English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر عەبادی خەمی خەڵکی کوردستانیەتی با له بارودخی خوورماتوو بکۆڵێتەوه
2017-12-28 [04:12 AM]

ZNA- هەولێر


 

سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، "نێچیرڤان بارزانی" چەندین ڕەخنەی لە حکوومەتی بەغدا گرت و جەختی کردەوە کە "بەغدا دەیەوێ سەر لە خەڵکی کوردستان بشێوێنێ". ڕووی زیاتری قسەکانی نێچیرڤان بارزانی لە "حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو.

 

ڕەخنەکانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان زیاتر لەبارەی سیاسەتی ئێستای حکوومەتی بەغدایە، کە بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان و دانیشتووانەکەی گرتوویەتەبەر. سەرۆکوەزیرانی بەغدا، حەیدەر عەبادی لە داوکۆنفرانسی ڕۆژنامەنووسیی خۆیدا ڕەخنەی لە سیاسەتی نەوتیی ھەرێمی کوردستان و داھاتەکەی گرت. نێچیرڤان بارزانی وەڵامی ئەو ڕەخنانەی دایەوە و گوتی، "زانیارییەکانی سەرۆکوەزیرانی بەغدا دوور بوون لە ڕاستی." ئێستا سەرۆکی حکوومەت، لیژنەی نەوت و گازی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی بە ژمارە  وەڵامێکی ڕوونکردنەوەی ھەبێت لەبارەی قسەکانی عەبادی‌یەوە.

 

 

سەرەڕای چەندین دەستپێشخەری بۆ دانوستانی نێوان حکوومەتەکانی ھەولێر و بەغدا، حکوومەتەکەی عەبادی ماوەی قەدەغەکردنی گەشتی دەرەکی لە فرۆکەخانەکانی کوردستانی بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە درێژ کردەوە.

 

نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی ھەفتانەی خۆیدا نیگەرانیی خۆی لە بڕیارەکەی حکوومەتی بەغدا دەربڕی و دەڵێت: ''زۆر زۆر بەداخەوە کە حکوومەتی بەغدا دەیەوێ سزای خەڵکی خۆی بدات. سەرۆکوەزیرانی بەغدا پرسی دەروازە سنوورییەکان و فرۆکەخانەکان وەک کارتی گوشار بەرانبەر بە خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەکار دێنێت. داخستنی ئەو شوێنانە کاریگەریی لەسەر خەڵک و نەخۆش و ئاوارەکان ھەبووە.''

 

ھاوکات سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازیی لە وردبینیی حکوومەتی بەغدا لە میلاکاتی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستیی کوردستان کرد، بەڵام نەیشاردەوە کە تا ئێستا بەغدا تەنیا مووچەی ٤٢٠ کارمەندی بەنداوەکانی کوردستانی ناردووە.

 

نێچیرڤان بارزانی گوتی: ''حکوومەتی بەغدا دەیەوێ سەر لە خەڵکی کوردستان بشێوێنێ. ئەگەر سەرۆکوەزیرانی بەغدا خەمی خەڵکی کوردستانییەتی، ئەدی بۆ لە خورماتوو ناپرسێتەوە. ھەڵوێستەکانی سەرۆکوەزیرانی بەغدا ھیچ ڕاست نین و دەبێ ھەست بە بەرپرسیارییەتی بکات.''

 

ماوەیەکە ھەندێ ھێز و لایەنی عێراقی ھەوڵی تەعریبکردنی چەند ناوچەیەک لە سنووری جوگرافیایی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دەدەن. سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لەو ھەوڵانە دەربڕی و جەختی لە وەستاندنیان کردەوە.

 

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: ''لە ھەندێ سنوور تەعریب دەستی پێ کردووەتەوە و ئەمەش لە بەرژەوەندیی ھیچ لایەنێکدا نییە و ناسەقامگیریی لێ دەکەوێتەوە. داوا لە حکوومەتی بەغدا دەکەین ئەو ھەوڵانە ڕابگرێ و نەتەوەیەکگرتووەکانیش بێتە ناو مەسەلەکەوە. بە تەعریبکردن، شایەتی ناسەقامگیری لە ناوچەکە دەبین.''

 

دەستپێشخەرییەکەی سەرۆککۆماری عێراق و چەند وڵاتێک، ھەندێ لە ھەڵسوکەوتی حکوومەتەکەی عەبادیی بەرانبەر بە کوردستان گۆڕی و وەک نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "ھەندێ خاڵی ئەرێنی دەبینین.''

 

سەرۆکی حکوومەتی کوردستان پێشوازیی لە قسەکانی ھەر یەک لە "نووری مالیکی" و "ئەیاد عەللاوی" لەبارەی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کرد و جەختی کردەوە کە بەردەوام ئامادەییان بۆ دانووستان ھەیە. نێچیرڤان بارزانی گوتی: ''تا ئێستا بە مەبەستی دانوستان ھیچ شتێکی فەرمیمان لە لایەن حکوومەتی بەغداوە پێ نەگەیشتووە. ئێمە پێشوازی لە دانوستانی جیددی دەکەین و ئەگەر سەقامگیریمان دەوێ، ئەوە ڕێگەچارەکەیەتی.''

 

دۆخی ناوخۆی کوردستان و ھەڵبژاردنەکان، تەوەرێکی دیکەی قسەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوو. نێچیرڤان بارزانی گوتی: ''ئەمڕۆ لەگەل یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆ بووینەوە. ئەوان بەرپرسیارانە کاریان کردووە و ئێمەش ھەوڵ دەدەین تا ئەو ڕاددەیەی لە تواناماندا بێت، داواکانیان جێبەجێ بکەین کە داوای ڕەوان و لە بەرژەوەندیی خەڵکدان.''

 

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئاشکرای کرد کە کورد سەیری دۆخەکە دەکات و بە پێی دۆخی سیاسی و بەرژەوەندیی خۆی، ھاوپەیمانی دەکات. بڕیارە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ پەرلەمان و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کۆبوونەوەی سێقۆڵییان ھەبێت و تێیدا بڕیار لەسەر ڕۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بدرێت.





ئەم هەواڵە 232جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad