English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سیاسەتکاری نەخەمڵیو و ملهور
2017-12-14 [11:54 AM]

نووسینی:قەهرەمان عوسمان


سیاسەت زۆر لەوە گرنگترە کە بە دەستی خەڵکی کەمئەزموون بسپێردرێت، چونکە بە بەرژەوەندی گشتی وڵاتەوە پەیوەستە، سیاسەتی ئەم وڵاتە بە کەسانی نەخەمڵیوی نێو ئەو بوارە بەڕێوە ناچێت، رەنگە هەندێ لە سیاسییە تازەکان بگۆی باشبن، بەڵام مانای ئەوە نییە سیاسەتمەداری کارامە بن. سیاسەتمەداری لێهاتوو ئەوەیە بەرژەوەندیی گشتی لەسەرووی هەموو ئامانجەکانییەوە ببینێت و کار بۆ پێکانی بکات، هەر کات ئەو بەرژەوەندییە گشتییە هەڕەشەی لەسەر بێت، بەرگری لێ بکات، نەك هێرشبەر بۆ بەهەڵدێربردنی، لۆژیک نییە خۆت پی سیاسییەکی باش بیت و نەزانێت کە بە غلۆربوونی وڵات تۆش دەکەویتە لێژی و بەرەو فەنابوون دەچیت.
ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، لە هاندانی هاوڵاتیان بۆ تێکدانی تێکڕای ئەزموونی سیاسی، جگە لە ماڵوێرانی زیاتر بۆ سەرجەم لایەن و توێژو پێکهاتەیەك هیچ سەمەرەیەکی تری نابێت، چونکە بە رووخانی حکومەت و نەمانی دەسەڵاتی سیاسی، خەڵکی هەژارو بەشمەینەت زیانمەندی سەرەکی دەبێت، ئەو خەڵکەی هەمیشە دەستکەلای سیاسییەکان بووە بۆ گەیشتن بە مەرامی سیاسی تایبەت، هەمیشە بە بەڵێنی قەبە وەك کۆیلە بۆ مەرامی سیاسی بزووتنەوەکەیان یان پارتەکەیان بەکاریان هێناون. 
خەڵکی دەبێت بزانن بە رووخان و نەمانی ئەم دەسەڵاتە تەنها پارت و لایەنگری پارتێکی تایبەت زەرەرمەند نابن، بەڵکو تێکڕا زیان دەکەین، خزمەتێکی مەزن بە دوژمنانی کورد دەکەین، بە دووبارە لە چەخماخدانەوەی شەڕێکی کوردکوژی، ئەو شەڕەی کە ئەزموونەکانی رابردوو سەلماندوویانە جگە لە بە کوشتدانی رۆڵەی ئەم وڵاتە هیچ ئەنجامێکی نەبووە، خۆ بەهاری عەرەبی باشترین وانەیە ئەگەر تێی بفکرین.
رژێمەکانی بەرێی عێراق بە درێژایی مێژوو، هەرگیز کوردیان لەیەك هەڵنەواردووە، نەیانگوتووە، فلانە عەشیرەت، فیسار ناوچە ڕیزپەرە لە کوشتن و ئەنفال و کیمیاباران، هەردەم بە تاکە چاویلکەیەک سەیرییان کردووین و، بە یەك چەکوش لەسەریان داوین. دوای نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ کە پارتی دابەش بوو، رژێم لەگەڵ هیچ کەرتێکیان ڕێك نەکەوت، هەرچەندە جاروبار کەرتێك نەک هەر دوای نسکۆ بگرە لە ٦٦-ەوە بۆ دەستکەوتی سیاسی بە لای رژێمی دەشکاندەوەو ناپاکی لە رەوتی نەتەوەیی دەکرد، کەچی تاکە دەستکەوتی زیان بوو بۆ نەتەوەی کوردو دواتر بۆ خودی خۆشی. ئەمە بۆ خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەریش دروستە، هەرچەندە بە دوودەستی کەرکوک و توزخورماتوویان بەخشی بە حەشد و پاسدار، کەچی بە چاوی خۆمان بینیمان کە چ پاداشتێکیان دانەوە و وەکو مێوان و هاوتەریب لەگەل کوردانی تر مامەڵەیان لەگەل دەکرێت، بەمەش پیشانیان داین کە هەرچەندە بەشێکی کورد جاشیش بێت بەڵام لە دەرئەنجامدا لای دوژمنان، کورد هەر کوردە و چارەنووسی گرێدراوە بە کوردانی تر و دەبێت ئەانیش نەمێنن. 
سیاسەت بەو کەسانە ناکرێت کە قاڵبووی ئەو بوارە نەبن، بەڵكو پێویستی بەو سیاسییانەیە کە هەڵبەزو دابەزی زۆریان بینیوەو لە مێژوویەکی دوورەوە هاتوون و دەزانن جگە لە یەکێتی نەتەوەیی هیچ ڕێگەیەکیتر لەبەردەم کورددا نییە بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئاڵۆزکاوی ئابووری، و شەڕی داسەپێنداروی ئیقلیمی و دەوڵی. 
خۆزگە کورد کاری بەم پەندەی خۆی دەکرد کە دەڵێت "گۆشت بۆ قەساب و نان بۆ نانەوا"، ئەگەر بتوانین جیاوازی لەنێوان وتاربێژی باش و سیاسی باش بکەین و، هەریەکەیان بخەینەوە قاڵبی تایبەتی خۆی، بە دڵنیاییەوە دووچاری نائارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت دەروونیش نابین، ناکرێت بێژەری باش لە سیاسی باش لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی زیاتر بهێنێت، یاخود ئیدارییەکی سەرکەوتوو بە چاوێکی کەمتر لە ڕۆژنامەنووسێکی سەرکەوتوو سەیر بکرێت، مێژوویەکی درێژمان هەیە بەڵام پەندی لێوەرناگرین، توانایەکی زۆرمان هەیە کەچی سوودی لێ نابینین. 





ئەم هەواڵە 6469جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad