English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پێشمەرگە لە چاوی بەغدا دا
2017-12-10 [09:51 AM]

نووسینی: دڵشاد مستەفا وەسانی


رژێمەكانی عێراق بە پێشمەرگەیان دەگووت تێكدەر (مخرب) ، بەڵام لە 2003 بە لیوایەكی ئەو تێكدەرانە سوپای عێراق دروستكرایەوە، بەو هیوایە سوپای (بەناو عێراقی نوێ) ببێتە سوپایەكی نیشتمانی و هەموو پێكهاتەكان تیایدا بەشداربن، پێشمەرگەش بەپێی دەستووری 2005 بووە بەشێك لە سیستەمی بەرگریی عێراق، بەڵام بەرە بەرە سوپا بووە سوپای شیعە، پێشمەرگەش پشتگوێ خرا، لە 2016 حەشدی شەعبی یاسای بۆ دەركرا و بوودجەی ساڵانەی بۆ دیاریكرا.
دوای 16ی ئۆكتۆبەر، زمانی بەغدا بەرامبەر پێشمەرگە بە ئاشكرا گۆڕا، ئەو پێشمەرگەیەی لە شەڕی دژی داعشدا،  بۆ گرتنەوەی مووسڵ ئاسانكاریی زۆری بۆ سوپای عێراق كرد، ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە، ئەو سەركەوتنەی عەبادی خۆی پێ بادەدات بە ئاسانی نەدەهاتەدی، بەرپرسی سیاسی و حەشد و سوپای عێراق، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بە دوو چاوی جیاوازەوە سەیری پێشمەرگە دەكەن، پێشمەرگەی باش و پێشمەرگەی خراپ.
بەرپرسانی بەغدا رایانگەیاند سوپاسی بەشێكی پێشمەرگە دەكەن كە رێگەیان پێداون بۆ داگیركردنی كەركووك، هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر و سەركردە لە حەشدی شەعبی، لە دیداری كەناڵی تەلەفزیۆنێكی كوردستان گووتی: ئەو بڕیارەی بەشێكی پێشمەرگە كە شەڕی ئێمەیان نەكرد، بڕیارێكی زۆر ئازایانە و قورس بوو، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیش، شەڕی گرتنەوەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانی بە كەمتر لە شەڕی داعش نەزانی، بەمەش ئەو پێشمەرگەیەی رۆڵی سەرەكیی لە سەركەوتنەكانی سوپا و حەشدی شەعبیدا هەبوو، عەبادی وەك داعشی لە قەڵەم دان.
بەغدا وێڕای ئەوەی هەموو مافە دەستوورییەكانی هەرێمی بە مافی پێشمەرگەشەوە پشتگوێ خست، خەریكە بە شێنەیی لە رووێكی دیكەوە كار لەسەر پێشمەرگە دەكات، ئەم شاڵاوە دوو دیوی هەیە، یەكیان سوككردن و ناشیرینكردنی پێشمەرگەیە بە شێوەیەكی گشتی و پیشاندانی وەك هێزێكی بەزیو و خۆڕادەستكەر و بە ئاسانی دەستەمۆكراو، ئەویدیش دروستكردنی كەلێن و ناكۆكی لە نێوان پێشمەرگە، راستە پێشمەرگەی پارتی و یەكێتی هەیە، بەڵام بەغدا باش دەزانێ تا رێككەوتنی ژێربەژێر نەكرا، مەعنەویاتی پێشمەرگە چەند بەرز بوو، هەمووشمان دیمەنی ئەو قارەمانانەمان لە شاشەی تیڤییەكان بینی، چۆن بۆ شكۆی پێشمەرگە دەگریان و بەدەم هەڵڕشتنی فرمێسكەوە دەیانگوت ئێمە نەشكاوین فرۆشراوین.
بەداخێكی زۆرەوە، لە كوردستان هێشتا بەچاوی پەیداكردنی گوشار بۆ ناكۆكی حزبی، ئەو هەڵوێستەی بەغدا بەرامبەر پێشمەرگە وەردەگیرێت، عەبادی و بەغدا كە دەڵێن ئەو پێشمەرگانەی شەڕیان نەكرد نیشتمانپەروەرن، مانای وایە ئەوانەی لەپێش پەلامارەكانیان وەستانەوە نیشمانپەروەر نین، واتە بە پێوەری بەغدا خائینن، كەچی لای خۆمان هەن بەو لێدوانانەی عەبادی و كەسانی دی بزەیان دێتێ، خۆشحاڵن كە پەلاماری شكۆی پێشمەرگە دەدرێ، بۆیە بێدەنگییان هەڵبژاردووە، چونكە هەموو گوشارەكانی بەغدا، وەك گوشار بۆ سەر پارتی دەبینن، بەغداش حەز دەكات وا بخوێندرێتەوە، نەك دژی تەواوی خەڵكی كوردستان وێنابكرێ.
 





ئەم هەواڵە 4819جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad