English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
یەکەمین کۆنفرانسی ساڵانەی تایبەت بە منداڵانی توشبوو بە شێرپەنجە له سلێمانی بەڕێوەچوو
2017-09-14 [04:48 AM]

ZNA- هەولێر


 

لە شاری سلێمانی یەکەمین کۆنفرانسی ساڵانەی ناوخۆیی بۆ باشترکردنی دۆخی منداڵانی توشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە لە رووی پزیشکی و دەرونییەوە دەستی پێکرد، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت ئاستی توشبوون بە شێرپەنجە لە ھەرێم لە خوار ستانداردە جیھانییەکانەوەیە.

 

کۆنفرانسەکە ئەمڕۆ لە ھۆڵی شاری جوان بە بەشداری وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێم و ژمارەیەک لە پزیشکانی پسپۆڕی شارەکانی ھەرێم دەستی پێکرد و ماوەی یەک رۆژ دەخایەنێت لە لایەن رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستانەوە رێکخراوە و یەکەمین کۆنفرانسی زانستی و دەروونی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی منداڵە لەسەر ئاستی شارەکانی ھەرێمی کوردستان، بە بەشداری نەخۆشخانەکانی ھیوا، نانەکەلی و سەنتەری ژین.

 

کۆنفرانسەکە چەندین گوتار و پانێڵ و چالاکی تر لە بارەی شێرپەنجەی منداڵان و ئامار و داتاکان، جۆر و چارەسەرەکان، ئەو گرفتانەی رووبەڕووی خێزانەکان دەبنەوە، ھۆشیاری کۆمەڵگە و چەندین بابەتی تر پێشکەش دەکرێن.

 

وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رێکەوت حەمەڕەشید لە بارەی کۆنفرانسەکەوە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەم کۆنفرانسە تایبەتە بە رۆڵی لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە چارەسەرکردنی منداڵانی توشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە، زیاتر باسی ئەو لایەنە کۆمەڵایەتی و دەروونیانە دەکات کە لەکاتی راگەیاندنی توشبوونی منداڵێک بە شێرپەنجە بە خێزانەکیان دەگوترێت، سەنتەرەکانی تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجە خزمەتی زۆریان کردووە و زیاتر لە دوو ھەزار و ٥٠٠ کەس نێردراونەتە دەرەوەی ھەرێم بۆ چارەسەر، ئێستا چاندنی مۆخ لە شاری سلێمانی دەکرێت، ساڵانەش ملیۆنەھا دۆلار دەدرێتە دەرمان و چارەسەری پزیشکی و سێ سەنتەری باشمان لە سێ پارێزگاکەی ھەرێم ھەیە و سەنتەری تریش دەکرێتەوە".

 

ئەو گوتی: "رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لە لای ئێمە لە خوار ستانداردە جیھانییەکانین و نزیکەی ١٠٠ کەسە بۆ ١٠٠ ھەزار کەس، لەکاتێکدا ستانداردە جیھانییەکان ١٥٠ کەسە بۆ ١٠٠ ھەزار کەس".

 

وەزیری تەندروستی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا ئاماژەی کرد بەوەی، تائێستا بڕی دەرمانی ھەرێم لە بەغداوە دەگاتە ھەرێمی کوردستان و مانگانە نزیکەی ٥٠ لەوسەدی رێژەی دەرمانی پێویست وەردەگرن.

 

وەزیری تەندروستی ھەرێم لە گوتەیەکدا بۆ ئامادەبووانی کۆنفرانسەکەش ئاماژەی کرد بەوەی، ھەرێم و کەرتی تەندروستی لەماوەی سێ ساڵی رابردوو لە قەیرانێکی دارایی و لێشاوی ھاتنی ئاوارە و شەڕی داعشدا بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەھۆی بایەخدان بە کەرتی تەندروستی و دابینکردنی دەرمان و چارەسەرە پزیشکییەکانی شێرپەنجە و ناردنە دەرەوەی توشبووان بۆ دەرەوە بۆ چارەسەر، خزمەتی بەردەوامی سەنتەرەکانی چارەسەری شێرپەنجە کراوە.

 

سەرچاوه: AA





ئەم هەواڵە 6421جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
یەکەم گۆڵی رۆنالدۆ لەگەڵ یانەی یۆڤانتس
منداڵێک بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر لە رووداوێکی ھاتووچۆ رزگاری دەبێت
پێشبڕکێیەکی ئەسپ سواری کارەساتی لێدەکەوێتەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad