English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
داواکاری گشتیی هەرێم له ساڵی٢٠١٧دا وردبینی و دەربڕینی سەرنجی لەسەر نزیکەی دوو هەزار دۆسیه کردووه
2018-01-07 [04:14 AM]

ZNA- هەولێر


 

ئەمڕۆ سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لەھەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ گوتەبێژی سەرۆکی داواکاری گشتی و سەرۆکی دەستەی مافی گشتی لەو دەزگایە رێکخست بۆ خستنەڕووی کار و چالاکییەکانی لە ساڵی ٢٠١٧.

 

لەوبارەیەوە و لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا گوتەبێژی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، دادوەر دڵشاد فایز رایگەیاند: "دەستەی وردبینی لە دۆسییەکانی تاوانی گەوران، ئەم دەستەیە ھەڵساوە لە لایەن ئەندامانی داواکاری گشتی بە وردبینی و دەربڕینی سەرنجییان لەسەر ھەزار و ١٧٩ لەو حوکمانەی کە لە لایەن دادگەکانی تاوان لە ھەرێمی کوردستانەوە دەرچووە و رەوانەی دادگای تەمیز کراوە کە سزاکانییان بریتی بووە لە سزای ھەتا ھەتای یان سزای لەسێدارەدان، ھەروەھا دەستەی وردبینی لە دۆسییەکانی تاوانەکانی نەوجەوانان، ئەم دەستەیە لەلایەن ئەندامانی داواکاری گشتییەوە ھەڵساوە بە وردبینی و دەربڕینی راو و سەرنجییان لە ٨١٨ لەو بڕیارانەی کە لە لایەن دادگەکانی نەوجەوانان لە ھەرێمی کوردستانەوە دەرچووە و رەوانەی دادگای تەمیز کراوە کە جۆری تاوانەکان جنایات بووە، لەبارەی دەستەی راوێژکاری زیاتر لە ٦٨ راوێژ بۆ کەیسەکان کراوە، دەستەی تانەلێدان لە بەرژەوەندیی یاسا ئەمیش ١٠ تانە بوو".

 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن باسی لەوە کرد کە دەستەی مافی گشتی لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ٣٩ جوڵاندنی سکاڵای داوای مافی گشتییان ھەبووە لەگەڵ دانانی ٣٣٢ نوێنەر، لەگەڵ ٣٧٤ بەدواداچوون.

 

ھەرچی پەیوەنددارە بە فەرمانگەی داواکاری گشتی لە ھەولێر و دەوروبەری ئەوا ھەزار و ٤٩١ جوڵاندنی سکاڵای داوای مافی گشتی ھەبووە، لەگەڵ دانانی ٢٠١ نوێنەر و لەگەڵ بەدواداچوونی ٣٤٤ کەیس، ھەروەھا فەرمانگەی داواکاری گشتی لە دھۆک و دەوروبەری ئەوا ٢٢ جوڵاندنی سکاڵای داوای مافی گشتی ھەبووە، لەگەڵ ٣٣١ بەدواداچوون، ھاوکات فەرمانگەی داواکاری گشتی لە سلێمانی و دەوروبەری ٤٧٠ جوڵاندنی سکاڵای داوای مافی گشتی ھەبووە، لەگەڵ ٢٥ سکاڵا لەسەر کەیسی بندیوارەکان، فەرمانگەی داواکاری گشتی لە گەرمیان و دەوروبەری ١٣٢ جوڵاندنی سکاڵای داوای مافی گشتی ھەبووە، لەگەڵ ٢٨٠ بەدواداچوون، ئەمە و فەرمانگەی داواکاری گشتی لە ھەڵەبجە و دەوروبەری ٤٦ جوڵاندنی سکاڵای داوای مافی گشتی ھەبووە، لەگەڵ ١٦ بەدواداچوون.

 

لە درێژەی کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەیدا گوتەبێژی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی دڵشاد فایز بۆ دەزگاکانی راگەیاندن روونی کردەوە "سەرجەم داواکانی مافی گشتی بریتییە لە دوو ھەزار و ٢٠٠ سکاڵا کە داواکاری گشتی لە پارێزگاکانی ھەرێم جووڵاندوویەتی لەدژی ئەو کەسانەی کە دەست درێژییان کردووەتە سەر موڵک و ماڵی گشتی و بەتەنھا تاوانەکانی زێدەڕۆیی نیوەی ئەم ژمارەیە بووە، ھەروەھا داواکای گشتی لەرێگەی لێژنەکانی تۆمارکردنی داوای مافی گشتی لە شارەکان بە ملیارەھا دیناری بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕاندووەتەوە و کاری کردووە لە کێشەی فەرمانبەرانی بندیوار و خانەنشینی نایاسایی پلە باڵاکان خۆشبەختانە ئێستا لەگەڵ دەستەی دەستپاکی و سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژە یاساکانییان ئامادەکردووە و پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کراوە بەمەبەستی بڕیاردان و چارەسەری نەھێشتنی ئەم حاڵەتانە، ھەروەھا کارمان کردووە بەمەبەستی پێشخستنی سیستەمی کارگێڕی و بانکەکان لەھەرێمی کوردستاندا".

 

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانیشدا سەبارەت بەو سکاڵایانەی بەھۆی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کراون بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بەو رەفتارانەی بەشێک لە چەکدارانی حەشدی شەعبی پێی ھەستاون، سکرتێری دەستەی مافی گشتی لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، بۆتان بەکر گوتی: "لەبارەی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و رۆژانی دواتر روویاندا ئەوانەی کە لە کەرکووک ودەوروبەری روویاندا فەرمانگەی داواکاری گشتی گەرمیان کردووە راسپێردراون بۆ ئەوەی راپۆرتێک لەوبارەیەوە پێشکەش بکەن و ئەوان لەکۆتایی کارەکانیاندان بۆ ئەوەی لایەنی بەرپرسی کەمتەرخەم رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر وەربگیرێت".

 

سەبارەت بە رووداوەکانی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی ناوبراو گوتی" سکاڵا کە تۆمار دەکرێت لە پۆلیس یان دادگاکان، ئەگەر ئەوانەی کە داواکاری گشتی تۆماریان دەکات یان ئەوانی بەداخەوە خەڵکییان لێ کوژراوە ئەگەر سکاڵا تۆماربکەن دەبێت داواکاری گشتی ئاگاداربکەنەوە، ئەگەر نەیانکرد ئەوا داواکاری گشتی دەبێت سکاڵا تۆمار بکات لەوبارەیەوە".

 

لەبارەی دیارترین ئەو کەیسانەی کە داواکاری گشتی کاری لەسەرکردوون بۆ ساڵی ٢٠١٧ بۆتان بەکر گوتی "گرنگترین کێشەکان بریتی بوون لە ئەنجامدانی تاوانی زێدەڕۆیی و دەستدرێژی بۆ سەر ماڵک و موڵکی حکوومەت، ساڵی ٢٠١٧ رێژەکە زۆر زیادبووە لەوبارەیەوە و دادگاکانیش کاری خۆیان کردووە لەوبارەیەوە و ئەوەشی دەمێنێتەوە لایەنی جێبەجێکارە تا چەند کارەکان دەکات".

 

دەربارەی سیستەمی پاشەکەوتی مووچەش بۆتان بەکر گوتی: "داواکاری گشتی چارەسەری خستووەتە روو بۆ حکوومەت بۆ کار لەسەرکردنی".

 

لەبارەی پێشێلکارییەکانی دژ بە رۆژنامەنووسان بۆتان بەکر لەدرێژەی قسەکانیدا و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا روونی کردەوە "داواکاری گشتی دەسەڵاتی داخستنی ھیچ کەناڵێکی نییە کە وەکو تۆمەت بەداخەوە خراوەتە پاڵی ئێمە، بەڵکو وەزارەتی رۆشنبیری ئەویش بەپێی یاسای کاری رۆژنامەنووسی کە دەبێت مامەڵە بکات ئەویش تەغریم کردنە نەوەک داخستن".

 

دڵشاد فایز لەوبارەیەوە روونکردنەوەی زیاتری دا و رایگەیاند "لە دەسەڵاتی داواکاری گشتی ھەیە بەپێی یاسای رۆژنامەگەری کە سکاڵا بجوڵێنێت لەدژی ئەو کەناڵانەی کە ئیتیکی رۆژنامەنووسی ناپارێزێت، بەداخەوە کەناڵی ئێن ئاڕتی ئەو ئیتیکەی نەپاراست و ئێمەش سکاڵامان لەسەر تۆمارکردن".

 

ھەروەھا گوتەبێژی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لەبارەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە رۆژنامەنووستان، دڵشاد فایز گوتی: "ئێمە لەھەر فەرمانگەیەک لێژنەیەکمان ھەیە و پێکھاتووە لەچەند ئەندامێک ھەر زانیارییەک بۆمان بێت یان خۆمان بیزانین ئەگەر راستی ھەبێت ئەوا داوای سکاڵا جوڵاندن دەکەین لەدژی ئەو کەسەی ھەڵساوە بە پێشێلکردنی مافی گشتی لەنێویاندا مافی رۆژنامەنووساندا، ئێمە سکاڵامان لە دادگاکانی ھەولێر و لە سلێمانیش تۆمارکردووە دژی ئەو کەسانەی کە پێشێلکارییان دژ بە رۆژنامەنووسان کراون و ئێمەش بەدواداچوون بۆ ئەو مەسەلانە دەکەین".

 

سەبارەت بە دۆسیەی نەوتیش گوتەبێژی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، دادوەر دڵشاد فایز گوتی: "ئێمە چەندین جار بەدواداچوونمان کردووە بۆ ئەو کەیسە و جارێک داوای راپۆرتی زانیاری و داتامان لێکردن، بەڵام ئەوان بەزمانی ئینگلیزی بۆیان ناردووین و گوتمان بیکەنەوە بە زمانی کوردی بۆ ئەوەی باشتر لێی تێبگەین و لە زانیارییەکان وردتر بکۆڵینەوە".

 

سەرچاوه: AA





ئەم هەواڵە 550جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad