English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە بەردەم گێژەڵوكەی رۆژگاردا چی بكەین؟
2017-11-08 [10:35 AM]

نووسینی: دڵشاد مستەفا وەسانی


لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا ٢٧ ساڵ بۆ کورد لە ھەرێمی کوردستان دۆخێکی جیاواز بووە، لەم ماوەیەدا لەگەڵ زیادبوونی ئومێد، دڵەڕاوکێی پاشەکشەش ھەبووە، ھۆی ئەمەش بۆ ھەلومەرجی نێودەوڵەتی و ناوخۆی کوردستان دەگەڕێتەوە، لێ دووەمیان بەلای خەڵکی کوردستانەوە ناسۆرترە، چونکە بەردەوام دوژمنانمان سوودیان لە کەلێنی نێوان ھێزە سیاسییەکان وەرگرتووە، ناتەبایی گورزی کوشندەی لێداوین، لێنەگەڕاوە لەبەردەم گێژەڵوکەی رۆژگاردا، ھەر لایە و بە پرۆژەیەکەوە، خۆی بۆ پرۆژەیەکی ھەمەلایەنی کوردستانی ئامادە بکات، بەداخەوە بیرازکردنەوەی ناکۆکی، بارودۆخی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی بۆ حزب دەقۆزێتەوە نەک نیشتمان.
ھەر کاتێک خۆمان ھەبووبین، دەرفەتیش باشتر و تا رادەیەک خێراتر ھاتۆتەپێش، ھەندێ جاریش تەبایی و یەکڕیزی کوردستان، ئیرادەی نێودەوڵەتی رۆڵی لە ھاتنەکایەی ھەبووە، راپەڕینی ١٩٩١ بە یەکگرتوویی کرا، بەرھەمەکەی دوای ساڵێک و دوو مانگ، ھەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوو، لە ١٩٩٤ تا ١٩٩٨ شەڕی ناوخۆمان کرد، رێککەوتنی واشنتۆن لە ئەیلوولی ١٩٩٨ لە نێوان بارزانی و تاڵەبانی لەسەر دەستی مادلین ئۆڵبرایتی وەزیری دەرەوە ئیمزا کرا، بەمەش کۆتایی بە رەشترین رۆژگار ھات و لاپەڕەی نوێ ھەڵدرایەوە، دواتر زەمینەیەک رەخسا و دیسان کورد بە یەکگرتوویی لە رووداوەکانی ٢٠٠٣ ی کۆتایی ھاتنی رژێمی سەدام و سەرەتای قۆناغێکی نوێ ئامادە بوو.
دەستمان بۆ گەورەترین پرۆژە برد، بەڵام دیسان ناکۆکیی حزبی پەندی پێکردین، خەڵکی کوردستان بە رێژەی نزیکەی ٩٣% دەنگی بە سەربەخۆیی دا، بەڵام کە گەلەکۆمەکیی عێراق و ئێران و تورکیا و تەنانەت سوریا لە سایەی بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ھەڕەشەکانی لە سەر زەوی جێبەجێ کرد، ھەندێ لایەن خۆیان بە سەرکەوتوو زانی و بزەیان کەوتە سەر لێوان، ئەمەیان بە شکستی کورد و غەدری گەورە لە نیشتمان نەزانی، بەڵکو بە کەوتنی پارتی و ئەو حزبانەیان لە قەڵەمدا کە پێیان وابوو ریفڕاندۆم ئامرازە بۆ سەربەخۆیی و داڕشتنی گوتارێکی یەکگرتووی پتەو.
ئەوەی تێبینی دەکرێ، ناوچەکە بەرەو دۆخێکی ناھەموار دەڕوات، راستە ئێمە لە ١٦ ی ئۆکتۆبەر، بە گەلەکۆمەی دەوروبەر، بەڵام بە تەقینەوەی رقی کۆنی ناکۆکیی حزبی لە کەرکووک، خراینەوە ناو دەستورێک کە بەغدا خۆی لە جێبەجێکردنیدا دەدزێتەوە.
عێراق دەیەوێ کۆتایی بە ھەرێمی کوردستان بێنێت، ھێشتا ئەمەریکا و دەوڵەتانی دی ئیشیان بە ناوچەکە ھەیە و خەریکی جێبەجێکردنی بەرنامەکانیانن، بەڵام ھێدی ھێدی، ئەو پەلە پەلییەی لە ئێمەیە لەوان نییە، ئێستا لەبەردەم گێژەڵوکەی رۆژگارداین، ئەوە دەوڵەتانی داگیرکەر لە بۆسەدان، ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانیشی لە جیھان و ناوچەکە، خەریکی خۆخڕکردنەوەن بۆ رووبەرووبوونەوەی ئێران، ئێمە لە حاڵەتێکداین ناتوانین سەیری رووداوەکان بکەین و خۆمان بێلایەن پیشان بدەین، وەگەڵ ھەڵڵاش نەکەوین ھەر دەبینە سووتەمەنی، بۆیە باشترە یەکگرتووبین و قسەیەکمان ھەبێت.





ئەم هەواڵە 3832جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad