English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو له پەرلەمانی عێراق: ١٢ گوند له پارێزگای کەرکووک لەبەردەم شاڵاوی تەعریبدان
2018-01-02 [04:07 AM]

ZNA- هەولێر


 

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا کە ئەمڕۆ لە نووسینگەی سلێمانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پێش گەڕانەوەی بۆ بەغدا بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سازی کرد، ئاماژەی کرد بەوەی لە ئێستادا دۆخێکی ترسناک لە سنووری پارێزگای کەرکووک و دەورووبەری ھەیە بە تایبەتی لە ناوچەی پەلکانە و ئەو ١٢ گوندەی کە ئێستا لەبەردەم شاڵاوی بە عەرەبکردنەوەدان.

 

موسەننا ئەمین گوتی: "ئەم بابەتە ترسناکانەی کە بەداخەوە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە کەرکووک ھەیە، بەناوی گەڕانەوە بۆ ھەیبەتی دەوڵەت و گەڕانەوە بۆ دەستوور و یاساکان، ھەموو دەستوور و یاساکان پێشێل دەکرێن و مافی کورد رۆژ بەرۆژ بەرەو دواوە دەچن، سیمای بە عەرەبکردن لە کەرکووک بە شێوەیەکی ئامانجدار دەردەکەوێت، ھاووڵاتییان دەرفێنرێن و تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ ئۆتۆمبێل لەناو شاری کەرکووک ڕفێندراوە، خەڵک دەکوژرێت و لاشەکەی فڕێ دەدرێت، ھەروەھا بەرپرسە کوردەکان لە شوێنەکانی خۆیان لادەبرێن و جلوبەرگی کوردیش لەناو زانکۆی کەرکووک قەدەغە دەکرێت".

 

ئەو گوتی: "ھەموو ئەوانە خاڵی ترسناکن و سەرەتای دەستپێکردنەوەی فیتنەیەکی تائیفی و نەتەوەیی نوێن لەناو شاری کەرکووکدا کە بە ھیچ شێوەیەک گەڕانەوە بۆ دەستوور و جێبەجێکردنی یاساکان و سەپاندنی ھەیبەتی دەوڵەت بریتی نییە لەوەی رێگا بدرێت بە دەیان کەس بە بڕیاری بەرپرسان و بە چەکداری حەشد و چەکدارەکانی پۆلیسی ئیتیحادی ھەڵبکوتنە سەر پەلکانە و ناوچەکانی تر بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەو ناوچانەی گەڕاونەتەوە بۆ خاوەنەکانی خۆیان سەرلەنوێ بەعەرەب بکرێنەوە".

 

ئەو ئەندامە کوردەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی کرد بەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو بابەتە دەخەنە بەرباس و ئیمزا لە دژی ئەو ھەوڵانەی حکوومەتی عێراقی کۆدەکەنەوە.

 

موسەننا ئەمین ئەوەشی گوت "ئێستا بە بیانوی پێداچوونەوەی ھەندێک لیست و دواخستنی گفتوگۆ، بۆ رازیکردنی رای گشتی دەڵێن کە پێداچوونەوە بە لیستەکان دەکرێت، بەڵام لە راستیدا ئاسۆیەکی روون دیار نییە ئەمانە کەی تەسلیم دەبن بەوەی کە ئەو ٣٠٠ ھەزار بەرمیلە نەوتەی کەرکووک کە لە بوودجەی ھەرێمی کوردستان بە پێی بوودجەی ساڵی ٢٠١٧ بە بەشێک لە بوودجەی ھەرێمی کوردستان دانراوە، بەڵام لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کە ئەوان دەستیان بەسەردا گرتووەتەوە بۆچی یەک دیناری نانێرن بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەوان رەنگە بیانەوێت جارێکی تر ھەرێم لەم قەیرانە قوڵانەوە بخەنەوە بەردەم ھەڵدێری شەڕی ناوخۆ و ئاڵۆزی زیاتر و شۆڕشی برسی و قەیرانی ئەمنی".

 

ئەو داوای لە سەرکۆماری عێراق کرد رێگا لەو دەستوەردان و کردەوانەی حکوومەتی عێراقی بگرێت و پەرلەمانتارانی کوردیش لە پەرلەمانی عێراق یەکدەنگ بن بۆ وەستانەوە لە دژی ئەو ھەوڵانە.

 

سەرچاوه: AA





ئەم هەواڵە 892جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad