English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئێران: قسەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێمە گرنگن
2018-01-08 [03:32 AM]

ZNA- ھەولێر 



گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێ، رەتکردنەوەی دەستھەبوونی ھەرێمی کوردستان لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە بۆ ئێران گرنگە. جەختیشدەکاتەوە کە ئەوان بەدووری دەبینن بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران ھەوڵبدەن.

بەھرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووشەممە ٨-١-٢٠١٨ لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی ھەفتانەیدا لەبارەی تۆمەتبارکردنی ھەرێمی کوردستان بە دەستھەبوون لە سەرھەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لەلایەن موحسین رەزایی، سکرتێری کۆڕی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە رایگەیاند: "بەلەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەکانی ئێران و ھەرێمی کوردستان، زۆر بەدووری دەبینین بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان و خەڵکی کورد دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران ھەنگاوبنێن". 

قاسمی ھەورەھا گوتی: "ھیچ بەڵگەیەک لەبەردەست نییە بۆ تۆمەتبارکردنی ھەرێمی کوردستان و لێکۆڵینەوە لە رەھەندە ئەمنییەکەی، ئەو بابەتە پەیوەندی بە دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە ھەیە". جەختیشی کردەوە کە رەتکردنەوەی ئەو بابەتە لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە بۆ ئەوان گرنگە.

دوو رۆژ پێش ئێستا موحسین رەزایی ھەرێمی کوردستانی بە دەستھەبوون لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئێران تۆمەتبارکرد و رایگەیاند: "چەند مانگێک پێش ئێستا لە شاری ھەولێر کۆبوونەوەیەک لەنێوان بەرپرسی دۆسیەی ئێران لە بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی رێکخراوی ھەواڵگریی ئەمریکا و بەرپرسی نووسینگەی قوسەی کوڕی سەددام و ھانی تەلفا، ژن برای سەددام حوسێن، نوێنەرێکی بارزانی و نوێنەرانی رێکخراوی موجاھدینی خەڵق و نوێنەری سعودیە بەڕێوەچووە، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە لە کۆتایی سەرماوەز لەڕێگەی کەناڵەکانی ئینتەرنێتەوە ناڕەزایەتی و پشێوی لە ئێران بنێنەوە و لە مانگی بەفرانبار و رێبەنداندا کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بھێنن لە ئێران".

ھەمان رۆژ سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا وەڵامی دایەوە و رایگەیاند: "ھەرێمی کوردستان بەکردەوە سەلماندوویەتی ھەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە بووە و ھەرگیز رێگەی نەداوە و نادات ببێتە ھۆی ئاڵۆزی و دروستبوونی پشێوی لە وڵاتانی دراوسێ، ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و جیھانیش ھەمیشە خوازیاری پەیوەندییەکی دۆستانەیە لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژوەندیی ھاوبەش. ئەم جۆرە لێدوانانە ھیچ خزمەتێک بە دراوسێیەتی و پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ناکەن".

رۆژێک دواتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەسەر ھەمان بابەت رایگەیاند: "ئەمە زیاتر لە شتێکی کۆمیدی دەچێت تا راستی، لەڕاستیدا ھەر شێوازی گوتنەکەش، یەکەم شت ئێمە بەھیچ شێوەیەک لە ھەرێمی کوردستان دەستمان لەو کێشانە نییە لەگەڵ ئێران، ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە، ئێمەش وەکو ھەرێمی کوردستان ھەمیشە خوازیاری پەیوەندی باشین لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو سیاسەتەی ئێمە سیاسەتی ھەموو ھێزەکان و سیاسەتی ھەرێمی کوردستانە و بەردەوامیش دەبێت، ئێمە بەھیچ شێوەیەک نابین بە فاکتەرێک ئاسایش و ئەمنییەتی ئێران تێکبدەین، بەپێچەوانەوە ئێمە دەمانەوێت ھەموو لایەنەکان لەوە تێبگەن ئەوەی لە ئێران دەگوزەرێت مەسەلەیەکی نێوخۆیی خودی ئێرانە و ھیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئێمە ھیوادارین چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە لە چوارچێوەی ئێراندا".

سەرچاوە / رووداو
 





ئەم هەواڵە 1225جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad