English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
چاکسازی لە مووچەی خانەنشینی دەکرێت 
2017-12-30 [04:20 AM]

ZNA- ھەولێر 


پڕۆژەیاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەڕماڵە) لە دووتوێی ٢٠ ماددە، بۆ چاکسازی لە بواری مووچە و خانەنشینی، بە بڕیاری ژمارە ١٢٩ ی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.


ئامانج رەحیم ، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەیاساکە میکانیزمی ئاشکرای بۆ دانراوە و بەپێی بڕیارەکە کە واژۆی نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی لەسەرە لە ٩٠ رۆژی یەکەمی ساڵی دارایی ٢٠١٨ دەبێت بکەوێتە بواری جێبەجێبکردنەوە. پڕۆژەکە پڕۆژەی ھاوبەشی حکومەت ، پەرلەمان و دامەزراوەکانی چاودێریی و نەزاھە و داواکاری گشتی و شوورایە و، دەبێت ھی سەرجەم حیزبەکانیش بێت بە دێرین و نوێوە.
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، بە ھیوام قۆناخی تەشریعکردنی لە پەرلەمانی کوردستان زوو بەجێ بھێنرێت و لەوەش گرنگتر (جێبەجێکردن)یشی لەلایەن ھەمووان بەدی بکرێت ، تاوەکو دادپەروەریی بچەسپێ و چیدیکە مووچەخۆری شایستە نەبێتە قوربانی ئەوانەی کە بە ناڕەوایی لە پارەی گشتی سوودمەندن کە بەداخەوە ھەندێکی بە یاسا رەواییان پێدراوە.

ئامانجەکانی دەرکردنی ئەم یاسایە بریتین لەمانەی خوارەوە

١- بەرجەستەکردنی یەکسانی و دادپەروەری لە خەرجکردنی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتە داراییەکانی تر لە ھەرێمی کوردستان و راگرتنی سوودمەندبوونی ناشایستە لە بودجەی گشتی

٢- خاوێنکردنەوەی ناوی سوودمەندان لە بودجەی گشتی لە کەسانی ناشایستە و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی تەرخانکراوی مووچە و دەرماڵە.

٣- رێگەگرتن لە سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی بۆ زیاتر لە جارێک.

٤- بەدامەزراوەییکردن و یەکخستنی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە جیاجیاکانی خانەنشینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و چالاککردنی سندووقی خانەنشینی.

٥- رێکخستنەوەی خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاکان و پلەتایبەتییەکان لەسەر بنەمای گەیشتن بەتەمەنی یاسایی دیاریکراو بۆ خانەنشینی و ساڵانی خزمەت.

پشتبەست بە ئەحکامی ماددەی ھەشتەم لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ژمارە (٣)ی ساڵی ١٩٩٢ ھەموار کراو و، لەبەر رۆشنایی کۆنووسی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (٣٩) لە رێکەوتی ٢١-١٢-٢٠١٧ بڕیاردرا بە :

١- پەسندکردنی پڕۆژەیاسای (چاکسازیی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەکانی دیکە لە ھەرێمی کوردستان- عێراق) ، کە وێنەیەکی ھاوپێچی ئەم بڕیارەیە و، رەوانەکردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان لە رێگەی بەڕێز وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان بە مەبەستی گفوتگۆکردن و بڕیاردان لەسەر پڕۆژەیاساکە.

٢- وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکەن.

نێچیرڤان بارزانی 
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران


سەرچاوە / رووداو
 





ئەم هەواڵە 4033جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad