English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆک ئەرکی خۆی بەجێگەیاند
2017-12-13 [09:58 AM]

نووسینی: راژان شێخ جەعفەر



تەمەنی نەتەوەو گەلان دوورو درێژە، قۆناغەکانی مێژووشیان بە هەورازو نشیودا گوزەر دەکات، بەڵام نەتەوەی بەهێز تایبەتمەندیی مانەوەو بەهیزبوونی تێدایە، یەکێک لەو هۆکارانەی کە بە داینەمۆی ئەم بەردەوامییە دادەنرێت، رابەرو سەرکردەیە، کە لێزانانە و دڵسۆزانە پێشڕەوی رۆڵەکانی بکات بەرەو سەرفرازی و سەقامگیری.؟کوردستان بە درێژایی میژووی دێرین و نوێ، روبەرووی باهۆزو داگیرکاری و پەلامارو چاوتێبڕینی زۆر بۆتەوە، دۆخ و سەردەمەکان گۆڕدران، 

هەڵکشان و داکشان روویدا، مەترسیی زۆر گەورە رەوینەوە، بەرەنگاریی و خۆڕاگری نەتەوەی کورد ئەگەرچی بە قوربانیدانی زۆری گیانی و ماددیش بێت، بووە چیرۆکی سەرکەوتنی ئەم گەلە. بێگومان هیچ چیرۆکێکیش بێ پاڵەوان نییە، ئەگەر دێڕەکانی چیرۆکی سەرکەوتنی کوردستان بخوێنینەوە سەرنج دەدەین رابەر و سەرکردەکان مەشخەڵهەڵگری ئازادی بوونە، لە شاخ بە رۆڵی شۆڕشگێڕی و لە شار بە ئەرکی ئاوەدانی و ئازادیی خەباتکار بوونە.؟ دوای خەباتێکی بێ وچانی نزیک یەک سەدەیی، بەشێکی زۆر لە خاکی باشووری کوردستان لە ژێردەستەیی و چەوساندنەوە رزگار کرا، ئەزموونێکی بێ پێشینەی دیموکراسیانە پەیڕەو کراو وردە وردە خەمڵی، هەرچەندە روبەڕووی ئالنگاریی زۆر بووەوە بەڵام نەکەوت و بەرەو پێش چوو، تاکو لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ بە شیوازێکی دیموکراسیانە زۆرینەی رەهای ئەم گەلە لەم بەشەی کوردستاندا بانگی سەربەخۆییخوازییان بە گوێی جیهان دا، ئەو ریفراندۆمەی کە هەناسەی تاكڕەوان و ئەنتیئازادییەکانی سوار کردو، کەوتنە پیلانگێڕی لە دژی.؟سەرۆک بارزانی، وەکچۆن لە رۆژانی یەکەمی راپەڕینی ئازادیخوازی باشووری کوردستاندا لە ساڵی ١٩٩١ لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی جەماوەریدا پێشنیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازادانەی کرد کە پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە، وەک چۆن پێ بە پێ لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا خواست و ئامانجی گەلی کوردستانی لە ساڵی ١٩٩٢ لە ئۆتۆنۆمییەوە بۆ فیدرالی گۆڕی (کە سیانزە ساڵ دواتر ئەمەشی لە بەغدا چەسپاند)، وەک چۆن رۆڵی میحوەری هەبوو لە ئاراستەی کارەکانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و، دواتر کاراکتەری سەرەکی بوو لە چەسپاندنی مافەکانی کورد لە دەستووری عێراقدا، بەربەستیش بوو لەوەی بەهۆی شەڕی تایفی و مەزهەبییەوە گۆمی خوێن لە عێراق دروست بێت، ئاواش بووە سپڕی کوردستان بە رووی پەلاماری وەحشیگەرانەی (داعش)داو، خۆی مەیدانی سەرپەرشتی ئەو شەرە سێ ساڵەیەی کرد، کە گیان و قوربانیدانی زۆری رۆڵەکانی کوردستان، ناوی کورد و پیشمەرگە کەوتەوە سەردێڕی شانازینامەکان لەسەر ئاستی دونیا.؟ لە هەموو ئەم وێستگانەداو، لە خەباتە دیپلۆتییەکەشیدا وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە درێژایی دوانزە ساڵ، سەرۆک بارزانی هەمیشە داکۆکی لە مافە بنەڕەتییەکانی گەلەکی کردووەو، وەدەستهێنانی ئەم مافەی بە کلیلی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ وڵات وەسف کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش هەمیشە ئامرازە مەدەنییەکان و رێکارە دیموکراسییەکانی بە دەرچەی گونجاو زانیوە، دوایین کاریش کە سەرۆک لەم رووەوە هەم هەوێنی بوو و هەم بە پەسندی زانی، ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو لەسەر ئاستی باشووری کوردستان بۆ راوەرگرتنی خەڵک لەبارەی ئەوەی ئایا دەیانەوێت سەربەخۆ بژین یان بە تابعی بەغدا بمێننەوە، هەر خۆیشی ئاڵاهەڵگری بوو و تەواوی کوردستانی تەی کرد بۆئەوەی پەیامی خۆی لەمبارەوە بە گوێی هاونیشتمانییان بدات، وەک چاوەڕوان دەکرا زۆرینەی رەهای دەنگدەران ملکەچی و ژێردەستەییان رەتکردەوەو، تاجی سەرکەوتن بەسەر چیای خەبات و قوربانیدانی ئەم گەلە نرا.؟ رووداوەکانی دوای ریفراندۆمەکە خێرا بوون، لە هەندێ وێستگەیشیدا چاوەروان نەکراو بوو، لە رووکار پاشەکشێکردن بە خواستەکانی ئەم گەلە دەخوینرێتەوە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا گەلی کوردستان هەموو رۆژێک لە ٢٥ی ئەیلوولدا دەژی و، هەر یار و نەیارێکیش کە سەرۆک بارزانی بناسێت، یەقینە لەوەی نە دەستبەرداری ئەم ئازادیویستەی دەبێت و، نە ئامادەشە ساتێک ژێردەستەیی قەبوڵ بکات. سەرۆک ئەرکی خۆی بەجێگەیاندو، دۆسییەی سەربەخۆیی بە دەنگی ٩٣%ی خەڵکی کوردستان و بە ئیمزای مسعود بارزانی، لەسەر مێزی خەباتی گەلی کوردستاندا هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە.





ئەم هەواڵە 1822جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad