ZNA-هەولێر ڕۆژی یەکشەممە فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت لەگەڵ بەڕێز سیامەک بوڕهانى جێگرى کونسوڵى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئیران لە هەولێر کۆبووەوەو بە فەرمى نیگەرانی و ناڕەزاییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانى گەیاندە کۆمارى ئیسلامى ئێران سەبارەت بە لێدوانێکى ئاغاى موحسین ڕهزایى، ئەمیندارى ئهنجومهنى دهستنیشانكردنی بهرژوهندییهكانى ئێران کە گوایە خۆپیشاندانهكانى ئێران له ههولێرهوه پلانى بۆ دانراوەو بهڕێوه دهبرێن.
لە دیدارێکدا کە بەڕێز عبدالله ئاکرەیى بەرێوەبەرى گشتى لە فەرمانگە ئامادەبوو، فەلاح مستەفا گووتى لێدوانى ئەمیندارى ئهنجومهنى دهستنیشانكردنی بهرژوهندییهكانى ئێران پێچەوانەى بنەماو یاسا نێودەوڵەتیەکانە بۆ پەیوەندى دوولایەنە. چونکە قسەکانى چەند تۆمەتێکى هەڵبەستراوى بێ بنەمایەو یەکەم جاریش نییە ئەم تۆمەتانە لەلایەن گەورە بەرپرسانى ئێران بڵاودەکرێتەوە، داواشى لێدەكەین ئەگەر ناوبراو هەر بەڵگەیەکى هەیە لەسەر ئەم مەسەلەیە با بیخاتەڕوو.
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت دووپاتى کردەوە کە ئەم لێدوانە بە هەڵوێستێکى نەگونجاو دەبینین و دژى پەیوەندی نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێرانە، هاوکات بەرێزیان جەختى کردەوە کە حکومەتى هەرێم خوازیارى پەیوەندى دۆستانەیە لەگەڵ تەواوى وڵاتانى ناوچەکەو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى.
پاشان بەڕێز سیامەک بوڕهانى جێگرى کونسوڵى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران گووتى من ئەو نیگەرانیانەى ئێوە بە هەند هەڵدەگرم و دەیگەیەنمە بەرپرسانى باڵاى وڵات لە تاران.
بەڕێزیان وێڕاى خستنەڕووى چەند سەرنج و تێبینیەک، گووتى ئێمە لە نزیکەوە کار لەگەڵ حکومەتى هەرێم دەکەین و هەردوولا لەسەر ئاستى باڵا کۆکین لەسەر بەردەوام بوون و فراوانبوونى پەیوەندیەکانى نێوانمان. بۆ ئەم مەبەستە لێکتێگەیشتن بۆ سەرجەم پرسەکان هەیە.
ئەم هەواڵە 883جار خوێندراوەتەوە |