English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
یونامی جەخت لە دەستبەجێ ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە دەکات لەدوای خۆپیشاندانە توندوتیژەکانی سلێمانی
2017-12-24 [03:23 AM]

 ZNA- سلێمانی


 

شاندێکی باڵای نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاریکاری عیراق (یونامی) لە میانەی چەند کۆبوونەوەیەک لە سلێمانی لە ٢١ و ٢٢ی کانوونی دووەم لەگەڵ کاربەدەستانی حکومی و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی جەختیان لەسەر پێویستیی ئارامکردنەوەی گرژییەکان لەو پارێزگایە کردەوە، بە تایبەتی لەدوای خۆپیشاندانەکاندا کە بوونە ھۆی توندوتیژی و دەستبەسەرکردن و بریندابوون و بەداخەوەش گیان لەدەستدانی ھاووڵاتییان.

 

شاندەکە لەگەڵ چەندان سەرکردەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆبووەوە، لەوانە بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی عیراق و د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و بەڕێز ئازاد حەمە ئەمین، سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانی و چەند سەرکردەیەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و ئەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و ھاوپەیمانیی دیموکراسی و دادپەروەری و پارتی دیموکراتی کوردستان لەو پارێزگایە و ھەروەھا چاڵاکوانانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەو ھاووڵاتییانەی کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریی قەیرانەکەیان لەسەربوو.

 

مەبەست لەو کۆبوونەوانە دەربڕینی نیگەرانی زۆری نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لەمەر توندوتیژییەکانی نێو خۆپیشاندانەکانی چەن ڕۆژی پێشوو وەک تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و سوتاندنی بارەگای پارتە سیاسییەکان و باڵەخانەی حکومی لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا. 

 

شاندەکە جەختی لەسەر مافە ڕەواکانی ھاوڵاتییان کردەوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ئاشتییانە و لە چوارچێوەی یاسادا. ھەروەھا جەختیان لەسەر گرنگیی دانبەخۆداگرتنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندانەکان و تەکنیکی پۆلیسی مۆدێرن بۆ ئەوەی خۆیان بەدووربگرن لە زیاتر گرژبوونی بارودۆخەکە. نوێنەرانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان تیشکیان خستەسەر بەرپرسیارێتی دەسەڵات لە پاراستنی گیانی ھاووڵاتییان، بە خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکانیشەوە و پارستنی مافی مرۆڤیان و ھەروەھا داوایان لە ھێزەکانی ئاسایشیش کرد کە سەلامەتی و شکۆی خۆپیشاندەران بپارێزن. 

 

تیمەکەی یونامی بەھەمان شێوە تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە خۆپیشاندەرانیش بەرپرسیارن لەوەی دەنگی خۆیان بەشێوەیەکی یاسایی و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکاندا بگەیەنن و نابێ پەنا ببەن بۆ توندوتیژی لەدژی ھێزەکانی ئاسایش و ناشبێ زیان بە موڵکی گشتی و تایبەتی بگەیەنن.

 

یونامی لە نیگەرانی و گیروگرفتەکانی خۆپیشاندەران تێدەگات. ئاسایشی ژیان لەژێر قەیرانی بەردەوامی داراییدا ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بۆتەوە. نوێنەرانی یونامی دووپاتیان کردەوە کە نێردەکە ئامادەیە، ئەگەر لەلایەن ھەردوولا داوایان لێبکرێت، بۆ بەکارھێنانی نووسینگەکانی بەمەبستی دەستپێکردنی دانوستان لەنێوان حکومەتی فیدڕالی بەغدا و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشە ھەڵپەسێردراوەکان بە کێشەی دابەشکردنی بودجەی فیدڕالی و پێدانی موچە و کۆنتڕۆڵی سنوورەکانیشەوە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پێداویستییەکانی ھەموو ھاوڵاتییانی عیراقی دوابەدوای سەرکەوتنە سەرسەختەکەیان بەسەر داعشدا.

 

شاندەکە پرسیاری دەربارەی دەست بەسەرکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن دەسەڵاتەوە کرد، بەتایبەتی چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و ڕابون مەعروف، ئەندامی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان. یونامی داوا لە دەسەڵاتداران دەکات کە لە پرۆسەیەکی داپەروەر و شەفافدا لێکۆڵینەوە لەو کردە تێکدەرانانەدا بکات و ئەوانەی دەستیان ھەبووە لە نانەوەی ئاژاوە بە بەکارھێنانی توندوتیژی یان لەڕێگەی فریودان بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.





ئەم هەواڵە 832جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad