English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دیپلۆمانتکارێکی ئەمریکی: ئەمریکا قەت لە عێراق تێنەگەیشت
2017-11-02 [03:57 AM]

ZNA- هەولێر


 

ئەمریکا قەت لە عێراق تێنەگەیشت، ناونیشانی وتارێکی ڕۆبەرت فۆر باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا و جێگری باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراقە. ڕۆبێرت فۆر لە وتارەکەیدا کە لە ڕۆژنامەی ئەتڵەنتیک بڵاو کراوەتەوە، باس لە ‌وەڵامی حکومەتی عێراق دەکات بۆ ڕیفراندۆمی کوردستان و دەڵێت "بەغدا سوپای وڵاتەکەی و میلیشیای شیعەی نارد بۆ سەر کوردەکان لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان،  ئەو کردەوە توندڕەوییەی عەبادی لەوە ھاتووە کە دەڵێت دەبیت کوردەکان لە چوارچێوەی عێراقدا بمێننەوە بەھەر نرخێک بیت و ھەرچی پێویست بیت دەیکات"

 

بۆ ئەمریکا، ئەو شەڕە کورتە لەناکاوە ڕاستییەکی تاڵ ئاشکرابوو کە خەونەکەی بۆ عێراقی یەکگرتووی دیموکراتی فیدراڵ کۆتایی ھاتووە، بە دەقیقی ئەوکاتە کۆتایی ھات کە ئەمریکا و ھاوپەیمانانی سەرکەوتنێکی گەورەیان لەسەری داعشدا بەدەست ھێنا، شەڕی کورد و عەرەب دژی داعش بە پاڵپشتیی ئەمریکا بوو، بەڵام لە کاتیکدا شەڕەکە بەرەو کۆتایی دەچوو، ئەمریکا پلانیکی سیاسی نەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشە تایەفی و تاکڕەویەکان کە پێشبرکێیانە بۆ دەسەڵات و سەرچاوەی لەدایکبوونی داعش بوو.

 

نووسەر لە وتارەکەیدا باسی پێداگرییەکانی مسعود بارزانی دەکات لە کاتی نووسینەوەی دەستوردا و دەڵێت "لە ساڵانی ٢٠٠٤-٢٠٠٦  لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوا و باشووری عێراقەوە ئەمریکییەکان و ھاوپەیمانانی و ھەموو ئەوانەی کە ئامانجیان سەرچاوەی ئارامی بوو پەلامار دەدران، لەکاتەدا پەرلەمان ھەڵبژێردرا و دەستیان بە نووسینەوەی دەستوور کرد، ئێمەش دەوری ئەوەمان دەبینی کە ئامانجمان بوو حکومەتی نوێ ئاسایش و ئەمنیەتمان لێ وەربگرێتەوە و بتوانین بکشێینەوە. لەوکاتەدا کورد خاوەنی حکومەت و پێشمەرگەی خۆی بوو بارزانی بە ئێمەی گوت (ئێمە دەتوانین ئێستا سەربەخۆ بین بەڵام لەگەڵتان دەبین)، مانەوە لەگەڵ عیراق کە بە خواست و ئازادانە بوو، کورد جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە وشەی ئازادی تیدا بیت بۆ ئەوەی چۆن بەشداریکردن ئازاد بوو جیھێشتنیش ئازاد بیت"

 

ڕۆبێرت فۆر ھەروەھا دەڵێت "لە ساڵی ٢٠٠٥ و ساڵەکانی دواتریش بارزانی ھەموو کات جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە تەنیا بەو مەرجە لەگەڵ عێراقدا دەمێننەوە ئەگەر بەغدا ڕێز لە خواستە دەستوورییەکانی کورد بگرێت و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت ، ئێمە بە خێرایی پەیمانمان دا کە بەدڵنیاییەوە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئەو پەیمانەمان ھەرگیز نەبردە سەر لەماوەی ٤ ساڵ و نیوی کارکردنمدا لەوێ تەنیا پرۆسەی ھەڵبژاردنمان بە درێژەدانی بارودۆخەکە ‌و نێوەندگیری نێوان بارزانی و بەغدا و سوپای عێراق و دڵنیابوون لەوەی سوننەکان بەشداری حکومەتەکە دەبن، بەڕێکرد."

 

دەربارەی کیشەی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکانیش، ڕۆبەرت فۆر باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا و جێگری باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت "دەمانزانی شکستی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی ناوچە کێشە لەسەرەکان ترسناکە، لە ساڵی ٢٠٠٨-٢٠١٠ باڵیۆز ڕایەن کرۆکەر کۆبوونەوەی بە ستافی باڵا دەکرد و ئەوە پێشبینی کرا ئەگەر ئێمە کیشەی کەرکوک بە چارەسەر نەرکراوی بەجێ بێڵین ئەوا عێراق دەڕووخێنیت".

 

ھەر دەربارەی کەرکورک، نووسەر ئاماژە بەوە دەکات "با دادپەروەر بین کوردەکان ھێزیان بۆ گرتنی کەرکوک بەکار نەھێنا، بەڵکو ئەگەر کورد نەبوایە ئەوا داعش بە دڵنیاییەوە کەرکوک و بیرە نەوتەکانی دەگرت و سوپای عێراق لاواز بوو، ئەوەش بووە سەرچاوەی کێشەی زیاتر لە نێوان بەغدا و ھەولێر، ئەمریکاش ھیچی نەکرد تەنیا جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە دەبێت ھەردوولا کێشە کۆنەکانیان وەلاوە بنین و تەنیا چاویان لەسەر شەڕی داعش بێت."

 

دەربارەی ڕیفراندۆمی کوردستانیش ڕۆبەرت فۆر دەڵێت: "عەبادی و بەرپرسانی بەغدا ڕیفراندۆم بە نایاسایی دادەنێن، بەڵام ھیچ ماددەیەکی دەستوورە نییە بۆ ڕێگری لە ڕیفراندۆمی کوردستان کە عەبادی داوای دەکات بە پێچەوانە %٩٣ خەڵکەکە دەنگیان پیداوە و متمانەی ئەوانی ھەیە، عەبادی کە ئێستا بەپشتی ئێران و ئەمریکا بەھێزترە گفتوگۆی دوای ڕیفراندۆمی لەگەڵ کورد ڕەتکردەوە و تەنانەت دوای گرتنی کەرکوکیش ڕەتیکردەوە دیالۆگ لەگەڵ کورد بکریت"

 

ڕۆبیرت پێی وایە دەستووری عێراق ھەرگیز جێبەجێ نەکراوە ‌و شەراکەتی ڕاستەقینە لە عێراق نەبوو و دەڵیت: ڕاستە سەرۆک کۆمار کوردە، بەڵام دەسەڵات بەڵای شیعەدا کەوتووە و لای سەرۆک وەزیرانە، پەیوەندییەکانی دەرەوە ‌و سوپا ھەمووی لای شیعەکان و کورد ڕێژەی لە سوپادا بۆ %١ دابەزیوە و دوورخراونەتەوە. ھیوا بۆ شەراکەتی ڕاستەقیتە لە ساڵی ٢٠١٦ نەما ئەو کاتەی عێراق وەزیری دارایی کە بەرپرسێکی باڵای کورد بوو دوورخستەوە ئێستا سوننە و کوردەکان لە ھیچ دەسەڵاتیکی باڵادا نین.

 

لە ‌سەردانەکەیدا بۆ عێراق لە ٢٤ی ئۆکتۆبەردا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی دەبێت میلیشیاکان برۆنەوە ماڵەوە، بەڵام عێراق وەڵامەکەی ئەوە بوو (با ئەمریکا تەداخولمان نەکات). دوو ڕۆژ دواتر ڕێکس تیلەرسن وتی: عێراقییەکان فارس نین و عەرەبن کە بەدڵنیاییەوە کورد و پیکھاتەکانی دیکەی نیگەران کرد، لەساڵی ٢٠٠٥ کورد ڕەتیکردەوە نووسراویک واژو بکات کە ‌دەڵێت عێراق بەشێکە لە ئوممەی عەرەبی.

 

لە کۆتایی وتارەکەیدا ڕۆبەرت فۆر دەڵێت: دوای ھەموو ئەوانە پێ دەچیت ئەمریکا لە عێراق تینەگات کە کێشەی ئەوان تەنیا ئێران نییە،‌ بەڵکو کێشەی ناوخۆییان زۆرە، بەرپرسانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکاتی دروستبوونی کیشەکاندا بەپەلە دەکەونە نێوەندگیری، بەڵام دەبیت ئەمریکا ڕێ لەو خەمگینییەی بگرێت و کرداری ھەبێت بە ھەستیاری و ئاگاداریی زیاتر لە ئەسڵی عێراق.





ئەم هەواڵە 805جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
مارێک ئافرەتێک قووت دەدات , تکایە سەرووی ١٨ ساڵ
یەکەم جارە ماسی لەم شێوەیە ببیندرێت
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad