English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کۆبوونەوەیەکى فراوان لە نێوان نوێنەرانى وڵاتانى بیانى و نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو
2017-12-06 [06:59 AM]

ZNA-هەولێر


ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی (٦/١٢/٢٠١٧)، بە سەرپەرشتى فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، کۆبونەوەیەکی فراوان ئەنجامدرا بە ئامادەبوونى بەڕێزان د. دیندار زێباری، سەرۆکی لێژنەی باڵای هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و هۆشەنگ محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و خاتوو سیهام جەبەلی، یاریدەدەری بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت لەگەڵ نوێنەر و کونسوڵی وڵاتانی بیانى لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم بەخێرهاتنى ئامادەبووانى کرد و تیشکی خستە سەر ئامانجى کۆبوونەوەکە کە بۆ خستنەڕووى مەترسیەکانى سەر هەرێمى کوردستان بوو لە بوارەکانى سیاسى و مرۆیی و ئەمنی و ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێم لەسەر ڕەوشی ئێستای هەرێم و عێراق.

دواتر ئاماژەی بۆ دۆخی ئێستای هەرێم و ناوچەکە و پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا کردو و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی بەغدا دووپات کردەوە بە مەبەستی هێنانە کایەی سەقامگیری. دواتر، باسی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاراستنی یەکڕیزی و ئامادەکاری بۆ قۆناغی ئایندە.  

دواتر گوتی ڕەوشی مرۆیی هەرێم زۆر نالەبارە و لە دەرەوەی ئاستی تواناکانمانە بۆیە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بە جددی کار بکات بۆ خستنە ڕووی ڕاستیەکان و هاوکاری کردنی هەرێم.

 

پاشان، هەڵوێست و داواکاریەکانی حکومەتی خستە ڕوو لە ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانوستان لە چوارچێوەی دەستوور بۆ گەیشتن بە چارەسەر بۆ پرسەکان.
بەڕێزیان گوتی پێویستمان بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی هەیە وەکو هاوبەش لەم قۆناغەدا بۆ هاندانی هەولێر و بەغدا بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە سەر پرسە هەڵواسراوەکان چوونکە دانوستانی ئاشتیانە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکە.

بەڕێز دیندار زێباری، سەرۆکی لێژنەی باڵای هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان:

دوای پێشکەش کردنی پووختەیەک لەسەر لێژنەی باڵا گوتی ئێمە بەردەوام ڕاپۆرت پێشکەش دەکەین تایبەت بە پێشێلکاریەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی و ئەنجامە وێرانکاریەکانی هێرشەکانیان، وە هەروەها ناوچەکانی شەڕ لەگەڵ داعش و خستنە ڕووی ڕەوش مرۆیی لەو ناوچانە.

دواتر، گوتی ئەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەیکات بریتیە لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ. هاوکات، هەبوونی میکانیزمێکی هاوبەش لە نێوان هەولێر و بەغدا بە گرنگ زانی بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان بەشێوەیەکی دروست لەو ناوچانەی بوونەتە مەیدانی شەڕ و پێکدادانەکان چوونکە پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەژێر هەڕەشەدایە لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان.

هۆشەنگ موحەمەد، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان:

تیشکی خستە سەر دوایین زانیاری و ئامارەکان تایبەت بە ڕەوشی مرۆیی ئاوارە و پەنابەران و کۆمەڵگەی میواندار بەهۆی تەواوی ئەو ڕووداو و قەیرانانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە بوونەتەوە. پاشان گوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەژێر فشارێکی گەورەدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرجەم ئەم پرسانە. هاوکات، نزیکەی (٢,١) ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان هەیە لەگەڵ (٠٠٠,١٤٨) هەزار ئاوارەی کەرکوک و دوز خورماتوو و ناوچەکانی دەوروبەری و میکانیزمێکی گونجاو نیە بۆ دڵنیا بوون لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوخۆ. بەهۆی نەبوونی دڵنیایی لە ڕەوشی ئاسایشی ناوچەکانیان ئاوارەکان ئامادە نین بگەڕێنەوە و بە پێچەوانەوە دانیشتوانی موسڵ ناوچەکانیان بەجێدەهێڵن بەهۆی نەبوونی گەرەنتی ئەمنی و خزمەتگوزاری.

هەروەها، سووپاسی سەرجەم هاوبەشە نێودەوڵەتیەکانیانی کرد بۆ پێشکەش کردنی هاوکاری مرۆیی بە تایبەت بۆ قوربانیانی بومەلەرزەکەی هەرێمی کوردستان. پاشان، پێداویستیەکانی ئاوارە و پەنابەرانی خستە ڕوو.

 

بەڕێز نەزمی حەزوری كونسوڵى گشتى فەلەستین لە هەرێمی كوردستان بەناوی عەمیدی دیپلۆماتكارانی بیانی لە هەرێم:

سووپاسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کرد بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەی لەم جۆرە پاشان تیشکی خستە سەر ڕووداوەکانی ناوچەکە بە گشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان. هەروەها گوتی بوونی هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چۆنیەتی چارەسەر کردنی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەشێوەی ئاشتیانە گرنگ و پێویستە لەم قۆناغەدا.

ستایشی ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کرد لە گرنگیدان بە ئاوارە و پەنابەران و پیشکەش کردنی هاوکاری مرۆیی و دابینکردنی ئارامگە وەکو بەشێک لە بنەماکانی مرۆڤایەتی.

پاشان هەریەک لە کونسوڵی گشتی کۆماری فەڕەنسا و جێگری کونسوڵی گشتی ئەمریکا پشتیوانی خۆیان بۆ پڕۆسەی دیالۆگ لە نێوان هەولێر و بەغدا و پاراستنی مافە دەستوریەکانی هەرێم لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدڕاڵی دیموکرات دووپات کردەوە.

 

لەکۆتایی کۆبونەوەکەش بەرێز فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەت سوپاسی ئامادەبووانی کرد و گووتى متمانەى تەواومان بە ئێوە هەیەو دەزانین ئێوەش نیگەرانى ئەم بارودۆخەن. ئێمە لە هەموو لایەکەوە سزا دراوین و بەردەوامى ئەو پرسەش کاریگەرى دەبێت لەسەر هەموولایەک. دەخوازین هاوکارمان بن لە رێگەگرتن لە گرژیەکان و سازکردنى زەمینە بۆ دیالۆگى نێوان هەولێرو بەغدا. پێویستیمان بە بەشدارى راستەوخۆى ئێوەیە، چونکە ئەنجامەکانى کاریگەرى نەک تەنها لەسەر ئێمە لەسەر هەموولایەک دەبێت و ناوچەکە رووبەڕووى کارەساتێکى گەورە دەبێتەوە.

دووبارە هەڵوێست و ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە لە دەست کردن بە دانوستان لە چوارچێوەی دەستور و پێویستی بەشداری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم پڕۆسەیەدا بە گرنگ هەژمار کرد بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان.

بەڕێزیان سوپاسی نوێنەری وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد و داوی لێکردن هاوکاری گەلی کورستان بکەن لەم قۆناغە هەستیارەداو هیواى خواست هانى حکومەتەکانیان بدەن بۆ پشتگیری کردن لە دیالۆگ لەسەر بنەمای دەستوور.





ئەم هەواڵە 1024جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
شەڕە قۆچ لەگەڵ ئۆتۆمبێل دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad