English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کارتێکی ناچاری لە بەردەم کوردستان
2017-11-19 [07:17 AM]

نووسینی: کارزان سەباح هەورامی


جگە لە گفتووگۆ لەگەڵ بەغدا، لەم قۆناغەدا، هیچ رێگاچارەیەکی دیکە نییە، کوردستان بۆ ئەم قۆناغە هەردەبێت لەدەرگای بەغدا بداتەوە، چونکە گرفتی بودجەی هەیە، پێشووتر نەوتی کەرکووک لەبەردەست بوو، ناچار نەبوون ملکەچی کۆمەڵێک فشاری بەغدابین، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە دەبێت گفتووگۆ بکەین، چونکە کوردستان هێشتا دوابژاردەی بەردەمی بریتیە لەبەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، کەوایە گرنگە گفتووگۆکان بەردەوامی هەبێت، چەندجارێک هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیووە لەوبارەوە، بەڵام  حکوومەتی عێراق وەڵامی داواکارییەکانی نەداوەتەوە، عێراق تووشی غروری سیاسی بووە، بەتایبەت دەسەڵاتی شیعە لە عێراقدا، چونکە لە بەسرە تا چیاکانی کوردستان هەست بەوە دەکات، بەربەستی لەبەرانبەر نەماوە، بەتایبەت لەدوای رادەستکردنی کەرکووک و هێرشی حەشد بۆ سەر پێشمەرگە و کۆتایی بەهەناردەی نەوتی کەرکووک لەلایەن کوردستانەوە، لەئاستی سوننەی عێراقیش. شیعەکان توانیان شتێک بەناوی سوننەی سیاسی نەهێڵن، هەرچی سەرکردەی دیاری سوننە هەبوو، لەلایەن سەرکردایەتی شیعەوە کڕاون، ئەوەشی ماوەتەوە، بەتۆمەتی تیرۆر، بەرەو دەرەوەی عێراق راونراون، ئێستا کوردستان چاوی لەوەیە کە بەغدا رێککەوتنی لەگەڵ بکات و مووچەی فەرمانبەرانی بدات، لەئاستی سیاسیش دۆخی ناوخۆی کوردستان باش نییە، کورد لە پەرلەمانی عێراق کراوتە ئامانج، زۆر پرۆژە یاساهەیە، بەبێ رەزامەندی کوردستان لەپەرلەمان تێدەپەرێنرێت، کەوایە لەئاستی سیاسی کوردستان لەبەردەم تەحەدایەکی گەورەدایە.

پێش ڕیفراندۆم کوردستان کۆمەلێک کارتی لەبەردەست بوو، بەڵام هەندێک لەوکارتانە رەنگە بۆ ئەم قۆناغە بەسەر چووبن، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە مادام کوردستان بڕیاری داوە بەشداری لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکات و بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات، دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە بەو چەند کورسییەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق شەری پێناکرێت، بەتایبەت ئێستا دروشمی عێراق بوەتەوە ئەوەی کە زۆرینەی سیاسی بڕیار بدات، بۆیە بژاردەیەکی ناچاری لەبەردەم کوردستان هەیە، رەنگە لەهەموو بژاردەکان باشتربێت ئەویش ئەوەیە کە کوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق لیستێکی هەڵبژاردنی بکاتەوە و رێککەوتن لەگەڵ سوننە بکات، بۆ ئەوەی پێکەوە بەیەک لیستی بەشداری هەڵبژاردنەکا بکەن، هەڵبەتە ئەو سوننەی نا کە نووری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق، کڕیویەتی ئەو سوننە کە نوێنەرایەتی دەنگی نارازی دەکات، کوردستان لەم پلانەسیاسییە دەتوانێت سەرکەوتووبێت، سوننە لە هەڵبژاردنی رابردوو (٩١)کورسی هەبوو، ئەگەر لەگە کوردستان هاوپەیمانی بکەن، ژمارەی کورسییەکانیان لە (١٠٠)کورسی زیاتر دەبێت ئەو کاتە دەنگی کورد بەسوننەشەوە بەهێز دەبێت، رێگا بەهیچ پرۆژەیەک نادرێت بەبێ ئەوان تێپەربێت، هەڵبەتە ئەمە بژاردەیەکی ناچارییە، چونکە لایەنی خراپیشی هەیە، بەڵام زۆر لەوە باشترە کە کورد بەتەنیا بکەوێتە بەرانبەر ئەو هەموو کورسیەی شیعەکان.

سوننەی عێراق بەقەد کورد چەوساوەن، رەنگە کوردستان خاوەنی سەرکردایەتی سیاسی خۆی بێت و بڕیاری خۆی هەبێت، سوننەکان ئەوەشیان نییە، سەرگەردانن، بەشێکی زۆریان ئاوارەی کوردستان بوون، بەشێکی دیکەیان ناچار بوون بەمل کەچ بوون بەو واقعەی لە عێراق هەیە، بۆیە باشترین بژاردەش بۆ سوننە ئەوەیە لەگەڵ کوردستان رێککەوێت، رەنگە ئەو کاتە هاوبەشی هەردووکیان وابکات کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وڵاتانی عەرەبیش بێنەسەرخەت، لەوەدەچێت ئەمە ئاسنتریش بێت، چونکە گەنجێکی زۆری عەرەبی سوننە لەریزی پێشمەرگەن و سنووریشیمان هاوبەشی یەکترە.

.





ئەم هەواڵە 1855جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad