English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پۆلیسی هەولێر سەبارەت به دزینی چەند ئۆتۆمبێلێک دەنگۆی تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان رەت دەکاتەوه
2018-01-07 [04:13 AM]

ZNA- هەولێر


 

ماوەی دوو رۆژە لەلایەن بەشێک لە بەکارھێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاگادارییەک بڵاودەکرێتەوە کە گوایه لە ھەفتەی رابردووەوە تا ئێستا پێنج ئۆتۆمبێل لە شاری ھەولێر دزراوە و ئەو دزینەکردنەش لە رێگای ئەو کۆدە بووە لە پێشەوەی جامی ئۆتۆمبێلەکانەوە ھەیە، بەڵام گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و ئاماژە بە چەند حاڵەتێکی دزیکردن دەکات بەڵام وەک ئەو رایگەیاند ئەوە پەیوەندی بەو کۆدەی پێشەوەی جامی ئۆتۆمبێلەوە نییە.

 

رائید ھۆگر عەزیز گەڵاڵی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەتەوە گوایه لە رێگای زانینی ئەو کۆدەی دەکەوێتە پێشەوەی جامی ئۆتۆمبێلەوە، چەند ئۆتۆمبێلێک دزراوە، لە راستیدا شتی وانەبووە بەڵکو زانیارییەکان بەم شێوەیەن کە چوار حاڵەتی بردنی ئۆتۆمبێل ھەبووە و ئەوانیش ئۆتۆمبێلی مۆدێل کۆنن کە زۆربەیان بە سویچی دیکەش کار دەکەن و دوای بردنیشیان لە شوێنێک بەجێھێڵدراون و سێ لەو ئۆتۆمبێلانە لەلایەن بنکەکانی پۆلیسەوە دەستی بەسەرداگیراوە تا لێکۆڵینەوە تەواو دەبێت و رادەستی خاوەنەکانییان دەکەین".

 

ھۆگر گەڵالی گوتیشی: "ئۆتۆمبێلی چوارەم کە مۆدێل بەرزبووە و ئەویش کەسێک فرۆشتوویەتی و سویچێکی لەلای خۆی ھێشتووەتەوە و ماوەیەک چاودێری کردووە تا شەوی سەری ساڵ کە دەرفەتی وەرگرتووە و ئۆتۆمبێلەکەی بەو سویچە دزیووە کە لەلای ماوەتەوە و دواتر بردوویەتی بۆ شاری سلێمانی و لەوێ فرۆشتوویەتی. دواتر لە رێگای تیمەکانی پۆلیس توانیمان تۆمەتبار دەستگیربکەین و ئۆتۆمبێلەکەش بگەڕێنینەوە".

 

گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر ھاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە ھەمیشە تیمەکانی پۆلیس لە ئامادەباشیدان، راشیگەیاند کە پێویست ناکات ترس و دڵەڕاوکێ بکەوێتە دڵی ھاووڵاتییان چونکە ھەموو تاوانێک کەمتر لە بیست و چوار کاتژمێر ئاشکرا دەکرێن و تۆمەتباران رادەستی دادگا دەکرێن.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەی دوو رۆژە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ بووە لەو ئاگادارکردنەوە و داوا لە شوفێران دەکرێت کە کۆدی جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکان بشارنەوە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان نەدزرێت بەڵام پۆلسی ھەولێر ھەموو ئەو ھەواڵانە رەتدەکاتەوە.

 

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر، لە ساڵێ رابردوودا، ٦٧٧ کەس بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکراون، ئەوانەی پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ تەواوکراوە و براونەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە ٥٨٣ کەسن، تەنیا ٩٤ کەس پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان ماوە و کاریان لەسەر دەکرێت.





ئەم هەواڵە 565جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad