English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دەزگای خێرخوازی بارزانی خەڵاتی Sergio de Mello ی وەرگرت
2017-10-19 [07:21 AM]

ZNA- هەولێر


 

ئەمڕۆ لە کاتی مەڕاسیمی پێشکەش کردنی خەڵات لە شاری کڕاکۆڤ، دەزگای خێرخوازی بارزانی خەڵاتی Sergio de Mello  - کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، وەرگرت. براوەی خەڵاتەکە پەیکەرێکی ھونەری و دیپلۆمێک و دیارییەکی دارایی وەرگرت، کە لە لایەن سپۆنسۆرەکان تەرخان کراوە.

 

خەڵاتی پۆڵۆنی "Sergio Vieira de Mello” دەدرێتە ئەو کەس و لایەن و ڕێکخراوانەی کە کار دەکەن لە پێناوی ئاشتی و پێکەوەژیان و پێکەوەکارکردنی کۆمەڵگە و ئایین و کولتورەکان. ئەوەش خەڵاتێکی پرێستیژە و ناوبانگی زۆری ھەیە لە پۆڵۆنیا و ئەوڕوپای ڕۆژھەڵات و ناوەڕاست. ئەو خەڵاتە لە لایەن دەستەیەکەوە ڕادەگەیەنرێت کە ئەندامەکانی بریتین لە نوێنەرانی: سەرۆک کۆماری پۆڵۆنیا، باڵوێزی بەرازیل، باڵوێزی سویسرا لە پۆڵۆنیا، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی ئاوارەکان، وەزارەتی دەرەوە، وتەبێژی مافەکانی مرۆڤ، دەزگای بیرەوەری نیشتمانی و کۆنسوڵی گشتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کڕاکۆڤ، دەزگای ھاوکاری چاڵاکییەکانی کۆمەڵەی Decjusz. لە مەراسیمەکەدا نوێنەرانی ھەموو ئەو دەزگا ناوبراوانە ئامادەبوون. زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە مانگی یۆنیۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی کاندید کرد بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە.

 

لە کاتی بەخشینی خەڵاتەکە، وتاری تایبەتی بەخێرھاتنی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە لایەن ھێنریک ڤۆژنیاک Henryk Woźniak بەرپرسی دەزگای Znak خوێندرایەوە. باسی دەسکەوتی وەرگرانی خەڵاتەکەی کرد بۆ ئامادەبووان، بە تایبەتی ھەوڵ و ماندوو بوون و خزمەتەکانیان لە ڕووبەڕوو بوونەوەی قەیرانی مرۆیی، چاودێری کردن و پاراستنی ملیۆنێک و ھەشسەد ھەزار ئاوارە کە لە دەستی تیرۆریستانی داعش و جەنگی سوریا و عێڕاق ھەڵاتن و لە کوردستان شوێنی حەوانەوەیان دۆزیەوە، ھەروەھا لە پێناو بەھێزکردنی کۆمەڵگەی شارستانی لە ھەرێمی کوردستان و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گروپ و ئایینە جیاوازەکان.

 

دوای پێشکەش کردنی خەڵاتەکان، بەڕێز موسا ئەحمەد بەرپرسی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەنگی ھەڵبڕی، باسی گرنگترین دەستپێشخەرییەکانی دەزگاکەی کرد بۆ ھاوکاری کردنی ئاوارەکان و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و مۆزایکی ئایینی و نەتەوەیی، کە ھەرێمی کوردستانی لێ پێک دێت. بەڕێز موسا ئەحمەد ھەوڵ و تێکۆشانی کۆمسیار Sergio de Mello ی بیر ھێنایەوە کە بەو خەڵاتە یادی دەکرێتەوە. موسا ئەحمەد ھەروەھا باسی بارودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستانی کرد و ئاماژەی دا بە شەپۆڵێکی نوێی ئاوارەبوون لە کەرکوک و دەوروبەری. بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ زیاتر کردنی ھەوڵەکانیان لە پێناو یارمەتیدانی ئاوارە و دەربەدەر بووەکان و پشتیوانی لە دیالۆگی ئاشتیانە لە ھەرێم. سوپاسی ھەموو لایەکی کرد کە دەنگیان دا بۆ بردنەوەی ئەو خەڵاتە بە دەزگای خێرخوازی بارزانی و ھەروەھا بۆ ھەموو چاڵاکییەکانی نوێنەری حکومەت زیاد ڕەئوف. ڕۆژی ھەینی زیاد ڕەئوف خوانێکی تایبەت ڕێکدەخات لە شاری کڕاکۆڤ بۆ براوەی خەڵاتەکە و ڕێز لێنانیان.





ئەم هەواڵە 4651جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
شەڕە قۆچ لەگەڵ ئۆتۆمبێل دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad