English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
كۆسره‌ت ره‌سول: رێگا راسته‌كه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ده‌ربڕینى هێمنانه‌ و مه‌ده‌نیانه‌یه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌گوزه‌رێت
2017-12-24 [08:58 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

له‌ په‌یامێكدا كۆسره‌ت ره‌سول جێگری یه‌كه‌مى سكرتێری گشتى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌به‌رلین رایگه‌یاند، ئه‌ركى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیشه‌ كه‌ به‌هاوبه‌شی و هه‌ماهه‌نگى ده‌زگا شه‌رعییه‌كانى ترى هه‌رێمى كوردستان رێوشوێنى گونجاوى بێ تووندوتیژی بگرنه‌به‌ر بۆ ئارامكردنه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه‌ و كار بۆ دابینكردنى داخوازییه‌ ره‌واكانى خه‌ڵك بكه‌ن، وتیشی، زۆر پێویسته‌ هێزه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان هه‌موو كێشه‌و ناكۆكییه‌كانیان وه‌لابنێن و به‌گیانى یه‌كترقبوڵكردن و لێبوورده‌یی له‌ ته‌ك یه‌كتردا مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و كار بۆ یه‌كڕیزى نیشتمانى و یه‌كخستنى خیتابێكى سیاسی نیشتمانى بكه‌ن.

 

ئه‌مه‌ش دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رەسوله‌:

 

به‌ناوى خواى گه‌وره‌و میهره‌بان

جه‌ماوه‌رى به‌شه‌ره‌ف و خۆڕاگری گه‌لى كوردستان

كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان

پێشمه‌رگه‌ ئازاو جوامێره‌كان

 

سڵاوێكى گه‌رم...

 

له‌م ساته‌وه‌خته‌دا كه‌ من ئه‌م نامه‌یه‌تان ئاراسته‌ ده‌كه‌م له‌سه‌ر ته‌ختى چاره‌سه‌ركردنم، كه‌ به‌هۆی تێكچوونى بارى ته‌ندروستیمه‌وه‌ دووچارم هاتووه‌، به‌داخه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك لێتان دووركه‌وتوومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌میشه‌ دڵم له‌لاتانه ‌و له‌گه‌ڵ مه‌ینه‌تى ژیان و ئێش و ئازاره‌كانتان دام، هه‌ر لێره‌وه‌ش سوپاسى یه‌كه‌به‌یه‌كه‌تان ده‌كه‌م، چونكه‌ له‌ هه‌واڵپرسی و نواندنى دڵسۆزى خۆتان درێغیتان له‌ ئاست ئێمه‌دا نه‌كردووه‌، بۆیه‌ له‌ناخى دڵمه‌وه‌ هیواى ته‌مه‌ن درێژی و له‌شساغى بۆ هه‌مووتان ده‌خوازم و خواى گه‌وره‌ له‌ هه‌ر ده‌رد و به‌ڵایه‌ك بتانپارێزێت، هه‌روه‌ك سوپاس زۆریشم ئاراسته‌ى هه‌موو ئه‌و به‌ڕێز و تێكۆشه‌رانه‌ش ده‌كه‌م كه‌ چ به‌ناوى كه‌سایه‌تى خۆیان یان به‌نوێنه‌رایه‌تى حزب و رێكخراوه‌كانیانه‌وه‌ له‌ هه‌واڵ و ته‌ندروستیان پرسیوین.

 

به‌ڕێزان له‌م چه‌ند رۆژه‌دا كه‌ گه‌له‌كه‌مان و به‌تایبه‌ت له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه ‌و گه‌رمیان و پشده‌ر و بیتوێن و ناوچه‌ى كۆیه‌ش له‌ ئه‌نجامى خۆپیشاندان و ده‌ربڕینى ناڕه‌زایه‌تى خه‌ڵك له‌ ئاست بێ دادى و نه‌بوونى مووچه‌ و كه‌مبوونه‌وه‌ى خزمه‌تگوزارییه‌كان هاتۆته‌ پێش، كه‌ به‌داخه‌وه‌ كارى تووندوتیژی و چه‌ندین شه‌هید و برینداریشی لێكه‌وتۆته‌وه‌، من ده‌مه‌وێت لێره‌دا به‌راشكاوى ئه‌وه‌ رابگه‌یه‌نم كه‌ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین و خۆپیشاندانى مووچه‌خۆران و كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ماف و ئازادییه‌كان پێویست و رێزلێگیراوه‌ و مافێكى سه‌ره‌تاییشه‌، به‌ڵام زۆر پێویسته‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ خۆڕاگره‌ خۆیان له‌ ئاژاوه‌گێڕ و ده‌ستى تێكده‌رانه‌ى ئه‌ملاو ئه‌ولا بژار بكه‌ن و نه‌هێڵن كه‌ ئامانجه‌كانیان به‌لاڕێدا ببرێت و زیان به‌ باره‌گاو دام و ده‌زگا حكومى و شوێنه‌ گشتییه‌كان بگه‌یه‌نرێت، چونكه‌ رێگا راسته‌كه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ده‌ربڕینى هێمنانه‌ و مه‌ده‌نیانه‌یه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ ئێستا ده‌گوزه‌رێت.

 

ئه‌ركى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیشه‌ كه‌ به‌هاوبه‌شی و هه‌ماهه‌نگى ده‌زگا شه‌رعییه‌كانى ترى هه‌رێمى كوردستان رێوشوێنى گونجاوى بێ تووندوتیژی بگرنه‌به‌ر بۆ ئارامكردنه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه‌ و كار بۆ دابینكردنى داخوازییه‌ ره‌واكانى خه‌ڵك بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌ركى ده‌زگاكانى پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كانیشه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى شارستنیانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا بكه‌ن و سه‌روماڵی هاووڵاتیانیش بپارێزن، له‌ هه‌مان كاتدا پاراستنى دام و ده‌زگاو شوێنه‌ گشتییه‌كانیش له‌ ئه‌ستۆ بگرن.

 

كوردستانیانى ئازیز...

 

ئه‌مڕۆی هه‌رێمى كوردستان به‌ قۆناغێكى سه‌خت و دژوار تێده‌په‌ڕێت، له‌لایه‌ك ناحه‌زانى گه‌له‌كه‌مان بۆ دژایه‌تى ئه‌زموونه‌كه‌مان هه‌موو ناكۆكییه‌كانى خۆیان وه‌لاناو له‌ ئاست دژایه‌تى گه‌له‌كه‌مان ده‌نگ و هێزى خۆیان یه‌كخست، به‌ڵام جێگاى داخه‌ كه‌ هه‌ڵوێستى حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ئاست پێداویستى قۆناغه‌كه‌دا نییه‌ و ریزه‌كانمان په‌رته‌وازه‌یه‌، هه‌ر ئه‌و نارێكییه‌ى خۆمان كاریگه‌رى خراپ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى نه‌رێنى دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانمان له‌ ئاست ساده‌ترین مافه‌كانمان خوڵقاند. بۆیه‌ زۆر پێویسته‌ هێزه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان هه‌موو كێشه‌و ناكۆكییه‌كانیان وه‌لابنێن و به‌گیانى یه‌كترقبوڵكردن و لێبوورده‌یی له‌ ته‌ك یه‌كتردا مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و كار بۆ یه‌كڕیزى نیشتمانى و یه‌كخستنى خیتابێكى سیاسی نیشتمانى بكه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌ین به‌م شێوازه‌ى ئێستا په‌رته‌وازه‌و لێكترازاو بمێنینه‌وه‌ ئه‌وا چاره‌نووسی ئه‌زموونه‌كه‌شمان به‌ ناڕۆشنى ده‌مێنێته‌وه‌و به‌ره‌و داهاتوویه‌كى نادیار ده‌مانبات.

 

هه‌ر له‌ دوو توێی ئه‌و نامه‌یه‌داو له‌ سه‌روه‌ختى بۆنه‌كانى سه‌رى ساڵ و له‌دایكبوونى حه‌زره‌تى مه‌سیح (ر.خ) پیرۆزبایی گه‌رم له‌ ته‌واوى گه‌لى كوردستان به‌گشتى و خوشك و برا مه‌سیحى و یه‌زیدى و شه‌به‌ك و كلدان و ئاشوورى و سابیئه‌ى مه‌ندائی ده‌كه‌م و هیوادارم ساڵی نوێمان ببێته‌ ساڵی ئاشتى و پێكه‌وه‌ژیان و به‌دیهێنانى ته‌واوى ئامانجه‌كانى گه‌له‌كه‌مان.

 

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لى

جێگری یه‌كه‌مى سكرتێری گشتى

یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان

به‌رلین

24/12/2017





ئەم هەواڵە 1438جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
یەکەم گۆڵی رۆنالدۆ لەگەڵ یانەی یۆڤانتس
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad