English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
خەڵاتی سەرەکیی گەورەترین فێستیڤاڵی بەلژیکا بۆ فیلمێکی کوردی بوو
2017-11-01 [05:55 AM]

هەولێر – ZNA


"زاگرۆس"، یەکەم فیلمی درێژی سەهیم عومەر خەلیفە،سینەماکاری کورد، لە 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنتدا کە بە گەورەترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە بەلژیکا دەناسرێت، خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی بەدەستهێنا.

 

ئەم بەرهەمە خەڵاتی "Grand Prix" بەدەستهێنا کە بە خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵ دەناسرێت.

 

لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵدا ١٢ فیلم لە پێشبڕکێدابوون و "زاگرۆس" تاکە فیلمی کوردی – بەلژیکییە لە مێژووی فێستیڤاڵدا، ئەو خەڵاتە بەدەستبێنێت و تاکە فیلمی ئەو وڵاتەش بوو لە بەشی پێشبڕکێدا.

 

چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە 10 تاوەکو 20 تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر لە شاری گێنت لە بەلژیکا بەڕێوەچوو.

 

بەشداری ئەم بەرهەمە سینەماییە کە چیرۆکێکی کوردی هەیە و گرێدراوی وڵاتی بەلژیکایە، یەکەم بەشداری بوو لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا.

 

ئۆرێلیۆ گیرمالدی، دەرهێنەری ناوداری ئیتاڵی سەرۆکایەتی بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی دەکرد و هەریەک لە ئایتەن فۆکس، دەرهێنەری ناوداری ئیسرائیلی، لەیلا حاتمی، ئەکتەری ناوداری ئێرانی، جولیانا لۆرێنز، ئیدیتۆری ئەڵمانی، گرێتا ساسکاچی، ئەکتەری هۆلیوودی و ئارنۆد ڤالۆیس، ئەکتەرا سینەمایی ئەندامی ئەو بەشە بوون، جگە لە سینەماکارێکی بەلژیکی.   

 

لەلایەکی دیکەوە یەکەم فیلمی درێژی خەلیفە، بەناوی "زاگرۆس" لە 18یەمین خولی فێستیڤاڵی نیودەوڵەتیی فیلمی ئارەس – Arrasـدا بەشدارە.

 

فێستیڤاڵەکە لە 3 تاوەکو 12 تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر لە شاری ئارەس لە فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت.

 

لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵدا، تەنها نۆ فیلم لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکەدا لە پێشبڕکێدان و کێبڕکی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵ دەکەن، "زاگرۆس" یەکێک لەو فیلمانەیە.

 

هەر ئەم فیلمە لە بەشی پێشبڕکیی ١٤مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دوبەی، بەشی پێشبڕکیی ١٨مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئاڕا، ٢٨مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ستۆکهۆڵم، ٣٨مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤیرتۆن و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی رامادا بەشداردەبێت.

 

"زاگرۆس" چیرۆکی شوانێک بەناوی زاگرۆس دەگێڕێتەوە کە هاوژینی خۆی زۆر خۆشدەوێت، بۆ ئەو کوردستان بەهەشتە، بەڵام هاوژینەکەی هاڤین و کچەکەی رەیهان، روودەکەنە بەلژیکا، دواتر زاگرۆزیش بڕیاردەدات بچێتە ئەو وەڵاتە.

 

لە بەلژیکا زۆر شتی نوێ لەبارەی هاوژینەکەیەوە دەزانێت و متمانەی جارانی پێ نامێنێت، بۆیە دەخوازێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە نیشتمان.

 

ئەم بەرهەمە سینەماییە لە باکووری کوردستان، یۆنان و بەلژیکا وێنەگیراوە.

 

لەم بەرهەمە سینەماییەدا، هەریەکە لە فەیاز دۆمان، حەلیما ئێلتەر و سوات ئۆستا و هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراوی کورد، هۆزان برادەر، رۆڵ دەگێڕن.

 

"زاگرۆس" بەرهەمێکی هاوبەشی بەلژیکا و هۆڵەندایە، پرۆدیۆسەری سەرەکی فیلمەکە دریس فالیپۆیە و سەهیم عومەر، جەین- کلود و ڤان ریچکهام سیناریۆکەیان ئامادەکردووە.

 

کارێ وێنەگرتن، دەنگ و مۆنتاژی فیلمەکە، لەلایەن سینەماکارانی بەلژیکی و هۆڵەندییەوە کراوە.

 

"زاگرۆس" جگە لەم فێستیڤاڵە، لە چەند فێستیڤاڵێکی دیکەی سینەماییدا وەرگیراوە و لە کاتی خۆیدا زانیاری لەمبارەیەوە بڵاودەکەینەوە.

 

لەلایەکی دیکەوە نمایشی فیلمی "زاگرۆس" لە 15 تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر 2017 لە هۆڵە سینەماییەکانی بەلژیکا دەستپێدەکات.

 

سەهیم عومەر خەلیفە، پێشتر لەرێگەی کورتەفیلمی "میسی بەغداد"، "وڵاتی پاڵەوانان" و "نێچیرڤانی خراپ"، ٩٨ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا وەرگرتووە.

 

دوو ساڵ بەسەریەکەوە کورتەفیلمی "میسی بەغداد"، دواتریش "نێچیرڤانی خراپ"، لە لیستی 10 کورتەفیلمە کاندیدکراوەکان بوون بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین کورتەفیلم.

 

لینکی ترەیلەری فیلم

 

 

 





ئەم هەواڵە 1072جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad