English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ناوەرۆکی کۆنگرە رۆژنامەوانییه هاوبەشەکەی نێچیرڤان بارزانی و مەلابەختیار
2018-01-07 [04:01 AM]

ZNA- هەولێر


 

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی ، پەیوەندییەکی مێژووییە ، ناڵێین کێشە نییە ، بەڵام ھەرچی لە کوردستان بکرێت، دەبێت نێوان پارتی و یەکێتی و پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە باشبێت". گوتیشی: "پێمانباشە ھەموو ھێزە کوردستانییەکان پێکەوە بەشداربین لە ھەڵبژاردنەکانی عێراق".

 

لەبارەی بەشداریی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان گوتی: "پێمانباشە ھەموو ھێزە کوردستانییەکان پێکەوە بەشداربین لە ھەڵبژاردنەکانی عێراق".

 

جێگری سەرۆکی پارتی سەبارەت به کۆبوونەوەکه گوتی: "کۆبوونەوەمان لەگەڵ یەکێتی زۆر گرینگ بوو، بەپێی ئەو قۆناخەی ئێستا لە کوردستان ھەیە و ئەو دانوستاندنانەی کە ھیوادارین دەستپێبکرێت لەگەڵ بەغدا، بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕ کرا. گەیشتین بەو رێککەوتنەی کە ئەم کۆبوونەوانە لەنێوان ئێمە لەداھاتوودا بەردەوام دەبێت و بە دڵنیاییەوە ھەردوولامان کۆکین کە ئەوەی ھەموولایەکمان بەرەو سەرکەوتن دەبات ئەوەیە کە ئێمە لەناوخۆمان وەک ھەموو ھێزە کوردستانییەکان یەکگرتوو بین بەھەموو پێکھاتەکانی دیکەیشەوە و بتوانین پێکەوە ئەو قۆناخە سەختەی کە ئەمڕۆ ھەرێمی کوردستان تێیکەوتووە دەربازی بکەین".

 

نێچیرڤان بارزانی، جەختیشی لە پەیوەندی نێوان حزبەکەی و یەکێتی کردەوە و رایگەیاند، دەبێت ئەو پەیوەندییانە قووڵتر بکرێتەوە، نەک تەنھا لەگەڵ یەکێتی، بەڵکو پارتی و یەکێتی لەگەڵ تەواوی ھێزەکانی دیکە.

 

دووپاتیشی کردەوە، مەرجی تێپەڕاندنی ئەو دۆخە، یەکڕیزییە.

 

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ پرسی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا گوتی: "لە پرسی گفتوگۆی نێوان ئێمە و بەغدا ھەڵوێستی ئێمە ئاشکرایە، ئێمە لەسەر بنەمای دەستووری عێراق ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەین بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی کە لەساڵی ٢٠٠٥ بەولاوە ھەیە ھەمووی لەسەر بنەمای دەستووری عێراق چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە. ئێمە ھیوادارین بەغداش ئەو رەغبەتەی ھەبێت. ھەرکات ئەوان ئامادە بن ئێمەیش ئامادەین".

 

سەبارەت به پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لە قۆناخی ئێستا نێچیرڤان بارزانی گوتی: "پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی پەیوەندییەکی مێژووییە، یەکێتی و پارتی قۆناخ بە قۆناخ لەگەڵ ئەم دۆخە ھاتوون تاوەکو گەیشتوونەتە ئەم لێکتێگەیشتنەی کە ئێستا ھەیە. ناڵێم کێشە نییە بەڵام بە دڵنیاییەوە ھەرچییەک لە کوردستان بکرێت مەرجی یەکەمی ئەوەیە کە دەبێت پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی و نێوان یەکێتی و پارتی و ھەموو ھێزەکانی دیکەی کوردستان باش بێت. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە ئەو پەیوەندییە بە پەیوەندییەکی گرنگ دەزانین و لەلایەن خۆمانەوە وەک پارتی پێمانوایە ئەم پەیوەندییە دەبێت قوڵتری بکەین و بەردەوام بێت. برادەرانی یەکێتیش لەسەر ئەوە کۆکن کە لەگەڵ ھەموو ھێزەکانی دیکەیش دەبێت پێکەوە بین. تەنیا مەرجی سەرکەوتنمان لەم قۆناخە سەختە ئەوەیە دەبێت بە یەکگرتوویی ئەم قۆناخە تێپەڕێنین".

 

نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکان و رایگەیاند، پشتگیرییەکان پەیامێکی جددییە بۆ بەغدا، کە ھەرێمی کوردستان قەوارەیەکە و ھەیە و پێویستە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق کێشەکان چارەسەر بکرێن.

 

ھاوکات روونیشی کردەوە، لە کۆبوونەوەیدا، لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا، جەخت لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانە کراونەتەوە بە گفتوگۆ.

 

لەبارەی پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی گۆڕان و کۆمەڵیش رایگەیاند، رێکاری یاسایی ھەیە و سەرەتا پێویستە دەست لەکارکێشانەوەکانییان لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە پەسەند بکرێن، بەڵام تا ئێستا پەسەند نەکراون و تا واژووکردنی نامەی دەست لەکارکێشانەوەیان دەبێت لە کارەکانییان بەردەوام بن.

 

لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرەکانی گۆڕان و کۆمەڵ لەحکومەتی ھەرێم  بارزانی رایگەیاند، "تا ئێستا دەستلەکارکێشانەوەکەم پەسەندنەکردووە، ناشزانین بۆچی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە".

 

نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو: "تا ئێستا وەڵامی ھۆکاری جێھێشتنی حکوومەتمان لەلایەن ئەوانەوە بەدەست نەگەیشتووە و ئەو وەڵامانەمان لێیان دەوێ، دوای چوار ساڵ تازە تێدەگەن ئەم حکوومەتە چۆنە و چۆن نییە"‌.

 

سەبارەت بە سەردانی سێ لایەنی سیاسی بۆ بەغدا نێچیرڤان بارزانی گوتی: "پێمان خۆشە ئەگەر ئەو سێ لایەنە قسەیەکی خێریان کردبێت لەبارەی ھەر بابەتێکەوە بووبێت، بەڵام باشتر دەبوو ئەگەر ھەموومان پێکەوە رۆیشتباین و بە یەکەوە بەرگری لە مافەکانی ھەرێمی کوردستان بکات."

 

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە، ئەولەویەتی کارەکانییان ئەوەیە کە ئەو دۆخە سەختەی ئێستا تێپەڕێنن.

 

لە وەڵامی رۆژنامەواناندا، سەبارەت بە بوونی دەستی ھەرێمی کوردستان، لە ئاڵۆزییەکانی ئێران، نێچیرڤان بارزانی گوتی"ئەوە لە کۆمێدیا دەچێت".

 

روونیشی کردەوە، بە ھیچ شێوەیەک دەستییان لەو پشێوییانەی ئێراندا نییە بە نسبەت ئێرانیش دراوسێیەکی گرنگە و نابینە ھۆکاری تێکدانی ئاسایشی ئێران، ئەوەی لەو وڵاتە دەگوزەرێ پەیوەندی بە دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەوە ھەیە.

 

له درێژەی کۆنگره رۆژنامەوانییەکەدا بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، مەلا بەختیار رایگەیاند، دوای رووخانی رژێمی سەدام، کورد ھیچ نەماوە نەیکات لە پێناو بونیاتنانەوەی عێراق و دوورخستنەوەی لە مەترسییەکان، لەبارەی بارودۆخی ئێستای کەرکووکیش گوتی: "نابێ وەک شامی شەریف تەماشای کەرکووک بکەین".

 

ھەروەھا رایگەیاند، سەرکەوتنەکانی سوپای عێراقیش بەھۆی ھاوکاری پێشمەرگە بوون، بەڵام بەغدا سیاسەتێکی چەوتی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان پیادە کردووە، ئەوەش تەنیا بەرامبەر ئەنجامدانی پرۆسەیەکی دیموکراسی وەک ریفراندۆم.

 

مەلا بەختیار رایگەیاند، "ئەگەر ھەڵەشمان کردبێت لە ئەنجامدامی ریفراندۆمدا، بای ئەوە نەبووە ئەوەمان بەرامبەربکرێت و حەشدی شەعبی بەرامبەرامان بەکاربھێنرێت".

 

مەلا بەختیار گوتی: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، باس لە گرنگی و پاراستنی کۆی دەستکەوتەکان کراوە.

 

سەبارەت بە سەردانی شاندی سێ حزبی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، مەلا بەختیار رایگەیاند، ئێمە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە، دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لە رێگەی حکوومەتەوە بێت.

 

روونیشی کردەوە، ئەو سێ حزبە بەر لە سەردانەکە لەگەڵ ئەوان کۆبوونەتەوە و دوای گەڕانەوەشیان ھیچیان باس نەکردووە.

 

لە بارەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی، مەلا بەختیار رایگەیاند، رێککەوتنەکە کاری خۆی کردووە، تەنانەت ھەموو پیلانگێڕییەکان نەیانتوانیوە ئەو دەستکەوتانە لەناوبەرن کە بە ھۆی ئەو رێککەوتنە تێکبدەن.

 

سەبارەت بە وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی داھاتووی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەدا ھەست نەکراوە یەکێتی ئامادە نەبێت بۆ ھەڵبژاردن، ئەو بابەتەش لە نێوان سەرۆکایەتی حکوومەت، پەرلەمان و کۆمیسیۆن یەکلا دەکرێتەوە و بڕیارە ھەفتە داھاتوو کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدرێت و بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە بدرێت.

 

مەلا بەختیار کۆنگرەیەکدا رایگەیاند، "نابێت دووفاقی بین و دەبێت ھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین".





ئەم هەواڵە 445جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad