English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وه‌زیرێكی عێراق: به‌غدا مه‌رجی قورسی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان داناوه‌
2017-12-25 [10:24 AM]

ZNA – هه‌ولێر


سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای حكومه‌تی عێراقی رایگه‌یاندووه‌: "حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، لیستێك مه‌رجی داوه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی پێش ده‌ستپێكردنی هه‌ر گفتوگۆیه‌ك كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان چاودێری بكات جێبه‌جێ بكه‌ن.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی وه‌زیرێكی ناوداری حكومه‌تی عێراق كه‌ قسه‌ی بۆ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی "العربي الجديد" كردووه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لیستێك مه‌رجی داوه‌ته‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی نێوه‌ندگیریی ده‌كه‌ن، تا پاش جێبه‌جێكردنی ئه‌و مه‌رجانه‌ دانووستان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێبكات"، ئه‌وه‌ش ئه‌و مه‌رجانه‌ن كه‌ جێبه‌جێكردنیان زه‌حمه‌ته‌ و واتای ئه‌وه‌یه‌ هێشتا به‌غدا چاره‌سه‌ری سه‌ربازیی به‌لاوه‌ نه‌ناوه‌".

به‌گویره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و وه‌زیره‌ عێراقییه‌، دیارترین مه‌رجه‌كانی ئه‌و لیسته‌ 13 خاڵییه‌، ئه‌مانه‌ن (هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ریفراندۆم، نه‌ك سڕكردنی و به‌ راشكاوی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رابگه‌یه‌نرێت، راده‌ستكردنی سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان به‌ به‌غدا، راده‌ستكردنی سه‌رجه‌م داهاته‌ نه‌و‌تییه‌كان و داهاته‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، راده‌ستكردنی سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سه‌ داواكراوانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستانن و حكومه‌تی عێراق داوایان ده‌كات، گه‌ڕانه‌وه‌ی كورد بۆ سنووری كارگێڕی هه‌رێمی كوردستان، پێش ئه‌وه‌ی ساڵی 2003 ئه‌مریكییه‌كان عێراق داگیربكه‌ن، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراقه‌وه‌ په‌یوه‌ست بكرێنه‌وه‌، رێگه‌نه‌دان به‌ گه‌شتكردنی هیچ به‌رپرسێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی عێراق، نابێت هه‌رێم هیچ كه‌سێك داڵده‌ بدات كه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ داوابكرێت)، جگه‌ له‌ چه‌ند خاڵێكی دیكه‌ی لاوه‌كی كه‌ به‌غدا وه‌ك مه‌رجی دانووستان خستوویه‌تییه‌ به‌رده‌ست".

ئه‌و لیسته‌ی داواكارییه‌كانی به‌غدا زۆر قورسه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، له‌ كاتێكدا سه‌ره‌تا حكومه‌تی عێراق داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجامی ریفراندۆمی ده‌كرد، دواتر داوای ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و فرۆكه‌خانه‌كانی كرد و پاش ئه‌وه‌ش له‌شكركێشی كرده‌ سه‌ر ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر چه‌نده‌ بۆ ئه‌وه‌یان ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هاوكارییان كردن و سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌یان له‌ به‌رده‌می هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵگرت و ناوچه‌كانی پارێزگای كه‌ركووك و خورماتوویان دابه‌ده‌سته‌وه‌.

ئه‌و وه‌زیره‌ عێراقییه‌ی قسه‌ی بۆ سایته‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ كردووه‌، پێیوایه‌ "سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانی حكومه‌تی عێراقی ده‌ستوورین كه‌ عه‌بادی كردوویه‌تی‌ به‌ بنه‌مای ده‌ستپێكردنی دانووستان".

به‌ڵام ئه‌ندامێكی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی ئه‌و مه‌رجانه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌و مه‌رجانه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ سه‌ركردایه‌تی كورد، به‌ڵام جێبه‌جێكردنیان هیچ واتایه‌ك بۆ دانووستان ناهێڵێته‌وه‌، ئایا دوای ئه‌و مه‌رجانه‌، چ شتێكی دیكه‌یان ده‌وێت تا دانووستانی له‌سه‌ر بكه‌ن، ئایا هیچ شتێك ماوه‌ته‌وه‌؟".

هه‌روه‌ها حه‌مه‌ ئه‌مین، ئه‌ندامی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان گوتوویه‌تی: "له‌سه‌ر به‌غدایه‌ مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بدات، چونكه‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یه‌ به‌غدا ده‌یه‌وێت بژارده‌ی سه‌ربازی بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ بهێڵێته‌وه‌".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، عه‌باس به‌یاتی، سه‌ركرده‌ی هاوپه‌یمانی نیشتمانی ده‌سه‌ڵاتدار و نزیك له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق به‌ "العربي الجديد"ـی گوتووه‌: "كه‌شوهه‌وایه‌ك ره‌خساوه‌و ده‌ستپێشخه‌ری هه‌یه‌ تا گفتوگۆی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ده‌ستپێبكاته‌وه‌، ئێمه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانمان گوتووه‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌ولێر، پێویستمان به‌ نێوه‌ندگیریی نییه‌".

ده‌رباره‌ی مه‌رجه‌ نوێیه‌كانیش، به‌یاتی ده‌ڵێت: "به‌ڵێ چه‌ند مه‌رجێك هه‌یه‌ ده‌بێت هه‌ولێر جێبه‌جێیان بكات، به‌ڵام ورده‌كارییه‌كه‌ی ناڵێین، ئه‌وانه‌ش پشت به‌ سێ بنه‌مای سه‌ره‌كی و ملكه‌چبوون به‌ ده‌ستوور ده‌به‌ستن، ئه‌ویش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ریفراندۆم و ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ی هه‌رێمه‌ به‌ پابه‌ندییان به‌ یه‌كپارچه‌یی عێراقه‌وه‌".

 





ئەم هەواڵە 2047جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad