English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
گوتەبێژی حکومەتی هەرێم: پێشوازی لە ھەر ھەنگاوێکی ئەرێنیی بەغدا دەکەین
2018-01-02 [03:26 AM]

ZNA- هەولێر


 

دەربارەی ئەو ھەواڵانەی لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەسەر دوایین پێشھاتەکانی گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا و لێدوانی چەند بەرپرسێکی عێراقی لەمبارەیەوە بڵاودەکرێنەوە، "سەفین دزەیی" وتەبێژی فەرمیی حکوومەت، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ھەر ھەنگاوێکی ئەرێنی بۆ گفتوگۆ لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور دەکات.

 

دزەیی ھەروەھا گوتی: ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا دووپاتی لە ھەڵوێستی خۆی کردۆتەوە کە ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق لە حکوومەتی فیدراڵ دەست بە گفتوگۆ بکات. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ھەر ھەنگاوێک دەکات کە ڕێگە بۆ دەسپێکردنی گفتوگۆ لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراقدا خۆش بکات.

 

وتەبێژی فەرمیی حکوومەت ڕایگەیاند: ھەر لەم چوارچێوەیەدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لەو ئاماژە و ھەنگاوانە دەکات کە ھەفتەی ڕابردوو لە بەغداوە دەرکەوتن و جۆرێک لە نیازپاکیمان لێ خوێندەوە، وەک سەردانی شاندێکی حکوومەتی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان و داواکردنی پێکھێنانی لیژنەی ھاوبەش بۆ گفتوگۆ دەربارەی دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانەکان، بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان و داواکردنی لیستی مووچەخۆرانی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقی فیدراڵەوە بەمەبەستی ناردنی مووچەکانیان.

 

سەفین دزەیی دەربارەی کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستانیش لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەم ھەنگاوە خۆشحاڵە و بە پێزانینەوە پێشوازی لێدەکات، ھەروەھا ئامادەیە لەسەر کێشەی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانیش لەگەڵ حکوومەتی عێراق گفتوگۆ بکات و بەپێی ئەو میکانیزمانەی دەستووری عێراق دیاری کردوون، ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ بەغدا بکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ھاوبەش کە لە بەرژوەندیی ھەردوولادا بێت.





ئەم هەواڵە 859جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad