌و وڵاتێك خزمه‌ت كردنی دوژمن و جێبه‌جێ كردنی ئه‌جێندای دوژمنان له‌ وڵاتدا ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی خیانه‌تی نیشتیمانی، بۆیه‌ لاوازی پاساوه‌كانی ئه‌م تاقمه‌یهو پشتیوانیه‌ داراییه‌ گه‌وره‌كانیان‌ شك و گومانمان بۆ دروست ده‌كه‌ن كه‌ ده‌ستێكی ره‌ش له‌ داگیركارو دوژمنانی كورد له‌ پشت ئه‌م كه‌مپینه‌وه‌ بێت، بۆیه‌ به‌بروای ئێمه‌ ئه‌و خیانه‌ته‌ی شاسوارو تاقمه‌كه‌ی كه‌متر نابێت له‌و خیانه‌ته‌ی مه‌لای خه‌تێ كردی له‌ میرنشینی سۆران، هه‌رچه‌نده‌ له‌وه‌ دڵنیاین وشیاری و وریایی و تینوێتی گه‌لی كورد بۆ ئازادی و سه‌ربه‌ستی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ ده‌قۆزێته‌وه‌و له‌ ده‌ستی نادات، هیچ تاقم و گروپێكیش ناتوانێت پشتگیری و هاوكاری بۆ ئه‌جێندای دوژمنان له‌ وڵاتدا په‌یدا بكات و ناتوانن كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌لێكی شۆرشگێری خۆنه‌ویستی كۆڵنه‌ده‌ر دروست بكه‌ن.

مێژوو چۆن ره‌حمی به‌ مه‌لای خه‌تێ و ئه‌نجامده‌ری خیانه‌ته‌كه‌ی قه‌ڵای دم دم نه‌كردووه‌، ره‌حمیش به‌ شاسوارو تاقمه‌كه‌ی ناكات و به‌ خائین و خۆفرۆش ده‌یانناسێنێت. له‌ كۆتاییدا به‌و گروپه‌ ده‌ڵێین ته‌نها بۆ ساتێك به‌ فكرو هه‌ستێكی كوردانه‌ ئاورێك له‌ مێژووی كورد بده‌نه‌وه‌و سه‌یرێكی هه‌ڵوێست و مامه‌ڵه‌و سیاسه‌تی حكومه‌ته‌كانی عێراق بكه‌ن به‌ درێژایی ته‌مه‌نی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وجار بریاری مانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراقی ئاگرو ئاسن و خوێن بده‌ن. جوانی فه‌رمووه‌ ماندێلا (بۆسه‌ربه‌خۆیی بیر له‌ كرینی ئاسمان و زه‌وی مه‌كه‌نه‌وه‌، ته‌نها خۆتان مه‌فرۆشن).





ئەم هەواڵە 2176جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad