English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەنجامی لێکوڵینەوەکانی یونامی لە توزخورماتو راگەیەندرا
2017-12-24 [03:19 AM]

 ZNA- بەغدا


 

چەند تیمێک لە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاریکاری عیراق (یونامی) ھەڵسان بە ئەنجامدانی سەردانێکی چاودێریکردنی توزخورماتو کە لەوێدا خانوو و دوکانی زیانبەرکەوتوویان لە گەڕەکە کوردنشینەکان بینی لەو شارە ئیتنی و ئایینییە تێکەڵاوە لە دەرئەنجامی گواستنەوەی دەسەڵاتی ئاسایش لەو ناوچەیە لە مانگی تشرینی یەکەم.

 

لەوەتەی سەرھەڵدانی توندوتیژییەکانی مانگی تشرینی یەکەم لە توزخورماتو، یونامی چەندان ھەواڵی پێشێلکاری و توندوتیژی دژی مافەکانی مرۆڤ بەدەست گەیشتووە، بەتایبەتیش دەربارەی کەوتنەوەی قوربانی مەدەنی و دوو سکاڵای توندوتیژی سێکسی. ئەو ڕووداوانە ھێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدان. بەھەمان شێوە یونامی ژمارەیەکی زۆری سکاڵای لەسەر زیان گەیاندن و ڕووخاندنی موڵکی ھاوڵاتییان لە بەرواری ١٦ و ١٧ی تشرینی یەکەمەوە بەدەست گەیشتووە و لێکۆڵینەوەی تێدا کردووە. ژمارەیەک لەو سەرچاوە و شایەتحاڵانە باسیان لەوە کردووە کە ھاوڵاتییانی مەدەنی و ئەندامانی گرووپە چەکدارە تورکمانەکان بەو کارانە ھەڵساون و دانیشتووانییان تۆقاندووە و زۆرێک لە دانیشتووانیش لەترسان شارەکەیان جێھێشتووە. ناسنامەی بکەرانی ئەو تاوانانە ھێشتا نەزانراوە.    

 

یونامی ڕاپۆرتی ئەو ڕووداوانەی لە ئاوارە ناوەخۆییەکانی توزخورماتو کە ئێستا لە کەرکوک و سلێمانی و ھەولێر نیشتەجێن و لە کاربەدەستانی حکومی و ئاسایش و ھەواڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان و نوێنەرانی کۆمەڵگەیی و پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییە ناوەخۆیی و نێودەوڵەتیەکانیشەوە بەدەست گەیشتووە. زۆرێک لە ئاوارە ناوەخۆییەکان ھۆکاری ئەو توندوتیژییانەیان گەڕاندەوە بۆ ئەو گرژییانەی نێوان کۆمەڵگەی کوردی و تورکمانە شیعەکان. ھەروەھا باسیان لەوە کردووە کە زۆربەی کردە تێکدەرەکان و تاڵانکردنەکان لەدوای دەرچوونی دانیشووانی کورد لە شارەکە ڕوویانداوە و زۆرێک لەو ئاوارانەش ھێشتا نەگەڕاونەتەوە. سەرباری ئەوەش، زۆر لە گەواھیدەران باسیان لەوە کرد کە تاڵانکردنی ماڵی ھاوڵاتییان بە شێوەیەکی بەرفراوان و بەھەرەمەکی لە گەڕەکی خۆیان ئەنجامدراوە بەڵام زەرەروزیانە گەورەکان بەشێوەی ئامانجدار ئەنجامدراون – بۆ نمونە لەسەر بنەمای لایەنگیری سیاسی و ئاسایش.   

 

لە ١٤ی کانوونی یەکەمەوە و بەگوێرەی ژمارەکانی ڕێکخراوی جیھانی کۆچ، ١٤٤٠ خێزان (٨٦٩٤ کەس) لە توز خورماتو ئاوارەبوونە لە دوای ڕووداوەکانی ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم. ٤٤٤ خێزانی ئاوارە (٢٦٦٤ کەس) گەڕاونەتەوە ماڵی خۆیان. یەکێک لە ئاوارەکان بە یونامی ڕاگەیاند "من لە سەلامەتی گیانی خێزانەکەم دەترسم. ءیمە نامانەوێ بگەڕێینەوە ھەتا ئەو کێشانە چارەسەر نەکرێن. ناردنی ھێزی کۆماندۆی عیراقی بۆ ناو شاری خورماتو بۆ پاراستنی گەڕەکەکەمان کارێکی باشە، چونکە ئەوان بێ لایەنن". ئاوارەیەکی تر وتی "ئێمە ناوێرین بگەڕێینەوە، چونکە گەڕەکەکانی ئێمە تۆپباران دەکرێن".

 

تیمەکانی یونامی دوو سەردانی چاودێریکردنیان لە بەرواری ٧ و ١٤ی کانوونی یەکەم بۆ توزخورماتو ئەنجامداوە، مەبەستی سەرەکی لەو سەردانانە بریتیبووە لە ھەڵسەنگاندنی سکاڵاکانی ڕوخاندنی خانوو و موڵکی ھاوڵاتییان بووە. تیمەکان سەردانی گەڕەکەکانی عەسکەری و ئیمام ئەحمەد و جمھوری و جەمیلە کرد. تیمەکەی یونامی لە سەردانی یەکەمیاندا بۆ گەڕەکەکانی عەسکەری و ئیمام ئەحمەد تێبینی ئەوەیان کرد کە ھەردوو گەڕەک ژمارەی دانیشتووانی تورکمانیان زۆرە، باڵەخانەیەک بەھۆی گولە ھاوەنەوە تێکشکابوو. ھەروەھا یونامی تێبینی ئەوەی کرد کە باڵەخانەی مەڵبەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە شارەکە زیانی بەرکەوتووە و پیشانگایەکی ئۆتۆمبێلیش لە باکوری شارەکە بەھۆی گڕگرتنەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە. لە میانەی ئەو سەردانەدا، یونامی چاوی کەوت بە نوێنەرانی ئەنجوومەنی شارەوانی توزخورماتو کە نوێنەرایەتی عەرەبی سوننە و تورکمانی شیعە و کۆمەڵگەی کوردەکانیان دەکرد. ئەندامێکی یەکەکانی حەشدی شەعبی تورکمانی و ئەفسەرێکی پلەباڵای پۆلیسی شارەکەش چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجامدرا. تیمەکە ھەوڵیدا لێدوانی بێلایەنانە دەربارەی راست و دروستی رووداوەکان و چۆنیەتی ڕووداوەکان و ھەروەھا زانیاری لەسەر ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان و زانیاری دەربارەی لێکۆڵینەوەکان بەشێوەیەکی بێلان کۆکراونەتەوە.

 

لە پێش سەردانی دووەم لە بەرواری ١٤ی کانوونی یەکەم، یونامی زانیاری و شیکردنەوەی وێنەی مانگی دەستکردی ناوچە و گەڕەکە کورد نشینەکانی جمھوری و جەمیلەی لەپێش و لە دوای توندوتیژییەکان بەدەست گەیشتبوو. وێنەکان دەریان دەخست کە بەلانی کەم ٢٩ خانوو لە گەرەکی جمھوری و ١١ خانوو لە گەرەکی جەمیلە زیانیان بەرکەوتووە. لە میانەی سەردانەکەشدا، تیمی یونامی تێبینی ئەوەیان کرد کە نزیکەی ١٠٠ سوتێنراون یان ڕووخێندراون لە شەقامی سەرەکی بازاڕی جمھوری کە زۆرێک لەوانە نەدەتواندرا لە وێنەکانی مانگی دەستکرد ببینرێن. تیمەکە ھەروەھا تێبینی ئەوەیان کرد کە زیاتر لە ٣٠ خانوو سوتێنراون یان زیانیان بەرکەوتووە. پێنج خانوو لە گەرەکی جەمیلە و یەک خانووش لە گەرەکی جمھوری ڕووخێنرابوون.  

 

 تیمەکە ڕایگەیاندووە کە دۆزینەوەی ئەو خانوو و باڵەخانانەی گوایە تاڵانکراون کارێکی ئەستەم بوو دووپاتبکرێنەوە مەگەر دەرگاکانیان کراوەبوونایە. ھەروەھا زۆرێک لە خانووەکان نەدەتواندرا بچنە ژوورەوە بەھۆی دیواری بەرز یان لەناو کۆمەڵگەی داخراودابوون، ئەمەش بۆتە ھۆی ئەوەی نەتواندرێ بە زیانبەرکەوتوو یان تاڵانکراو لەقەڵەم بدرێن. لەبەر ئەوە وایدادەنێت کە ژمارەی ئەو خانووانەی زیانیان بەرکەوتووە یان تاڵانکراون لەوانەیە زیاتر بێت. لەڕاستیدا، یونامی سکاڵای زۆر زیاتری بەدەست گەیشتووە و بەپێی ئەو سکاڵایانەش ژمارەی خانووە زیان بەرکەوتووەکان زۆر زیاترە.

 

تیمی یونامی بەھەمان شێوە ژمارەیەکی زۆر لە نووسینی سەر دیوارەکان بەرچاوکەوتووە کە لەسەر دیواری ماڵی تورکمانەکان نووسراون، گوایە بۆ ئەوە نووسراون تاکو بەدووربن لە زیان بەرکەوتن یان تاڵانکردن. ئاوارەناوەخۆییەکان ڕایانگەیاندووە کە داوا لە ھاوڕێ تورکمانەکانیان یان ھاوسێکانیان دەکەن کە لەسەر ماڵەکانیان بنووسن تاکو پارێزراوبن.

 

یونامی بەردەوام نیگەرانی خۆی دەربڕیوە دەربارەی بارودۆخی دانیشتوانی توزخورماتو و سکاڵاکانی ڕووخاندنی خانوو و موڵکی ھاوڵاتیان ھەم لەڕێگەی لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکانی ١٩ی تشرینی یەکەم و ١٢ی کانوونی یەکەم ھەم لە میانەی پیشکەش کردنی کورتەیەک لەلایەن بەڕێز یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق، لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرواری ٢٢ی تشرینی دووەمدا. یونامی داوا لە دەسەڵاتدارانی عیراقی دەکات کە ھەموو ڕێکارێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ھاوڵاتییانی مەدەنی لە توزخورماتو بەتایبەتی بەھۆی تۆپبارانکردنەکانی ئەم دواییە، تاکو ئاسانکاری بکرێت ئاوارەکان بە سەلامەتی و بە سەربەرزی و بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە. ھەروەھا ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە توندوتیژییەکان لەوەتەی ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمەوە دەبێ بە سزای خۆیان بگەن. ھەروەھا یونامی نیگەرانی خۆی دەربارەی تۆپبارانە ھەرەمەکییەکانی ئەم دواییە دەربری کە بوونەتە ھۆی زیانگەیاندن و کەوتنەوەی قوربانی مەدەنی لەنێو کۆمەڵگەی تورکمانی لە شارەکەدا و ھەروەھا دەبێ ئەو کردانەی دەبنە ھۆی مەترسی لەسەر ئاسایش و سەلامەتی کۆمەلگەی کوردی و تورکمانی دەست بەجی کۆتاییان پێبھێرنێت.





ئەم هەواڵە 187جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad