English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بارزانی كێوە هەرە بەرزەكەی كوردستان
2017-11-28 [12:21 PM]

نووسینی: فەیسەڵ دەباغ


رۆژ نییە میدیا شیعییەكانی عیراق باس لە دەستبەرداری بارزانی نەكەن لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئیتر هەر یەكەو بە پێی بەرژەوەندی پێكهاتەكەی، كە گشتیان راستی بە خەڵكەكەی خۆیان ناڵێن و وا وێنای دەكەن كە پەیوەندی بە پرسی ریفراندۆمەوە هەیە .

هەموومان دەزانین ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی تەواو ببوو، پێویستیش بوو دەسەڵاتەكانی تا هەڵبژاردنی سەرۆكێكی تر، بە سەر حكومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی قەزاییەوە دابەش بكرێ.

بارزانی دەیتوانی بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئەویش دریژە بەكارەكانی بدات، بەڵام لە كەس نایشارمەوە خیانەتەكەی رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر وایكرد دەستبەرداری ئەو پۆستە بێ.

خیانەتەكە چاوەڕواننەكراو بوو بۆی، هیچ كاتێك رابینینی ئەوەی نەدەكرد بەدەستی كورد خەنجەری ژەهراوی ئاراستە بكرێ، بەتایبەتی لەپرسی سەربەخۆیی كە دەیویست لە ژیانیدا بیبینی.

بۆ مێژوو، لە 2005 كە پێشنیار كرا پۆستی سەرۆكی هەرێم وەرگرێ، من تاكە كەس بووم كە دژی ئەو پێشنیارە وەستام و بە نووسینیش ئاگادارم كردەوە كە ئەو پۆستە وەرنەگرێ بەهۆی لێكەوتە نەرێنییەكانی كە لە (5) خاڵدا چرم كردبوون، بەڵام بەداخەوە دەوروپشت و فشاری چەند لایەنێكی سیاسی وایكرد سەرەرای دوو دڵی پۆستەكە وەرگری.

ئیستاش كەس بە هەڵە تێنەگات بە دەستبەرداربوونی بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەریم، ئیتر رۆڵەكەی تەواو، بارزانی پێشمەرگە و وەكو پێشمەرگەش دەمینێتەوە تا دوا نەفەس . بارزانی نازناوی پێشمەرگەی لەلا زۆر گەورەترو پیرۆزتر بوو لە پۆستی سەرۆكی هەرێم. (17) ساڵە لە خزمەتی ئەودام رۆژێك نەمدیت شانازی بەو پۆستە بكات یان بەهۆی ئە پۆستەوە دەست لە كاروباری حكومەت و پەرلەمان و قەزاو وەربدات. خۆ پەرلەمان و قەزا هێلی سوور بوون، كەس بۆی نەبوو هەتا بەخۆیشی دەست لە كاروباریان وەربدات. بەڵام سەبارەت بە حكومەت بەش بە حاڵی خۆم گلەییم هەبوو، چونكە پێم وابوو لە هەندێ حالەتدا دەبوایە ئاگاداری وردەكاری هەندێ شت بێ و رۆڵیشی هەبێ لە راستكردنەوەی هەندێ رێرەو .

بارزانی وەك سومبڵ و كێوێكی هەر بەرز دەمینێتەوە و بە هیچ شێوەیەكیش پشت لە گەلەكەی ناكات وەك هەندێ میدیای ناو كوردستان راستەوخۆ یان نا راستەوخۆ ئاماژەی پێ دەدەن، دڵنیاشم ئەگەر تەمەن یار بێ گەلی كوردستان دەگەیەنێتە دوا ئامانجی كە ئەویش سەربەخۆییە . 

با عەبادیش دڵی خۆی خۆش نەكات ئەوەی لەكەركوك رووی دا لەشوێنی تریش روودەدەن. لە دەستدانی كەركوك و خورماتوو بە هۆی خیانەتەوە بوو، نەك شەڕ و پێكدادان.

من لەجیاتی عەبادی بم پەند و عیبرەت لە داستانەكانی پردێ و مەحموودییە و سحێلە و زومار و مەخمور وەردەگرم كە كاتێ چەقوەكە گەیشتە سەر ئێسقان پێشمەرگە قارەمانەكان لە ژێر فەرماندەیی بارزانی توانیان گورزێكی كوشندە ئاراستە هێزە پەلامار دەرەكان بكەن لە سوپای عیراق و پاسداران و حەشد.
بەڵی پاش خیانەتەكەی رۆژی 16 ی ئۆكتۆبەر كورد زەرەرێكی زۆری كرد، بەڵام ئەو زەرەرە بەواتای ئەوە نایەت بەغدا ئەو شەڕە دەباتەوە كە دژ بە هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە و بەو واتایەش نایەت كە لە جێبەجێكردنی رێكارە سیاسی و ئابوورییەكانیدا توانیویەتی بەسەر ئاڵنگارییەكانی هەرێمدا زاڵ بێ.
بەواتایەكی دیكە هێشتا بۆ بەغدا زووە، بەتایبەتی لە دۆخی ئێستای عیراقدا بڵێ: توانیم ریفراندۆم هەڵبوەشێنمەوە و خەونی بارزانی بۆ سەربەخۆیی لە بار ببەم وكورد بگەڕێنمەوە ناو بەیتولتاعە، وەك ئەوەی رۆژانە كەناڵە شیعییەكان بڵاوی دەكەنەوە .

كەس پەلە نەكات و كەسیش بە عەبادییەوە پێشوەخت حوكم لە سەر رووداوەكان نەدات، هەڵبژاردنی داهاتووی عیراقمان لە پێشە و ململانێكان ئەمجارە توندتر دەبنەوە، بەتایبەتی لەناو پێكهاتەی شیعەدا كە پێم وایە ئەوانەی ئەمرۆ قسە بە كورد دەڵێن سبەی هەر ئەوانە بەلێشاو روو دەكەنە هەولێر.
بارزانی ئەو سەركردەیە نییە واز لە ئەنجامەكانی ریفراندۆم بێنێ وەك ئەوەی عەبادی دەیەوێ، بۆیە لە هەر رەفتارێكی هەرێمدا دەبێ چاو لە بارزانی بكەین و نەچینە ژێر باری هیچ شتێك كە داوامان لێدەكرێ .

هەرێم نایەوێ بە شەڕ چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بكات، بەڵام ئەگەر بەغدا هەر سوور بێ لە هەڵگیرساندنی شەڕ، ئەوە ئەمجارە كوژاندنەوەی هەر وەكو بارزانی دەڵێ بەدەستی بەغداوە نابێ .

ریفراندۆم گەل ئەنجامی داوەو، هەر گەلیش دەتوانێ هەڵیبوەشێنێتەوە هەر كەس و لایەنێكی فەرمی و نافەرمی پێچەوانەی ئەمە رەفتار بكات گەل لێی قبول ناكات و پێی دەڵێ : پەنجە پەنجەی خۆمانە، نەك پەنجەی كەسی تر .





ئەم هەواڵە 1762جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad