English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە دوبەی دوو نمایشی فیلمی زاگرۆس بەڕێوەچوو
2017-12-10 [04:54 AM]

ZNA – هەولێر


فیلمی سینەمایی "زاگرۆس" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد، سەهیم عومەر خەلیفە، لە ١٤مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی دوبەیدا بەشدارە و دوو نمایشی لە فێستیڤاڵەکەدا بەڕێوەچوو.

 

یەکەم نمایشی ئەم بەرهەمە سینەماییە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، لە مۆڵی ئیمارات و دووەم نمایشی دوێنێ شەممە، لە هەمان مۆڵ بەڕێوەچوو.

 

دەرهێنەری فیلم لەگەڵ بەشێک لە ستافی فیلمەکە، لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەیە و فیلمەکەی کاندیدی چوار خەڵاتە، ئەویش خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەکتەری پیاو و باشترین ئەکتەری ئافرەتە.

 

چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە دوبەی ٦ ئەم مانگە دەستیپێکرد و تاوەکو ١٣ مانگ بەردەوامدەبێت.

 

لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵی دوبەیدا ١٤٠ فیلم لە ٥١ وڵاتەوە بە ٣٨ زمان بەشدارن، لە بەشەکانی فیلمی درێژ، دیکۆمێنتاری و کورتەفیلم.

 

لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵدا ٥٠ فیلم بۆ یەکەمجار نمایشدەکرێن و ٨١ فیلمی دیکەش بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا نمایشدەکرێن.  

 

بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ لەم بەشانە پێکهاتوونە: "میهری ئیماراتی"، "میهری کەنداو" و "میهری عەرەبی بۆ فیلمی درێژ و کورتەفیلم".

 

زاگرۆس ئەمساڵ بەشداری لە دوو فێستیڤاڵدا کرد و توانی سێ خەڵات بەدەستبێنێت، یەکەمیان لە 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنتدا بوو لە مانگی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر کە بە گەورەترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە بەلژیکا دەناسرێت و خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی بەدەستهێنا کە خەڵاتی "Grand Prix" بوو.

 

لە دووەم بەشداریی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا، دوو خەڵاتی بەدەستهێنا کە لە بەشی پێشبڕکێی 18یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئاڕەس بوو، ئەویش خەڵاتی باشترین دەرهێنەر کە لەلایەن لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ و خەڵاتی باشترین فیلم لەلایەن بینەرانەوە پێبەخشرا.  

 

فێستیڤاڵی ئاڕەس لە 3 تاوەکو 12 تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر لە شاری ئاڕەس لە فەڕەنسا بەڕێوەچوو.

 

لەلایەکی دیکەوە نمایشی فیلمی "زاگرۆس" لە 15 تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر ـەوە لە هۆڵە سینەماییەکانی بەلژیکا دەستیپێکردووە.

 

"زاگرۆس" بەرهەمێکی هاوبەشی بەلژیکا و هۆڵەندایە، پرۆدیۆسەری سەرەکی فیلمەکە دریس فالیپۆیە و سەهیم عومەر، جەین- کلود و ڤان ریچکهام سیناریۆکەیان ئامادەکردووە.

 

"زاگرۆس" چیرۆکی شوانێک بەناوی زاگرۆس دەگێڕێتەوە کە هاوژینی خۆی زۆر خۆشدەوێت، بۆ ئەو کوردستان بەهەشتە، بەڵام هاوژینەکەی هاڤین و کچەکەی رەیهان، روودەکەنە بەلژیکا، دواتر زاگرۆزیش بڕیاردەدات بچێتە ئەو وەڵاتە.

 

سەهیم عومەر خەلیفە، پێشتر لەرێگەی کورتەفیلمی "میسی بەغداد"، "وڵاتی پاڵەوانان" و "نێچیرڤانی خراپ"، ٩٨ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا وەرگرتووە.





ئەم هەواڵە 376جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad