English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی: ٩٥ لەسەدی کاڵا و پێداویستییەکان لە دەرەوەی وڵاتەوە دێن
2017-11-21 [03:50 AM]

ZNA- هەولێر


 

بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێم، رێژەی ٥٢ لەسەدی شمەکە ھاوردەکراوەکان لە سنوورەکانەوە لە تورکیاوە دەھێنرێن و ٤٠ لەسەدی لە ئێرانەوە دەھێنرێن.

 

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نەوزاد ئەدھەم لە ھەفپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی جووڵەی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان و وردەکارییەکانییەوە رایدەگەیەنێت "لە راستیدا ھەرێمی کوردستان و عێراق بە زۆری پابەندە بە چالاکی بازرگانییەوە، واتە عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستانیش بەتایبەت ئەو جۆرە پیشەسازییەی نییە کە تەنھا پشت بە بەرھەمی ناوخۆ ببەستێت، بەڵکو ٩٥ لەسەدی کاڵا و پێداویستییەکان لە دەرەوەی وڵاتەوە دێن، ئەوەشی زیاتر رێژەیەکی زیاتری لە ھێنانی ئەو کاڵایانە بەرکەوتووە دەروازەی ئیبراھیم خەلیل-ە کە لەگەڵ تورکیایە. لەم دەروازەیە ساڵانە لە نێوان ٨ بۆ ١٠ ملیار دۆلار شمەک و کاڵا دێیتە ناو ھەرێمی کوردستان و عێراق".

 

ھەروەھا دەشڵێت "سەبارەت بە ئێرانیش دەتوانیین بڵێین نزیک بە نیوەی ئەو بڕە واتە لە نێوان ٤ بۆ ٥ ملیار دۆلار ساڵانە شمەک لەو وڵاتەوە ھاوردە دەکرێت، ئەوانیش لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران، باشماخ، پەروێزخان و سەیرانبەن و ئەو دەروازانەی فەرمیین دێنە ژوورەوە، ھەروەھا لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانی ھەندێک کاڵا دەھێنرێتە ھەرێمەوە، بەڵام بەگشتی نیوە زیاتری ئاڵوگۆڕی بازرگانی ھەرێم لە رێگەی ئیبراھیم خەلیل-ەوە دەبێت کە رێژەی ٥٢ لەسەدی ئەو ئاڵوگۆڕە دەکات". گوتیشی: "ئەگەر بێت و بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤، ئەوا بە ھۆی قەیرانی داراییەوە رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی کەم بوویەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە ساڵی ٢٠١٧، بە ھۆی رزگارکردنی سێ لەسەر یەکی خاکی عێراق کە پێشتر بەدەستی داعشەوە بوون ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیادی کرد و ئێستا ئاڵوگۆڕێکی بازرگانیی زۆر ھەیە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و مووسڵ و دیالە و تکریت و ناوچەکانی دیکەی نزیک بە ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا ناوچە کێشە لەسەرەکانیش".

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە کێرڤێکی زۆر باش بەرز دەبێتەوە ئەوەش بە ھۆی وەرگرتنەوەی مووسڵ و ناوچەکانی دیکە لەدەستی داعش.

 

نەوزاد ئەدھەم لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لەو شمەکانە دەکات کە بەزۆرینە لە دەروازە سنوورییەکانەوە دەھێنرێنە ناو ھەرێمی کوردستانەوە و روونی دەکاتەوە "ئەو جۆرە کاڵایانەی دەھێنرێنە ناو ھەرێمی کوردستانەوە بە پلەی یەکەم خۆراکە، چونکە تا ئێستاش ھەرێمی کوردستان ئابڵوقەیەکی ئابووریی لەسەرە، بۆیە ھاووڵاتی پتر ئەو شتانە دەکرێت کە پێویستی رۆژانەیە و بەتایبەت خۆراک بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشتر کە خەڵک زیاتر بەرەو کەمالیات دەچوون، پاشان جلوبەرگ بە پلەی دوو و پاشان کەرەستەی ئەلیکترۆنی و دواتر کەرەستەی بیناسازی و دواتریش کەرەستەی پیشەسازی دێت".

 

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نەوزاد ئەدھەم لە درێژەی ھەفپەیڤینەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت "داتا و زانیارییەکانی ئێمە کە بە شێوەی نزیکیین و گۆڕانکاریی بە پێی مانگ و ساڵەکان و باروگوزەرانی خەڵک دەگۆڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر رێژەی ٥٢ لەسەدی شمەکەکان لە تورکیاوە ھاوردە بکرێن و رێژەی ھەشت لەسەدیش بدەین بە فڕۆکەخانەکان ئەوا رێژەی ٤٠ لەسەدی ئەو شمەکانەی دێنە ھەرێمی کوردستانەوە لە ئێرانەوە و لە سنوورەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەروێزخان و سەیرانبەن و سنوورەکانی دیکەوە دێن، ٢٥ لەسەدی کۆی ئەو شمەکانەشی ھاوردەدەکرێن بۆ پێداویستییەکانی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە و ٧٥ لەسەدیش بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەڕوات".

 

ھەروەھا رایدەگەیەنێت ژمارەیەک لە دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان شێوە تایبەتمەندێتییەکیان لە کاڵا و شمەکەکان وەرگرتووە، لەوبارەیەوە ئەدھەم دەڵێت "بە پێی بەدواداچوون و زانیارییەکانی ئێمە ژمارەیەک لە دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان تایبەتمەندێتییان وەرگرتووە، بۆ نموونە دەروازەی حاجی ئۆمەران زیاتر ئۆتۆمبیلی لێوە دەھێنرێتە ژوورەوە، چونکە قەبارەی ئۆتۆمبیل گەورەیە و بازرگان ھەوڵ دەدات لە رێگەیەکەوە بیھێنێت خەرجیی کەمتر بێت، لەبەر ئەوەی خەرجیی ھێنانی کەلوپەل لە رێگەی دەریاییەوە کەمترە، بۆیە ئۆتۆمبیل لە رێگەی بەندەر عەباس و دواتر بۆ دەروازەی حاجی ئۆمەران و دواتر بۆ ناو ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا بۆ نموونە دەروازەی باشماخ جگەرە و ئەلیکترۆنیاتی زیاتر لێوە دەھێنرێت، ھەروەھا فڕۆکەخانەی سلێمانی پێش داخستنی زیاتر ئاژەڵی زیندوو لەوێوە دەھێنران کە رێژەی ٧٥ لەسەد بوو".

 

نەوزاد ئەدھەم سەبارەت بە ئیبراھیم خەلیلیش گوتی: "بەگشتی لە رێگەی ئیبراھیم خەلیل-ەوە زیاتر خۆراک دێت و لە دەروازەکانی ئێرانەوە کەمتر خۆراک دێت و پێداویستیی دیکە دێت، ئەوەش پەیوەستە بە خەرجیی ئەو کاڵایەی دەگاتە ھەرێمی کوردستان، بە پێی زانیارییەکانی ئێمە ساڵەکانیش جیاوازن لە رووی ھاوردەکردنی شمەکەوە، ھەروەھا نابێت ئەوەشمان بیربچێت تەنھا شمەکی ئێرانی و تورکی لە دەروازەکانی ھەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە ناھێنرێنە ھەرێمەوە، بەڵکو لە ئەورووپا و لە شوێنی دیکەشەوە دێن، بەتایبەت لە تورکیا لە رێگەی بەندەری مێرسین-ەوە دەھێنرێن".

 

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات ساڵانە نزیکەی ١٨ ملیار دۆلار شمەک و کاڵا دەھێنرێتە عێراقەوە لە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستانەوە، لەوبارەیەوە دەڵێت "دەتوانیین بڵێین بەگشتی ساڵانە نزیکەی ١٨ ملیار دۆلار لە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێرانەوە شمەک و کاڵا ھاوردە دەکرێت، رێژەی ٧٥ لەسەدی ئەو کاڵا و شمەکانە بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەڕوات و رێژەی ٢٥ لەسەدی بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت. واتە ھەرێمی کوردستان وەکو سەنتەرێکی بازرگانییە بۆ دابەشکردنی شمەک و کاڵا بەسەر پارێزگاکانی عێراق".

 

لەبارەی داخستنی ئێران بۆ سنوورەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، نەوزاد ئەدھەم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت ئێران زیانی بەرکەوتووە و ھەرێمی کوردستانیش زیانی ھەبووە. لەوبارەیەوە ناوبراو دەڵێت "ئاسانکاریی لە سنوورەکان وادەکات کە بازرگان روو لەو سنوورانە بکات کە ئاسانکاریی تێدا دەکەن، کاتێک ئێران دوو دەروازەی سنووری داخست و تەنھا دەروازەیەکی واڵاکردووە ئەمە وایکردووە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی کەم بێتەوە، بەمەش ئێران زەرەری کردووە، چونکە ئێستا بازرگانەکان لە رێگەی ئیبراھیم خەلیل شمەک دەھێنن".

 

ھەروەھا دەشڵێت ئێستا مۆڵەتەکان بۆ ھێنانی کاڵا و شمەک لە رێگەی دەروازەی ئیبراھیم خەلیل-ەوە زیاتر بووە، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەریمی کوردستان روونی دەکاتەوە "بەدڵنیاییەوە ئەو مۆڵەتانەی ئێمە لە وەزارەتی بازرگانی دەیدەین زۆرینەی بۆ دەروازەی سنووریی ئیبراھیم خەلیل-ە و دواتر باشماخ دێت، ئێران ھێشتا دوو دەروازەی سنووریی بە رووی ھەرێمی کوردستاندا داخستووە لە سێ دەروازە، ھەروەھا بۆ ھەرێمی کوردستانیش زەرەری ھەبووە، چونکە ئێمەش رسومات و گومرک لە دەروازە سنوورییەکان وەردەگرین وەکو حکوومەتی ھەرێم، نابێت ئەوەش لە بیربکەین کە لە ئێران چەندین کارگە ھەن تەنھا بەرھەمەکانییان بۆ ھەرێمی کوردستانە، بۆیە ئەوان زۆر زەرەریان کردووە، ئەم مەسەلەیە ھەمان شت دەبێت بۆ تورکیاش".

 

سەبارەت بە زیادکردنی باج لەسەر ھەندێک کەلوپەل و شمەک، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی، نەوزاد ئەدھەم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت "شتێک ھەیە لەوەی باج لەسەر مەی و جگەرە زیاد بکرێت، ئەوەش شتێکی جیھانییە زیادە باج دەخرێتە سەر ئەو شمەکانە بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاسانی دەستی نەکەوێت، ئەمەش پێشنیازی وەزارەتی داراییە و لە عێراقیشدا پەیڕەو دەکرێت".

 

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێم، نەوزاد ئەدھەم تیشک دەخاتە سەر دەروازە سنوورییەکانی ھەرێم لەگەڵ تورکیا و ئەگەری کردنەوەی دەروازەیەکی دیکە، لەوبارەیەوە دەڵێت "قسەیەک ھەیە دەروازەیەکی دیکە بکرێتەوە لە نێوان عێراق و تورکیا، ئەویش دەروازەی ئۆڤەچۆییە لە سێ گۆشەی عێراق، سووریا، تورکیا کە لەوێوە بۆ تەلەعفەر و ئەوانە دەڕوات و دواتر بۆ مووسڵ و ئینجا بەغدا، ئەوەش زەرەر لە ھەرێمی کوردستان دەدات، چونک ئەگەر بکرێتەوە ئەوا تەنھا رێژەی ٢٥ لەسەدی پێداویستییەکان دێنە ھەرێمەوە و ٧٥ لەسەدی ئەو شمەکانەی دیکە دەچنە رێگەکەی دیکە، بەڵام بەگشتی ئەو رێگەیە ئاسایش نییە، وەکو ئەوەی لە ئیبراھیم خەلیل ھەیە".

 

سەبارەت بە زیادکردنی رێگەیەکی دیکە و کردنەوەی پردێکی دیکە لە خابوور بە رووی ھەرێمی کوردستاندا دەڵێت "زیادکردنی رێگەی دیکە لە خابوور ئەو کاری لەسەر دەکرێت و بۆ ئەوەیە ھاتوچۆی ئاسانتر بێت و ئەمە لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەوی تر لە زەرەری ھەرێمی کوردستان و قازانجی عێراقە، ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە لە رێگەی ھەرێمی کوردستانەوە دێن ئیتر کەم دەبێتەوە".

 

ھەروەھا لەبارەی چالاکییە بازرگانییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا دوای رووداوەکانی کەرکووک و بڕینی رێگەی ھەولێر-کەرکووک، نەوزاد ئەدھەم دەڵێت "بە ھۆی رووداوەکانی کەرکووک چالاکی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق کاریگەر بووە بە رووە نێگەتیڤییەکەی، بەو شێوەیەی دەیبینین رێگەکان کراوەنیین، چەند رۆژێکە رێگەی پردی بەغدا گیراوە، رێگەی دیکە دەگیرێت و دەکرێتەوە، بۆیە لە ماوەی ئەو مانگەدا کاریگەریی لەسەر چالاکی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەبووە".





ئەم هەواڵە 1657جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad