English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەڕێوەبەری داتاکان لە کۆمسیۆن لەسەر ژمارەی دەنگدەران دەڵێت دەزگاکانی راگەیاندن بابەتەکەیان زیاد لە پێویست گەورە کردووە
2018-01-10 [06:09 AM]

ZNA- هەولێر


 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ھەڵبژاردنەکان، ژمارەی تۆماری دەنگدەران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی، مشتومڕێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و بەڕێوەبەری گشتی داتاکانیش لەو دەزگایە پێی وایە دەزگاکانی راگەیاندن بابەتەکەیان زیاد لە پێویست گەورە کردووە چونکە چاوەڕێی ئەنجامی پاککردنەوەی تۆمارەکە ناکەن.

 

بەڕێوەبەری گشتی داتاکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردن و راپرسی، کاروان جەلال لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەیەک بەر لە ئێستا ژمارەیەک ئامادەکاریمان کردبوو دوای ئەوەی کە کۆمەڵێک بڕیار لە کۆمسیۆن دەرچوو، چونکە بڕیاربوو مانگی ١١ ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەڵام بەھۆی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە ئەوا کاتەکە دواخرا و پێشبینی دەکەین کە ئەو کۆبوونەوەیەی لە نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژرادن و راپرسی ئەنجام دەدرێت، ئەوا وادەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان دەستنیشان بکات، چونکە تا ئێستا دیارینەکراوە و ئێمە لە ئامادەکارییەکانی خۆمان بەردەوامین".

 

سەبارەت بە پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیش، کاروان جەلال گوتی: "ئەو بابەتە زیاد لە پێویست گەورەکراوە، بێگومان ئەو لیستانە ناوی مردووی تێدایە و نەتوانراوە بسڕێتەوە چونکە پێویست بووە ئەو خێزانەی کەسێکیان لێ دەمرێت ئەوا کاتێک سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن دەکەن ئەوا بەڵگەنامەکانی مردن لەگەڵ خۆیان ببەن و بە پێچەوانەوە ناوەکەی نەسڕاوەتەوە، ئینجا ئێمە لە ئالیەتی دیراسەکردن و وردبینیکردنین بەپێی ئەو داتایانەی لە وەزارەتی تەندروستی بەدەستمان گەیشتووە و ئێستا پارێزگاکانمان جیاکردووەتەوە و لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەماھەنگیمان کردووە کە نوێترین زانیاری فۆڕمی خۆراکمان بۆ بنێرن، ئەوەش دەبێتە بنەمایەکی زۆر گرنگ بۆ ئەوەی لیستی تۆماری دەنگدەران رێکبخرێت، ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر تۆماری دەنگدەران دەکەین، باوەڕ ناکەم کاتێکی زۆری پێویست بێت و دوای تەواوبوونیشی ئێمە رایدەگەیەنین و ھەڵبژاردنەکانیش بە شێوەیەکی بێگەرد بەڕێوەدەچێت".

 

لەبارەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان کاروان جەلال گوتی: "دوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەنددارەکان و دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردنەکان، ئەوا ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم بەیەکەوە ئەنجام دەدرێت".

 

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی، دەتوانێت لە مانگی ٤ـی ٢٠١٨ دا ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامبدات و کۆمسیۆنی، لە ٨ـی شوباتەوە بۆ ماوەی ٢٥ رۆژ کار لەسەر نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەکات و بڕیاریشە ھەفتەی داھاتوو پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران رابگەیەندرێت.





ئەم هەواڵە 379جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad