English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نامەی سینەماکارێکی کورد بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی سینەمای ئەمریکا
شەوکەت ئەمین کورکی
2017-11-01 [07:23 AM]

هەولێر – ZNA


دەرهێنەری سینەمایی کورد، شەوکەت ئەمین کورکی، لەبارەی رەوشی کوردستان و دۆخی سینەما تێیدا، نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی سینەمای ئەمریکا دەکات.

  

دەقی نامەکە کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسی زاگرۆس هاتووە:

"نامه‌یه‌ک بۆ بەڕێز کریستوفێر داد، سیناتۆری پێشووی ئەمریکا و سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی سینەمای ئەمریکا.

 

رێز و سڵاو

بەر لە هەموو شتێک بە پێویستی دەزانم دووباره‌ سوپاستان بکەم بۆ هاوکاریتان لەمەڕ دروستکردنی دوا فیلمم (بیرەوەرییەکانی سەر بەرد)، هەروەها بۆ نمایشی تایبەتی ئەم فیلمە لە ناوەندی ئەنجوومەنی سینەمای ئەمریکا، که‌ به‌ خوشحاڵییه‌وه‌ من و عەباس ‌غه‌زالی، پرودیوسه‌ر و ئه‌ندامی په‌رلەمانی کوردستان ئاماده‌بووین.

 

جەنابی کریستوفێر

لە کاتێکدا ئەم نامەیەتان بۆ دەنووسم، وڵاتەکەم بە قۆناغێکی گەلێک دژواری سیاسی و ئابووریدا تێدەپەڕێ و نەمتوانیوە لەم سێ ساڵەدا هیچ بەرهەمێکی نوێ بهێنمە دی، به‌داخه‌وه‌ کاری فیلمسازی و هونه‌ری به‌ ته‌واوی له‌ کوردستان وەستاوه‌ و هیچ داهاتوویه‌کی روون نابینم.

 

هەروەکو لە دوایین فیلممدا بینیوتانە، بەشێک له‌ گرفته‌کانی کاری سینه‌ما و به‌شێک لە ئازار و مەینەتی گەلەکەمم خستووەتە بەرچاو کە لە سەردەمی سەددامەوە دەستی پێکردووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.  هەروەکو خۆتان ئاگادارن، کوردستان سێ ساڵ لە ئاست دڕندایەتی داعش وەستا و لە جیاتی گشت جیهان بەرەوڕووی ئەم هێزە نامرۆییە بووەوە و بۆ به‌ره‌نگاری له‌ خه‌ڵک و کولتووری کوردستان شەهید و بریندار و ئاوارەی زۆری لێ کەوتەوە.

 

خه‌ڵکی کوردستان پاش شکستهێنان بە هێزی داعش لە خاکەکەیدا ویستی مافی چارەنووسی خۆی بە ویستی خۆی دیار بکا و بەوپەڕی ئازادییەوە چووە سەر سندووقەکانی دەنگدان و زیاتر له‌ 92% خەڵکی وڵاتەکەم دەنگیان بە سەربەخۆیی دا. بەڵام سێ حەفتەی نەخایاند و سەر لە نوێ کەوتە بەر شاڵاوی کوشتن و گەمارۆی سوپایی و ئابووری حکومەتی بەغدا و دراوسێکانی و ئێستا کە ئەم چەند دێڕەتان بۆ دەنووسم، کوردستان لە گشت لایەکەوە گەمارۆ دراوە و هەموو رێگاکانی زەمینی و ئاسمانی لێ گیراوە و جیهانی دەرەوەش، بەداخەوە، چاو و گوێی خۆی لە ئاست ئەم کارەساتە نامرۆییە داخستووە.

 

سه‌ره‌ڕای ئەوەی‌ کاری سینه‌ما له‌ کوردستان هه‌میشه‌ کارێکی سه‌خت و پڕ لە کێشه‌ بووه،‌ به‌ڵام ئێستا کاری کولتووری و بەتایبەت سینه‌ما بەرەوڕووی کێشەی جیدیتر بووەتەوە و ئەم پرسە هەمیشە لە زەینمدا دەخولێتەوە که‌ بۆچی  بوونی ده‌یان ساڵه‌ی خه‌ڵک و هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ کوردستان و عێراقدا یارمه‌تی پرۆسه‌ی دیموکراسی و گه‌شه‌کردنی کولتوور و هونه‌ر نادا و نەیداوه‌؟ ئه‌و ئه‌مریکیانه‌ی له‌ کوردستان بینیومن بۆچی بەس باسی چەک و نەوت و شه‌ڕ ده‌که‌ن؟ بۆچی که‌مترین یارمه‌تیان بە بوژاندنەوەی فەرهەنگ و هونه‌ر و بەتایبەت سینه‌ما نه‌کردووه‌، له‌ کاتێکدا کە ئه‌مریکا به‌هێزترین وڵاتی جیهانه‌ لە بواری سینه‌ما و هونه‌ردا.

 

جەنابی کریستوفێر

من وەکو سینەماکارێک هەرگیز بیرم له‌ جێهێشتنی وڵاته‌که‌م نه‌کردووەتەوه‌، ته‌نانه‌ت لەم هەلومەرجە نامرۆییەدا هێشتا خەون بە ئاشتی و ئاسوودەیی گەل و وڵات و ناوچەکەمانەوە دەبینم و بیر لە بەرهەمهێنانی فیلم و گەشەی فەرهەنگی دەکەمەوە، سەرەڕای ئەوەی هەمیشە فیلمه‌کانم به‌ سەختی و ئازارێکی زۆرەوە بەرهەمم هێناو، بەڵام دەتوانم بڵێم: هیچ گه‌شبین نیم که‌ رۆژێک له‌ هه‌لومه‌رجێکی ئاساییدا کاربکه‌م.

 

ببورن به‌م هه‌واڵە ناخوشانەوە دڵگیرم کردوویت، بەڵام ویستم که‌مێک لە بارودۆخی وڵاته‌که‌م و دۆخی سینه‌ما و هونه‌ری ئەم هەرێمە ئاگاردار بن و داواکارم که‌ له‌م بارودوخه‌ سه‌خته‌دا ئێوه‌ش پشتگیری ئێمه‌ بکه‌ن".

 

شەوکەت ئەمین کورکی، لەرێگەی چەندین کورتەفیلم، دیکۆمێنتاری و فیلمی درێژ، خەڵاتی بەدەستهێنا، دوایین فیلمیشی بەناوی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بوو.

 





ئەم هەواڵە 1390جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad