English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەمڕۆ دووەمین دیداری لووتکەی ژنانی سەرکردە له هەولێر بەڕێوەچوو
2018-01-09 [05:14 AM]

ZNA- هەولێر


 

گرووپی ئاشتی ژنانی سەرکردە لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵڵا، دووەمین دیداری لووتکەی ژنانی سەرکردەی ئەنجامدا لە ژێر ناونیشانی "ئاشتی و تەبایی ناوخۆ، زامنی بەھێزکردنی پێگە و پاراستنی مافەکانی ژنانی کوردستانە" کە تیایدا پۆلێک ژن لە دەنگ و رەنگ و پلە و پایە جیاوازەکان بەشداری دیدارەکەن و ئامانج لەم دیدارەش زیاتر دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنانە لە بەشداریکردنییان لە پڕۆسەی سیاسیی و ئەکتیڤکردنی رۆڵی ژنان لە دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری و بەتایبەت نزیککردنەوەی پارتە سیاسییەکانی ھەرێم.

 

ژنانی بەشداربووی دیدارەکە لە رواڵەتدا دەنگ و رەنگی جیاواز، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ھەمان مەبەستیان ھەیە ئەویش دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنانە لە کایەی سیاسییدا، بڕیاریشە دوای ئەم دیدارە لێژنەیەک پێکبھێنرێت بۆ بەدواداچوونی راسپاردەکانی ئەم دیدارە. ئەندامێکی دەستەی گرووپی ئاشتی ژنانی سەرکردە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجیان دابینکردنی ئاشتی ناوخۆییە لە رێگای دۆزینەوەی میکانزمێک بۆ ئەم مەبەستە، ھاوکات جەخت لەوەش دەکاتەوە کە دەیانەویت پێگەی ژن بەرزتر بکەنەوە لە پڕۆسەی سیاسییدا.

 

ئەندامی دەستەی گرووپی ئاشتی ژنانی سەرکردە، بەھار عەلی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەم دیدارەدا باس لە دوو تەوەری زۆر گرنگ دەکەین کە یەکەمیان دابینکردنی ئاشتی ناوخۆی کوردستانە کە چۆن ژنان بتوانین کار بکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ناتەباییەی لە کوردستان ھەیە، تەوەری دووەمیش باسی ھەڵبژاردەنەکان دەکەین بۆ ئەوەی بەدوای میکانزمێکدا بگەڕیین تا بتوانین پێگەی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیار بەرزتر بکەینەوە".

 

بەھار عەلی گوتیشی: "ئەوانەی بەشداری لەم دیدارەدا دەکەن، زۆرینەی ژنانی سەرکردەن کە ئەندامی سەرکردایەتی حزبە سیاسیەکانن لەگەڵ پەرلەمانتاران، ئەمانە پێکەوە بەشدار دەبین و ئامانجمان چۆنیەتی دابینکردنی ئاشتییە لە کوردستان، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە دیدارەکە بە چ راسپاردەیەک دەردەچێت و ئاراستەی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکانی دەکەین".

 

سەبارەت بە راسپاردەکانی دیداری پێشووتر و کاریگەرییان لەسەر بەھێزکردنی پێگەی ئافرەت لە ناوەندەکانی بڕیار، بەھار عەلی گوتی: "یەکێک لە نموونەکانی راسپاردەی دیداری یەکەم، بریتیی بووە لەوەی کە یاسای پارتە سیاسییەکان رێگرنییە لە بەشداریکردنی ژنان، بەڵام زمینەسازی نەکردووە کە ژنان بەشداری بکەن و ئێستا پڕۆژە یاسایەکمان ئامادەکردووە کە یاساکە ھەموار بکرێتەوە کە پارتەکان پابەندبن بە بشدارپێیکردنی زیاتری ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردا".

 

بەشێک لە بەشداربووەکان ئەندامانی سەرکردایەتی پارتە سیاسییەکانی کوردستانن کە تیایدا ئاماژە بەوە دەکەن کە رەنگە ئێستا بە ھۆی ئەو بارودۆخەی ھەرێمی کوردستان، نەتوانرێت پارتە سیاسییەکان لەسەر ئاستی باڵادا کۆببنەوە، بەڵام ژنان دەتوانن رۆڵیان ھەبێت و تەبایی ناوماڵی کورد دەستەبەر بکەن.

 

ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، چنار سەعد عەبدوڵڵا لەسەر ئەو بابەتە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە کە دوو خاڵی سەرەکی ھەیە گفتوگۆی لەسەر دەکەین، یەکێکیان ھەرێمی کوردستان بە کۆمەڵیک قەیرانی سیاسیی و ئابووری تێدەپەڕێت و قوڕسە کە پارتە سیاسییەکان لەسەر ئاستی باڵا کۆببنەوە، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە ئەنجاممانداوە جۆرێکە لە تەحەددا کە توانیومانە ھەموو ھێزە سیاسییەکانی کوردستان لەم ھۆڵەدا کۆبکەینەوە، ھەوڵدەدەین پەیامێک بگەیەنین، پێمان وایە کە تەبایی ناوماڵی کوردستان و ئاشتی ناوخۆیی مافێکی ھەموومانە".

 

چنار سەعد عەبدوڵڵا گوتیشی: "پێمان وایە ئەمساڵ ساڵێکی گرنگە بە ھۆی ھەڵبژاردن و کۆمەڵێک گۆڕانکاری سیاسیی، بۆیە پێمان باشە وەکو ئافرەتان خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی کە پێگەی ژن لە ناوەندی سیاسیی و ئیداری لە داھاتووی دوای ھەڵبژاردنەکان بەھێز بکەین".

 

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان کە یەکێکە لە بەشداربووانی دیدارەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لێژنەیەک دروست دەکەن بۆ بەدواداچوونی راسپاردەکان تا ساڵی داھاتوو بۆ ئەوەی بتوانن کار لەسەر ھەندێک ئەو بنەمایانە بکەن کە دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی پێگەی ژن لە ناوەندەکانی بڕیار.

 

سەبارەت بەم بابەتەش، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "ئەم دیدارە تایبەتە بەو ژنانەی کە لەناو پارتە سیاسییەکان و بەشدارن و ئەرکی ئەم دیدارە بریتییە لە وتوێژ لەسەر بەشداریکردنی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیار و چۆنیەتی دەستەبەرکردنی مافەکانی ژن لە رووی یاساییەوە و لایەنێکی دیکەش وەکو تەوەرێکی دیکەی بنەڕەتی ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان پەیوەندییە سیاسییەکان لە ئاستی خواستی ھاووڵاتییاندا نین و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان ھەوڵدانە بۆ یەکخستەوەی ماڵی کورد و ھێنانە کایەی ئاشتی، بەتایبەت کە ھەرێمی کوردستان لەبەردەم پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکاندایە و پێویستمان بە یەکڕیزی ھەیە".

 

سەبارەت بە دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان لە بەشداری پێکردنییان لە پڕۆسەی سیاسیی، بێگەرد تاڵەبانی گوتی: "مافەکانی ژنان بەشێکیان بە یاسا پاڵپشتی کراوە وەکو ئەوەی لە پەرلەماندا ھەیە، بەڵام ئەوە رەنگدانەوەی نەبووە لە سەرکردایەتی حزبەکان و لە ھەمانکاتدا دەمانەوێت قسە لەسەر ئەوە بکەین کە ژن چۆن دەتوانێت ببێتە کارەکتەرێکی بنەڕەتی لە ھەرێمی کوردستان، ھاوکات لەم دیدارەدا لێژنەیەک پێکدەھێنین بۆ بەدواداچوونی ئەو راسپاردانەی کە بڕیاری لەسەر دەدەین".

 

بەشێک لە پەرلەمانتارانیش بەشداری دیدارەکەن، پەرلەمانتارێکیش کە ھاوکات ئەندامی سەرکردایەتییە لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پێی وایە ژنان لەناو پارتە سیاسییەکان و دەسەڵاتی یاسادانان بوونییان ھەیە و ئەوەی دەمێنێتەوە دەسەڵاتی جێبەجێکردنە کە ئاماژەی پێ دەکەن لەوێش پێویستە ژن رۆڵی خۆی بگێڕیت.

 

پەرلەمانتاری کوردستان لەسەر لیستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کەژاڵ ھادی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ ئێمە دەمانەوێت باس لە دوو تەوەر بکەین کە یەکێکیان لەسەر زامنکردنی ئاشتییە، چونکە ژنان ھەمیشە بەوە ناسراون کە ئاشتیخوازن، بەتایبەت لە ئێستادا دەبیت رۆڵمان ھەبێت، تەوەری دووەمیش ئەوەیە کەمی بەشداریکردنی رێژەی ژنانە لە ناوەندەکانی بڕیار".

 

کەژاڵ ھادی گوتیشی: "لەناو پارتە سیاسییەکان ژنان بوونیان ھەیە و رۆڵی گاریگەریان ھەیە. لە دەسەڵاتی یاسادانان ئەویش گرفتمان نییە. لە دەسەڵاتی جێبەجێکار ژنان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و پێویستە زیاتر بەشداری لە حکوومەتدا بکەن".

 

ھەر لەسەر ھەمان مەبەست، پەرلەمانتاری کوردستان لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان، ئێڤار ئیبراھیم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "قسە لەسەر ئاشتی و تەبایی دەکرێت و چەند پرسێکی گرنگ باس دەکرێت کە ژنان چۆن بەشداری بکەن لە ناوەندەکانی بڕیاردا، ئەگەر باسی چەند ساڵی رابردوو بکەین وەکو پێویست ئافرەتان بەشداری ناوەندەکانی بڕیار نەبوون و لە کۆی کابینەی ھەشت تەنھا یەک ژن پلەی پۆستی وەزیری ھەیە و ئێمە دەمانەوێت لە داھاتوودا ئەو پێگەیە بەرز بکرێتەوە".

 

گرووپی ئاشتی ژنان لە کوردستان لە ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە و ئەمە دووەمین دیدارە لە نێوان ژنانی سەرکردە و پەرلەمانتاران ئەنجامی دەدات و یەکەمین دیداریش ساڵی رابردوو ئەنجامیدا کە تیایدا توانیان کۆمەڵێک راسپاردە و بڕیاری گرنگ دەربکەن بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی لەسەر پێگەی ژنان ھەبێت لە پڕۆسەی سیاسییدا.

 

سەرچاوه: AA





ئەم هەواڵە 664جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad