English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ئامێری پزیشکی بەبەھای نیو ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە نەخۆشخانەیەکی موسڵ
2017-11-21 [05:32 AM]

ZNA- هەولێر


 

بۆ بایەخدان بە دامەزراوە تەندروستییە حکوومییەکان دوابەدوای تەنگژەی موسڵ، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق ئامێری تەندروستی و کەرەستەی بەبەھای مەزەندەکراوی نیو ملیۆن دۆلار بەخشیە نەخۆشخانەی فێرکاریی ئەل سەلام لە ڕۆژھەڵاتی موسڵ.

 

ئامێرەکان بە پاڵپشتی دارایی بەشی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی حکوومەتی بەریتانیا و حکوومەتی کوێت دابین کراون.

 

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەینەوا ھەماھەنگی شمەکە بەخشراوەکانی کرد و نەخۆشخانەی فێرکاریی ئەل سەلامی ھەڵبژارد لە ڕۆژھەڵاتی موسل بۆ ئەوەی ئامێر و کەرەستەکان وەر بگرێت، بەھۆی ئەوەی نەخۆشخانەکە ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی بۆ دەچێت بەھۆی زیادبوونی لێشاوی خەڵکی گەڕاوە بۆ موسڵ، ئاوارەکان و کۆمەڵگە خۆجێییەکان. بەخشینەکە بە ئامانجی ئەوەیە کە یارمەتیدەر بێت لە سەقامگیرکردنی کۆمەڵگە لە ڕۆژھەڵاتی موسڵ.

 

پێش ڕادەستکردنی شمەکەکان لە مانگی تشرینی یەکەم )ئۆکتۆبەر(، ئامێرەکان و کەرەستەکانی تر لە نەخۆشخانەی مەیدانیی ڕێکخراوی نێدەوڵەتیی کۆچ لە حەمام عەلیل بە کار دەھێنران، ٣٠ کم لە باشووری موسڵ. لەو کاتەی کە دامەزرا لە مانگی ئاداری ٢٠١٧، چەند مانگێک دوای دەستپێکردنی شەڕی موسڵ، نەخۆشخانەی مەیدانیی حەمام عەلیل رۆڵێکی بەرچاوی گێرا لە پێشکەشکردنی چاودێری تەندروستی فریاکەوتن و چارەسەرکردنی نەخۆشەکان کە بەشێوەیەکی سەرەکی لەناوچەکانی پێکدادان لە ڕۆژئاوای موسڵەوە دەربەدەر ببون.

 

لەنێوان مانگی ئادار و ئەیلولی ٢٠١٧دا، نەخۆشخانەی مەیدانیی ڕێکخراوی نێدەوڵەتی کۆچ لە حەمام عەلیل خزمەتگوزاری پێشکەش بە نزیکەی ٩٣٠٠ نەخۆش کرد و ٦٦٤ حالەتی داخل کرد بۆ نەشتەرگەری لەنێویاندا نەشتەرگەری بۆ دەست و قاچی شکاو کە لە ئەنجامی پێکدادانەکان ڕوویان دابوو.

 

کەرەستە و ئامێرەکان کە بەخشراونەتە نەخۆشخانەی ئەل سەلام ئەمانە لە خۆ دەگرێت: مێزی نەشتەرگەری، ئامێری بێھۆشکردن، ئامێری ھەناسەی دەستکرد، مۆنیتەری پزیشکی، ئامێری پەمپی موغەزی، ئامێری بوژاندنەوەی دڵ، ئامێری تەعقیمی نەخۆشخانە، عەرەبانەی نەخۆش و ئامێری ئەشیعە و ئامێری تاقیگە و کەرەستەی تەندروستیی تر.

 

"ئەم بەخشینە لە کاتی خۆی بوو بەڕاستی چونکە توانای نەخۆشخانەکە دووھێندە دەکات بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی،" دکتۆر سەنگەر پیرداود، ڕێکخەری تەندروستی فریاگوزاری ڕێکخراوی نێودەولەتی کۆچ وای گوت. "ئەم بەخشینە بەشێکە لە چالاکییەکانی پەرەپێدانی تواناکان لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچەوە کە ڕۆڵی بنکە تەندروستییە حکومییەکان بەھێزتر دەکات بۆ ئەوەی باشتر خزمەتی نەخۆشەکان بکەن."

 

"ئەمە تاکە یەکەی چاودێریی چڕە کە ئێستا لە موسڵ کار دەکات،" دکتۆر رعد عەبدولھادی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەل سەلام وای گوت. لەبارەی ئامێرەکانی چاودێری نەخۆش و بووژانەوی دڵ کە وەکو بەشێک لە بەخشینەکە پێشکەش بە نەخۆشخانەکە کراون، دکتۆر رعد گوتی: "ئێمە زۆر پێویستیمان بەم ئامێرانە ھەبوو، ئەمانە ئامێری ژیانپارێزن، جا لە ژوورەکانی نەشتەرگەری بێت یان لە یەکەی چاودێری چڕ یان یەکەی فریاکەوتن بە کار بھێنرێن."

 

باڵەخانە بنچینەییەکەی نەخۆشخانەی ئەل سەلام - کە پێشتر نەخۆشخانەی سەرەکیی ڕۆژھەڵاتی موسڵ بوو - لە کاتی شەڕدا وێران بوو. لە ئاداری ٢٠١٧دا، نەخۆشخانەکە لە شوێنەکی نزیکی بینایە کۆنەکە دووبارە کرایەوە بە توانای لەخۆگرتنی ١٥٠ قەرەوێلە.

 

بە گوتەی دکتۆر رعد ڕۆژانە ٤٥٠ تا ٥٠٠ نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن، بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ چارەسەری ئێسک و ماسولکەکان ونەخۆشیەکانی دڵ و ھەناو و حالەتەکانی تر کە بەھۆی پێکانەوە دووچاری بوون لە ئەنجامی ڕووداوی ھاتوچۆ. نەخۆشەکان چارەسەر بە خۆرایی وەردەگرن.

 

وێڕای بەخشینی ئامێر و کەرەستەکان بۆ نەخۆشخانەی ئەل سەلام، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لەم دواییانە کەرەستە و ئامێری پزیشکیی بە بەھای زیاتر لە ٧٠ ھەزار دۆلار بەخشییە دامەزراوە تەندروستییەکانی تر لە ناوچەکانی تر لە عێراق. ئەو دامەزراوانەی تر کە کەرەستە و ئامێرەکانیان وەرگرت ئەمانە دەگرێتەوە: نەخۆشخانەی فێرکاریی ڕاپەڕین، نەخۆشخانەی فێرکاری ڕزگاری، نەخۆشخانەی نانەکەلی، بنکەی تەندروستی ڕاژان، نەخۆشخانەی فێرکاری ھەولێر، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژھەڵات (ھەموویان لە پارێزگای ھەولێر)؛ ھەروەھا بنکەی چاودێری تەندرو‌ستی سەرەتایی ئەل عەریج لە موسڵ، لەگەڵ بنکەی تەندرەستی گوێڕ.

 

دکتۆر ئیبراھیم خەلیل، بەڕێوەبەری تەجھیزات لە نەخۆشخانەی فێرکاری ڕزگاری گوتی: " ئێمە ڕۆژانە زیاتر لە ٥٠ نەشتەرگەری لە سێ ژووری نەشتەرگەرییەکانمان ئەنجام دەدەین؛ ھەبوونی موغەزی بۆ ئەم نەشتەرگەرییانە زۆر گرینگە. نەخۆشخانەکەمان بەبێ بەرامبەر خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵکی خۆجێی و ئاوارەکان و پەنابەرانی سووریش دەکات. ئەم کەرەستانە ژیانپارێزن بۆ ئێمە. کەمیی ئەم کەرەستانە بەھۆی دۆخی ئابووری ئێستا بارگرانییەکی زۆری خستووەتە سەر نەخۆشخانەکەمان، بەڵام ئەم کەرەستانەی وەرمان گرتوون بەلایەنی کەم بەشی ٢٠٠ نەشتەرگەری گەورە و ١٠٠ نەشتەرگەریی بچووک دەکات."





ئەم هەواڵە 463جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
شەڕە قۆچ لەگەڵ ئۆتۆمبێل دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad