English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کامیان: ئاسایش یان دیموکراسی؟
2017-08-31 [11:52 AM]

نووسینی: شوکریا کوردستانی



سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوەکانیاندا ئاماژە بەوە دەکەن کەوا بەپێی رێکەوتنێکی گوماناوی ناوچەیی، سەدان ئەندامی داعش لەگەڵ خێزانەکانیان لە سنوورەکانی سوریا – لوبنانەوە رەوانەی سنوورەکانی سوریا – عێراق کراونەتەوە.

وەک لە راگەیەنراوەکاندا دەردەکەوێ، پێدەچێ ئامانج لەم گواستنەوەیە، هەناردەکردنی قەیرانی زیاتر بۆ سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بێت. واتە هەندێک هێزی ناوچەیی دەیانەوێ بە فاکتەری ئەندازیاریکردنی تیرۆر، هەرێمی کوردستان لە سەروبەندی ريفراندۆمى سەربەخۆییدا تووشی نەزیفێکی بەردەوامی جەنگی تیرۆر بکەن. لێرە دەردەکەوێ کەوا فاکتەری ئاسایش چەندی بۆ مانەوەی قەوارەی کوردی لە دیموکراسی گرنگترە.

دوای ئەوەی پرۆسەی بەدیموکراتیکردنی روژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن روژئاوا و ئەمریکاوە دەستیپێکرد، کێشەی سەرەکی ئاسایش بوو کە بەرۆکی روژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتبوو. هۆی ئەم باردوخە بو ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵکی ئەم ناوچەیە ئامادەی ئەم پرۆسەیە نەبوون. خەڵکی ئەم ناوچەیە نەیانتوانی خۆیان لە بەندی ئایینی، خێڵەکی و ئەتنیی رزگاربکەن.

 عێراق یەکێک لەم وڵاتانەیە کە لەم پرۆژەیەدا توانی سیستەمی خۆی لە دیکتاتۆرییەوە بۆ دیموکراسی بگۆڕێ، بەڵام  ئایا ئەم دیموکراسییە دادی خەڵکی عێراقی داوە؟ ئایا بەدەستهێنانی دەسەڵات لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسی لەرێگای دیموکراسی و دەنگداندا توانیویەتی بارودۆخی عێراق بەرەو بەهەشتی دیموکراسی خۆرئاوایی بەرێت؟! 

ئامارەکانی تێرور و کوشتن لە عێراق وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە. ئاسایشی عێراق لەبەر یەک هەڵوەشاوە و بووە بەهۆی دروستبوونی گرووپە توندڕوەکان. ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە دیموکراسی لە قاڵبەکی هەڵەدا دەبێتە هۆی دەرفەت دان بە گرووپە توندڕوەکان و لەئەنجامیشدا دروستبوونی گرووپی تێروریستی و تێکچوونی ئاسایشی خەڵک و ژیانی ئاسایییان.  بەتایبەتی سەرهەڵدانی داعش نموونەیەکی هەنووکەیی و بەرچاوە کە لەم هەڵەیەوە دروستبووە.

 لەچوارچێوەی وڵاتی عێراقدا، کوردستان تاکە شوێنە کە تائێستا توانیویەتی ئاسایش و سەقامگیری خۆی بەرقەراربکات. ئەمە بووە بەهۆی پێشوەچوونی ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتی لە کوردستان تا هاتنی داعش!

کەواتە پێشکەوتنی کوردستان لەرووی ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتی و هاتنی کومپانیا بیانییەکان و هەروەها گەڕانەوی کوردی هەندەران بۆ کوردستان  پەیوەست بوو بە ئاسایش و سەقامگیری کوردستانەوە نەک دیموکراسی.

دیموکراسی زیاتر لە ململانێی گرووپە سیاسییەکانی ناوخۆ بو بەدەستهێنانی دەسەڵات پێناسەدەکرێت. کاتێک باسی ئاسایش دەکریت، باس لە بەدیهێنانی بارودۆخێک دەکرێ کە خەڵک تێیدا بتوانێت بێئەوەی ترسی لە کوشتن و رفاندن هەبێت، ژیانی روژانەی بەسەر بەرێت.

 بۆ نموونە قوتابی بتوانێت بێ ترس و دڵەڕواکێ بخوێنێت، کارمەند بتوانێت دەوامی خۆی بەئاسایی بکات. بۆیە لە چوارچێوەی وڵاتێک کە ئاسایشی دابینکرابێت، پیادەکردنی دیموکراسی کارێکی ئاسانە.

ئەگەر لەم دوو میتۆدەوە بەراوردی کوردستان لەگەڵ عێراق بکەین، کوردستان ئاسایشی بەهێزترە و خەڵکەکەی ژیانیان ئاسوودەترە.

 بۆ کوردستان لەلایەن ئەمنییەوە بەهێزترە؟ لەوانەیە لەرووی ناوخۆییەوە یەکڕیزی کوردستانییەکان (کورد، تورکمان، کلدوئاشووری و تاد) و بەئاگابوونییان لە هاوکاریکردنی لایەنە ئەمنییەکان و ئاگادارکردنەوەیان لە هەر گومانێک بۆ رێگریکردن لە هەرجۆرە مەترسییەک لەسەر ژیانی هاوڵاتیان  و هەروەها بەهێزبوون و دیسپلینی هێزەکانی ئاسایش هۆکار بن. 

ئەمەش بۆ هەستی بەرپرسیارێتی و نەتەوەیی تاکی کوردستانی بەرامبەر بە کومەلگاکەی دەگەڕیتەوە. بەڵام لە قوناغی ئێستادا ئاسایشی کوردستان لە مەترسیدایە، چونکە هەوڵێکی زۆر بۆ بێمتمانەکردنی هاوڵاتیان بەرامبەربە لایەنە ئەمنییەکان هەیە.  ئەمەش بەشێواندنی بیری خەڵک بەرامبەر بە ئەولەویەتی دیموکراسی و ئازادییە کە دوو چەمکی جیاوازن.

 لەوانەیە گلەیی لە ئاستی دیموکراسی لە کوردستان بکرێت بەتایبەت دوای داخستنی پارلەمان، بەڵام ئازادی لە کوردستان ئەوەندە زۆرە کە دەکرێ پێی بڵێێن پاشاگەردانی و زۆرجار بووەتە هۆی ئەوەی کە هەندێک کەس دژبە بەها نەتەوەییەکانی کوردستان بیقۆزنەوە.

 ئەگەر ئازادی دەربڕین و چالاکی سیاسی  ببێتە هۆی تێکچوونی ئاسایشی وڵات و لەئەنجامدا مەترسی لەسەر کیانی کوردی و ژیانی هاوڵاتییان دروستبکات، دەبێت چوارچێوەی قانوونی بۆ دابنرێت.

بۆیە بۆ بەردەوامبوون لە پرۆسەی پێشوەچوونی کومەڵایەتی و سیاسی لە کوردستان، پێویستە لەم قوناغەدا جەخت لەسەر بە‌هێزکردنی پاراستنی کوردستان بکرێتەوە کە بەرەو قۆناغی جاڕدانی دەولەتی نەتەوەیی هەناگودەنێت.

لەوە واوەتریش، دەبێ هەرچی زووترە پرۆسەی ريفراندۆم و جاڕدانی سەربەخۆیی بەئەنجام بگەیەنرێ، چونکە ئەکتەرە ناوچەییەکان بەدەمەوەن بۆ پەکخستنی ئەم پرۆژەیە، سوود لە هۆکارەکانی تێکدانی سەقامگیری وەربگرن. نموونەی ئەمەش: گواستنەوە سەدان چەکداری داعش بۆ سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە!





ئەم هەواڵە 1510جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad