English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ھەڵبژاردەی کوردستان بەشداریی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی ٢٠٢٢ دەکات
2017-09-12 [04:16 AM]

ZNA – ھەولێر 



 

لەبیرمە چەند ساڵێک پێش ئێستا کاتێک یاریی پلەیستەیشنمان دەکرد، ھەمیشە خۆمان لە ریزی ھەڵبژاردەکانی جیھان ھەڵبژاردەی کوردستانمان درووست دەکرد و یاریمان پێدەکرد، کە ناوی سەڵاحەدین سیامەند یان رافد بەدرەدینمان لە پێکھاتەی یارییەکە دەبینی زۆر پێی دڵخۆش دەبووین.. 

 ھەرچەندە رووخساری ھیچیان بە کوردستارەکان نەدەچوو و ھەڵبژاردەکە تەنیا خەیاڵ بوو، بەڵام ئەو خەیاڵەمان لە یاریکردن بە ھەڵبژاردەی عێراق پێ باشتر بوو، ھەندێکجاریش ھەڵبژاردەی کوردستانمان بەرامبەر ھەڵبژاردەی عێراق یاریی پێدەکرد چوار پێنج گۆڵمان لە شێرەکانی رافیدەین دەکرد.

لەیادمە، دوای رووخانی حکومەتی بەعس ھەڵبژاردەی عێراق ھاتە ھەولێر و سلێمانی و دوو یاریی دۆستانەی لەگەڵ ھەڵبژاردەی کوردستان کرد، ھێشتا ئەو ساتانەم لەبیر ناچێت کە یاریزانانی کوردستان سروودی ئەی رەقیبیان دەگوتەوە، چۆن شاگەشکە ببووم، ناحەقم نەبوو، یەکەمجارم بوو درێسی ئەوھەڵبژاردەیەی لە پلەیستەیشن بە خەیاڵ درووستم کردبوو، ببووە راستی و بەدیارییەوە دانیشتبووم، تاکو چەند ساڵێک دواتریش دەستکەوتنی درێسێکی ھەڵبژاردەکە ئاواتێکی گەورەی من بوو.

ئەگەرچی ھەڵبژاردەی کوردستان چەند ساڵێکە ھەیە و بەشداریی جامی کۆنیفا دەکات، بەڵام ھێشتا ھەڵبژاردەکە ھەتیو و دانپێدانەنراوە، ھێشتا ناتوانین لە یارییە نێودەوڵەتییەکان ئاڵای کوردستان بەرز بکەینەوە و سروودی نیشتیمانەکەمان لێبدەین.

سەربەخۆیی ھەڵبژاردەی کوردستان دەگەیەنێتە مۆندیال، تاکو سەربەخۆ نەبین ئەستەمە بتوانین ببینە ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا و جیھان، فیدراسیۆنی تۆپی پێی باشووری سوودان بێ ئەوەی خاوەنی خولی خۆی بێت، ساڵێک دوای ئەوەی لە ٢٠١١ سەربەخۆیی خۆی راگەیاند، راستەوخۆ لەلایەن فیفا و کاف دانی پێدانرا، ھەڵبژاردەی باشووری سوودانیش بەشداریی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی ٢٠١٨ کرد.

ئەگەر وەرزشوانان و ھاندەرانی ھەڵبژاردەی کوردستان رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە بەشداریی لە ریفراندۆم بکەن و بە بەڵێ دەنگ بدەن و پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵێک زیاتر نەخایەنێت، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بە ئاسانی دەبێتە ئەندامی فیفا و مافی ئەوەی دەبێت بەشداریی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی ٢٠٢٢ بکات.

گەرچی ھەڵبژاردەی کەتەلۆنیا لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیاوە کارئاسانی بۆ کرا بۆ ئەوەی فیفا رێگەی پێبدات ساڵانە دوو یاریی نێودەوڵەتی دۆستانە ئەنجام بدات و یاریزان و راھێنەرانی کەتەلۆنیا ھەمیشە پشکی خۆیان لە ھەڵبژاردەکانی لارۆخا وەرگرتووە، تەنانەت زۆرجار فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بە لایەنگری یانەی بارسێلۆنا تۆمەتبار کراوە، کەچی ئەستێرە و کەسایەتییەکانی تۆپی پێی ئەو ھەرێمەی ئیسپانیا بەپەرۆشەوە چاوەڕێی یەکەم رۆژی مانگی داھاتوو دەکەن، بۆ ئەوەی بەشداریی ریفراندۆمی کەتەلۆنیا بکەن و چەندان جار بە ئاشکرا دەنگی بەڵێی خۆیان بۆ سەربەخۆیی بەرزکردووەتەوە. بەڵام ئێمە لە کوردستان نەک ھەر لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقەوە کارئاسانیمان بۆ نەکراوە، بەڵکو دەیان جار ئەستێرەکانمان بانگھێشتی ھەڵبژاردەکانی عێراق نەکراون، تەنیا لەبەر ئەوەی کوردن.

ئەگەر یاریزانێکی وەکو جیرارد پیکێ یان راھێنەرێکی وەکو گواردیۆلا بیەوێت کەتەلۆنیا سەربەخۆ بێت، ئەوا پێویستە ئێمە ھەزار ئەوەندەی ئەوان بمانەوێت سەربەخۆ بین، چونکە ئەوان سەرەڕای ئەوەی ئەوان بە سەربەخۆبوونیان بەشێکی ھێزی تۆپی پێی خۆیان لەدەست دەدەن، بەڵام ئامادەن لەپێناوی بەرزکردنەوەی ئاڵای ھەرێمەکەیان لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان ئەو قوربانییە بدەن، کەچی ئێمە نەک ھەر بە جیابوونەوەمان لە عێراق تۆپی پێمان دەگەشێتەوە، بەڵکو دەرگای زۆرمان لێ دەکرێتەوە و چیدیکە ناچار نابین لە یاریگەی فڕەنسۆ ھەریرییەوە لە تەنیشت ئاڵای کوردستان ئاڵای عێراق بەرز بکەینەوە و چەپڵە بۆ شێرەکانی رافیدەین لێبدەین.


سۆران لوقمان
بەرپرسی بەشی وەرزشی کەناڵی کوردستان ٢٤
 





ئەم هەواڵە 2839جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad