English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
عێراق دژ به‌ بڕیاره‌كه‌ى ئه‌مریكا ده‌نگی دا
2017-12-22 [11:07 AM]

ZNA- هەولێر


عێراق لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دژی ئەمریکا دەنگی دا و  لە بەرامبەر ئەو ھەڵوێستەی عێراق چاوەڕوان دەکرێت، ئەمریکا ھاوکارییەکانی بۆ عێراق رابگرێت کە ساڵانە بڕی پێنج ملیار دۆلار زیاترە.

دوێنێ لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر داوای تورکیا و یەمەن، کۆبوونەوەیەکی بە پەلە ئەنجامدرا بۆ تاوتوێکردنی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە پرسی داننان بە (ئۆرشەلیم- قودس) وەک پایتەختی رەسمی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەکەدا، عێراق لە ریزی ئەو ١٢٨ وڵاتە بوو کە دەنگی دژی بڕیارەکەی ئەمریکا دا.

ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) بڵاویکردووەتەوە، ٩ وڵات لەو ١٠ وڵاتەی کە زۆرترین سوودیان لە ھاوکارییەکانی ئەمریکا لە ساڵی رابردوو وەرگرتووە، پشتیوانی بڕیارەکەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانیان کردووە لە دژی ئەمریکا و ھەروەھا ١٠ وڵاتی دیکەش کە سوودمەندبوونە لە ھاوکارییەکانی ئەمریکا دەنگیان نەداوە، لەو ٩ وڵاتەی کە ساڵی رابردوو زۆرترین ھاوکارییان لە لایەن ئەمریکاوە کراوە، عێراق بە پلەی یەکەم دێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی (USAID) ھەریەک لە وەزارەتەکانی دەرەوە و کشتوکاڵ و بازرگانی ئەمریکا زۆرترین ھاوکاری عێراقیان کردووە و قەبارەی ھاوکارییەکان دەگاتە ٥.٢٨ ملیار دۆلار. لە دوای عێراقیش ئەفغانستن دێت کە بە بڕی ٥.٠٦ ملیار دۆلار ھاوکاری کراوە.

لە پلەی سێیەمدا میسر دێت و ساڵانە بە بڕی ١.٢٣ ملیار دۆلار ھاوکاری کراوە. لە پلەی چوارەمدا ئەردەن بە بڕی ١.٢١ ملیار دۆلار و دوای ئەویش کینیا بە ١.١٤ ملیار دۆلار و ئەسیوبیاش بە ١.١١ ملیار دۆلار ھاوکاری کراون کەچی ھەموویان لە دژی ئەمریکا دەنگیانداوە.

لە رێگەی سایتەکەیەوە دامەزراوەی (USAID) ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، کە پاکستان لە پلەی حەوتەمی ئەو وڵاتانەیە کە ھاوکاری کراوون و ساڵانە ئەمریکا ٧٧٨ ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجکردووە. لە پلەی ھەشتەمدا نایجیریا دێت و ساڵانە ٧١٨ ملیۆن دۆلار و دواتریش باشووری سودان دێت کە بە ٧٠٨ ملیۆن دۆلار ھاوکاری کراوە و لە پلەی دەیەمیشدا تەنزانیا دێت بە ٦٢٩ ملیۆن دۆلار ھاوکاری کراوە.

لەو ١٠ وڵاتە کە زۆرترین ھاوکارییان لە لایەن ئەمریکاوە کراوە، تەنیا باشووری سودان دەستی بەرز نەکردووەتەوە و ئەویش بێدەنگی ھەڵبژاردووە، پڕۆژە بڕیارەکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کە دوێنێ پەسند کرا، بە ناونیشانی "کردەوەکانی ئیسرائیل نایاساین لە قودسی خۆرھەڵاتی داگیرکراو و ھەموو زەوییە فەلەستینییەکانی دیکە".

دوێنێ ئەمریکا ھەڕەشەی بڕینی ھاوکارییەکانی لەو وڵاتانە کرد، کە دەنگیان لە دژی ئەمریکا داوە و نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان نیکی ھایلی رایگەیاند، ھەموو ئەو وڵاتانەی لە دژی ئێمە دەنگیانداوە ناویان تۆمار دەکەین.

لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا لە کۆی ١٩٣ ئەندامی کۆمەڵەکە نوێنەری ٢١ وڵات ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون، ٣٥ وڵات دەنگیان نەدا، ١٢٨ وڵات بە (بەڵێ) دەنگیان دا و تەنیا ٩ وڵات دژی بوون ئەوانیش ئەمانە بوون: (ھیندۆراس، گواتیمالا، تۆگۆ، پالاو، ناورۆ، میکرۆنیزا، ئیسرائیل، دوورگەکانی مارشاڵ، ئەمریکا).


رێباز یونس 





ئەم هەواڵە 8248جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
یەکەم گۆڵی رۆنالدۆ لەگەڵ یانەی یۆڤانتس
منداڵێک بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر لە رووداوێکی ھاتووچۆ رزگاری دەبێت
پێشبڕکێیەکی ئەسپ سواری کارەساتی لێدەکەوێتەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad