English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی: پشت‌بەستن بە یاسای فڕۆکەوانی عێراق بۆ داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێم بڕیارێکی نابەجێیه
2018-01-04 [02:53 AM]

ZNA- هەولێر


 

بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی سلێمانی، تاھیر عەبدوڵڵا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند "دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی گشتپرسی لە ھەرێمی کوردستان ، حکوومەتی عێراقی ئاسمانی فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و ھەولێری بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا داخست، ئەوەش گورزێکی گەورە بوو لە فڕۆکەوانی و ئابووری ھەرێم و ئەو خزمەتگوزارییانەی لەو رێگەیەوە پێشکەش بە ھاووڵاتییان دەکرا".

 

ئەو گوتی: "بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق ھیچ بنەما و پاساوێکی یاسایی نییە و ناکرێت ئاسمانی بەشێک لە فڕۆکەخانەکان دابخرێت، ئەوان پشتیان بە یاسای فڕۆکەوانی عێراق بەستووە کە ئێمە بە بڕیارێکی نابەجێی دەزانین و ئەو پاساوانەی ئەوان پشتیان پێی بەستووە بە نابەجێی دەزانین و ئەو بەندانەی ئەوان بۆی گەڕاونەتەوە لە جێگای خۆیدا نین و ئەم دەزگایانە خزمەتگوزارین نەوەک سیاسی".

 

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەوەشی گوت: "راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە رۆژی ٢٧/٩/٢٠١٧ لێدانێکی گەورە بوو لە چالاکییەکانی فرۆکەخانەی سلێمانی، بە ھۆی ئەوەشەوە چەندین سێکتەر لە فڕۆکەخانەکەدا بەتەواوی کارەکانیان راگیراوە ، لەوانەش گوندی کارگۆ و خزمەتگوزارییەکان".

 

لە بارەی ژمارەی گەشتەکان لە ساڵی ٢٠١٧ دا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە گوتی: "لە ماوەی ساڵی رابردوو کۆی فڕۆکەی ھاتوو و رۆشتوو بۆ فڕۆکەخانەکە حەوت ھەزار و ٥٥٠ فڕۆکە بووە و ٤٨٥ ھەزار و ١٥٦ کەسیش گەشتیان کردووە. لە دوای راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکانیش ژمارەی گەشتەکان زۆر کەمیان کردووە و لە ئێستادا تەنھا گەشتی فڕۆکەوانی بۆ بەغدا و نەجەف و بەسرە ھەیە".

 

ئەو باسی لەوەش کرد، تێکڕای داھاتی فڕۆکەخانەکە لەماوەی ساڵی رابردوودا، ٣٧ ھەزار دۆلاری رۆژانە بووە، ھەروەھا ٣٦ ھەزار و ٥٠٠ تۆن کاڵای جیاواز ھاتووەتە فڕۆکەخانەکە، راگیرانی گەشتەکان زیانی گەورەی لە داھاتی فڕۆکەخانەکەش داوە.

 

بە گوتەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی، بە پێی بڕیارەکەی عێراق، راگیرانی گەشتە نێودەوڵەتییەکان تا رۆژی ٢٨ی مانگی داھاتوو درێژکراوەتەوە، ئەو ھیوای خواست لەماوەیەکی نزیکدا ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان بکرێتەوە.

 

سەرچاوه: AA





ئەم هەواڵە 619جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad