ZNA-هەولێر
ده‌سته‌ڵاتدارانی ناوخۆی واشنتۆنى پایتەختی ئەمەریکا ناوی ئەو شەقامەیان گۆڕی کە باڵیۆزخانەی رووسیای لەسەرە و ناوی بهرههڵستكارێکی رووسییان لێنا کە لە مۆسکۆ کوژراوە، ئەوەش بووه هۆی بێزاری رووسیا و بە ”فێڵێکی ناشرین“ى ناو برد. ئەنجومەنی شاری واشنتۆن دەنگیان له‌سه‌ر گۆڕینی ناوی ئه‌و شه‌قامه‌ی بەردەم باڵیۆزخانەی رووسیا دا بۆ ”بۆریس نیمتسۆڤ“ کە ناوبراو بهرههڵستكارێکی رووسی بووە و لەنزیک کرێملن لە ساڵی ٢٠١٥ کوژراوه. لە بەیاننامەی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا هاتووه، بڕیاری گۆڕینی ناوی ئه‌و شه‌قامه بە کۆی دەنگ دراوە وەک رێزلێنانێک بۆ ”چالاکوانێکی دیموکراسيی کوژراو“. لای خۆیانه‌وه ده‌سته‌ڵاتدرانی رووسیا رەخنەیان لەم هەنگاوەی ئەمریکا گرت، ئەندامانێكی پەرلەمانی رووسیا گوتی، بڕیارەکە ”فێڵێکی ناشرینە“. ئاژانسی ئینتەرفاکسی رووسیا لە زاری سەرۆکی پارتى لیبراڵی دیموکراتی رووسیای گواسته‌وه، " ده‌سته‌ڵاتدارانی ئەمریکا دروست دەیانەوێت فێڵێکی ناشرین بکەن لەبەردەم باڵیۆزخانەی رووسیادا هاوكات لای خۆشییه‌وه دیمیتری نۆڤیکۆڤی له حزبی شیوعی گوتی: "ده‌سته‌ڵاتدارانی ئەمریکا تا ئێستا بەردەوامن لە دەست تێوەردانی کاروباری ناوخۆی رووسیا. بۆریس نیمتسۆڤ لە مانگی شوباتی ٢٠١٥ دا لە کاتێکدا بەرەو ماڵەوە ده‌گه‌ڕايه‌وه، بە فیشەک کوژرا. جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه کچێكی بۆریس نیمستۆڤ، به‌رهه‌ڵستكارى رووسیا و ركابه‌ری ڤلادیمێر پوتينى سه‌رۆكی رووسیا مانگی رابردوو سەردانی واشنتنی پایته‌ختی ئه‌مریكاى کرد و داوای کرد ناوی شەقامەکە بگۆڕن.
پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی
پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی
هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس
Developed By: Omed Sherzad