English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
له کۆنگرەیەکی رۆژنامەوایدا نێچیرڤان بارزانی ناوەرۆکی یەکەم کۆبوونەوەی ساڵی نوێی ئەنجوومەنی وەزیرانی خستەڕوو
2018-01-08 [06:12 AM]

ZNA- هەولێر


 

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی خۆیدا کە لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران بەستی تیشکی خستە سەر چەند بابەتێک و چەند رۆژەڤێکی بۆ رۆژنامەنووسان کە ئاژانسی ئانادۆڵوش ئامادەی بوو شیکردەوە.

 

لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "ئەمڕۆ ئێمە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانمان بوو، تەوەری سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە بریتی بوو لە مەسەلەی وردبینی لە پڕۆسەی نەوت و غاز لە ھەرێمی کوردستان، بە پێی یاسای نەوت و غاز کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، ھەرێمی کوردستانی پابەندکردووە بەوەی پێویستە وردبینی بکات لە ھەموو پڕۆسەکانی دەرھێنان و ھەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت و غاز لە ھەرێمی کوردستاندا، ئێمە بە پێی ئەو یاسایە لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٦ لە ئەنجوومەنی وەزیران ئەو بڕیارەمان دەرکردووە کە ئێمەی پابەندکردووە کۆمپانیای جیھانی وردبینی بھێنین بۆھەرێم و ئەوان وردبینی بکەن لەو پڕۆسەیەدا".

 

گوتیشی: "ئەمڕۆ بەخۆشحاڵییەوە دەتوانم بڵێم ئەوە رابگەیەنم لە پێناو شەفافییەت لە ھەرێمی کوردستاندا و وردبینیکردنی پڕۆسەی ھەناردەکردن و دەرھێنان و فرۆشتنی نەوت، ئەمڕۆ، ئێمە ھەنگاوێکی زۆر گرنگمان جێبەجێکردووە، ئەویش ئەوەیە کە دوو کۆمپانیای گرنگ لە ھەرێمی کوردستانن کە کۆمپانیای دیلۆیت و ئەوی تریشیان ئەریستن کە کاری وردبینی دەکەن، ئەمانە دوو کۆمپانیای زۆر گرنگن و لە دونیا ناسراون و بە پێی ئەو تەندەرەی کراون لە ھەرێمی کوردستاندا ئەم کارە جێبەجێ کراوە، ئەم پڕۆسەیە لەژێر سەرپەرشتی لێژنەی نەوت و غاز جێبەجێ کراوە، نە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و نە ئەنجوومەنی وەزیران بەشدارییان نەکردووە، بەڵکو لە لایەن لێژنەی نەوت و غازەوە جێبەجێکراوە و لێرەوە سوپاسی سکرتێری ئەنجوومەنەکە دکتۆر ئامانج و ئەوانەی لەگەڵیدا کاردەکەن و لە یەکەم رۆژەوە کاری وردییان کرد تا گەیاندیانە ئەم رۆژە، ھەروەھا سوپاسی کادیرەکان و وەزارەت و وەزیری سامانە سروشتییەکان دەکەم و ھەروەھا سوپاسی کۆمپانیای دیلۆیت دەکەم کە زۆر بە وردبینییەوە کارەکانییان کردووە".

 

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن روونی کردەوە "ئەم راپۆرتە ھەموو وردەکارییەکانی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان لە چەند رۆژی داھاتوو باس دەکەین پێش ئەوەی ھەموو ژمارەکانی بڵاوبکەینەوە، پاشان ھەموو ژمارەکان ئەوەی لە راپۆرتەکە ھاتووە بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان بڵاودەکەینەوە، پڕۆسەیەکی زۆر گرنگ بووە و وردبینییەکی زۆر کراوە و ئەمە زۆر گرنگە لە پڕۆسەی شەفافییەت لە نەوت و غاز و ئەمەش جێی پرسیار بووە لە لای خەڵکی ھەرێم و وڵاتانی دەرەوە، ئەو ھەنگاوەی پێی گەیشتووین ھەنگاوی زۆر گرنگ بووە لە شەفافییەتدا".

 

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر ئەو لێژنانەی دروستکراون بۆ دابەشکردنی مووچە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە و رایگەیاند "ئێمە ئامادەین ھەموو ئاسانکاری و ھاوکارییەک بکەین ئەگەر فعلەن بەغدا ئامادەبێت مووچە بدات، تا ئێستا ئەو لێژنانەی نێوان ئێمە و ئەوان باسی ئەو مەسەلانەیان کردووە، بەڵام ھێشتا ھیچ مووچەیەک لە بەغداوە نەگەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان و ھیوادارین ئەو مەسەلەیە جێبەجێ بکرێت و مووچەی ئەو وەزارەتانە و وەزارەتەکانی دیکەش لە بەغداوە بنێردرێت".

 

ھەروەھا لەبارەی پارەی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بەداخەوە تا ئێستا ھیچ پارەیەک نەھاتووە، کە بەغدا تا ئێستا نزیکەی ٧٠٠ ملیار دینار قەرزاری جووتیارانی ھەرێمی کوردستانە و ھیچی نەھاتووە".

 

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە بڕیاری راگرتنی کارکردن لەگەڵ کۆمپانیای کار لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ نەوتی کەرکوک بەتایبەت گوتی: "ئەوەی ئێمە کردوومانە بۆ ئیحراجکردنی ھیچ لایەنێک نەبووە، زیاتر بۆ مەسەلەی شەفافییەت بووە لە پڕۆسەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ئەگەر بەغدا گرنگە بەلایەوە بزانێت چی ھەیە ئەوا ئامادەین ھەموو ژمارەکانییان بدەینێ، چونکە ئێمە پڕۆسەکەمان ویستوومانە ئەوپەڕی شەفافییەتی تێدابێت".

 

گوتیشی: "ئەو بڕیارەی داویانە لە جێی خۆی نییە، ھەر کۆمپانیایەک ھی کەرتی تایبەتە و ھی پێویست ناکات پەرلەمانی عێراق ئەو بڕیارە بدات و کارکردن رابگرێت. لە لایەکی دیکەوە ئێمە خۆشحاڵین بەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری داوە لێژنەیەک بۆ رووداوەکانی خومارتوو دروست بکرێت، چونکە بۆ ھەموو عێراق ئەو مەسەلانە و ھەموو ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێتە سەر موڵک و ماڵ و گیانی خەڵک دەبێت لێکۆڵینەوەی تەواو لەو پێشێلکارییانەی کراوە تیادا بکرێت".

 

سەبارەت بە راپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیت و پەیوەستە بە چی کاتێکەوە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "ئەو وردبینییەی کە کۆمپانیای دیلۆیت کردوویەتی بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧یە، گرێبەستی ئێمە لەگەڵ دیلیۆیت ئەوە نییە تەنھا وردبینی بکات، بەڵکو ئەوەشی ھەناردەکردنی نەوتمان لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٤ەوە دەست پێکردووە، دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی ئەو ساڵە بوودجەی ھەرێمی کوردستانیان بڕی، بۆیە وردبینییەکە لە مانگی پێنجی ساڵی ٢٠١٤ەوە وردبینی تێدا دەکرێت، بەڵام راپۆرتی ئێستا تەنھا تایبەتە بە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ئەوانەی دیکەش وردبینی دەکرێت، ھەموو پاڵاوگەکانی کوردستان، ئەو پارەیەی کاتی خۆی بەناوی شیرینی وەرگیراوە و ھەموو ئەوانی دیکەش وردبینی دەکرێت و ھەمووشی بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق و دونیاش بڵاوی دەکەینەوە".

 

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ئەوەشی پەیوەستە بە نامەکەی سەرکۆماری عێراق و دەستپێشخەرییەکەی بۆ دەستپێکردنی دانوستان لە نێوان ھەولێر و بەغدا، گوتی: "ئێمە وەڵامی نامەی سەرکۆمارمان داوەتەوە و ئامادەیی خۆمان نیشانداوە بۆ ئەوەی دانوستان بکەین، ھەرکاتێک بەغدا ئامادەبێت، ئێمەش ئامادەین".

 

لەبارەی ئەو ژمارانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لەبارەی پڕۆسە نەوتییەکان و داھاتەکانی دەیانڵێت سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "لیست و ژمارەکان روونن، پاش ئەم کۆنگرەیەی عەبادی بە ژمارە وەڵاممان داوەتەوە، ھیوادارین ئەم وردبینییەی ئەمڕۆ لە لایەن کۆمپانیای جیھانی دیلیۆیت کراوە یارمەتیدەر بێت لەو پرسەی لە نێوان ئێمە و بەغدا ھەیە و ئەوانیش بگەنە ئەو قەناعەتەی ئەوەی ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان ھەمانە فعلەن بەشی ھەموو مووچەی ھەرێمی کوردستان ناکات".

 

لەبارەی دانانی پارێزگایەکی نوێ بۆ کەرکووکیش سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی روونی کردەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەیان لەبارەیەوە کردووە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ھیچ ئەنجامێک، گوتیشی"بڕیار وایە کۆبوونەوەی تریشی بەدوادابێت بۆ ئەو مەبەستە".

 

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بوونی کۆبوونەوە لە نێوان بارزانی و بەرپرسانی تورکیا نێچیرڤان بارزانی گوتی: "پەیوەندیی لە نێوان ئێمە و تورکیا ھەیە، بەڵام تا ئێستا وادەیەک دەستنیشان نەکراوە بۆ ئەوەی ئێمە سەردانی تورکیا بکەین، بەڵام پەیوەندیی بەردەواممان ھەیە، ھیوادارین دانیشتنیش بکرێت لەگەڵ تورکیا و پەیوەندیی نێوان ئێمە و تورکیا ئاسایی بکرێتەوە، بۆ ئێمە تورکیا وڵاتێکی گرنگە و ھەرێمی کوردستان خوازیارە پەیوەندیی باشی لەگەڵ دراوسێیەکانیدا، ھەبێت".

 

سەبارەت بە دیاریکردنی رۆژێک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتی: "تا ئێستا گوێم لێ نەبووە ھیچ لایەنێک لەگەڵ ھەڵبژاردن نەبووبێت، ئێمە لەگەڵ کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن کۆبووینەتەوە، ئەوان داوای پێویستیی ھەڵبژاردنییان کردووە، ئێمە وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو پێداویستییانەی پێویستن بۆیان جێبەجێ دەکەین، دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردنیش بڕیار وایە حکوومەت و پەرلەمان و کۆمیسیۆن دابنیشین و رۆژێک بۆ ھەڵبژاردن دیاری بکەین، ئەو کۆبوونەوەیە ھیوادارین لە ھەفتەی داھاتوو بیکەن و بتوانین رۆژی ھەڵبژاردن دیاری بکەین، ھەڵبژاردن بۆ ھەموو لایەک گرنگە، بۆ شەرعییەتی ھەرێمی کوردستان و ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا بۆ دەرچوون لەو وەزعەی ئێستا لە ھەرێمی کوردستان مەسەلەی ھەڵبژاردن زۆر گرنگە و دەبێت بکرێت".

 

لە درێژەی کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەیدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەشکرد کە ئەو کۆمپانیایەی وردبینی بۆ ھەرێمی کوردستان یان بەغدا خۆی لەکەدار ناکات و ئومێدیشی خواست ئەو وردبینییە ببێتە دەروازەیەک بۆ کردنەوەی دەرگای لێکتێگەیشتن لە نێوان بەغدا و ھەرێمی کوردستان.

 

سەبارەت بە تەعریبکردنی ناوچەکانی کەرکووکیش گوتی: "زۆر بە نیگەراینیەوە سەیری ئەو ھەنگاوانە دەکەین، ئەو ھەنگاوانە دەبێتە ھۆی دروستبوونی ئاڵۆزی زیاتر لەو ناوچانە، ھیوادارین بەغدا بوار بۆ ئەوە نەدات، چارەسەری ئەو کێشانە زۆر دیارە، نەخشەڕێگەیەک ھەیە و ماددە دەستوورییە ھەیە و دەبێت جێبەجێ بکرێـت".

 

لەبارەی تۆماری دەنگدەرانیشەوە کە دەگوترێت ناوی دووبارە و ساختەی زۆری تێدایە بارزانی گوتی: "پێویستە کۆمیسیۆن وەڵامی ئەو قسانە بداتەوە لەسەر پاککردنەوەی ناوی دەنگدەران، ئەوان بە ئێمە دەڵێن بەردەوامن لەسەر ئەو کارە و کۆمیسیۆن نوێنەری ھەموو لایەنەکانی تێدایە و دەڵێن پێشکەوتنی زۆر باش لەسەر ئەو مەسەلەیە ھەیە، کۆمیسیۆن ئەو ژمارە خەیاڵییانەی لە لا نییە کە دەگوترێت".

 

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "لە کۆبوونەوەکەی دوێنێیاندا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشنیاز نەکراوە بۆ ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان پارتی و یەکێتی بە یەک لیست دابەزن، بەڵام لە ھەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی ئەوە کرا کە ئەگەر بتوانیین ھەموو لایەنە کوردستانییەکان بە یەک لیست لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو بەشداربن ئەوا زۆر باش دەبێت بۆ داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، ئێمەش بۆ عێراق ئەوەش پێمان باشە".

 

سەرچاوه: AA





ئەم هەواڵە 2200جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad