English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
عێراق؛ زیاتر له ٢٤ملیۆن کەس مافی بەشدارییان له هەڵبژادنەکان هەیه
2018-01-11 [06:34 AM]

ZNA- هەولێر


 

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژادنەکانی عێراق سەرقاڵی دواین ئامادەکارییەکانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکانە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی کۆمسیاران و بەڕێوەبەرانی گشتی کۆمسیۆن، خولێکی کارکردنی دوو رۆژەی سەبارەت بەدواین ئامادەکارییەکان و پلان و خشتە کاتییەکان و گفتوگۆکردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەو کێشانە کردەوە کە رووبەڕووی نووسینگەکانی ھەڵبژاردن دەبنەوە لە عێراقدا.

 

جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژادنەکانی عێراق، رزگار حەمە محێدین لە بارەی ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "وەک کۆمسیۆن ئامادەکارییەکانمان بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق دەستپێکردووە و ئەمڕۆ دوا وادەی تۆمارکردنی ھاوپەیمانێتییەکانە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، تا ئێستا ٢٠٥ قەوارەی سیاسی ناوی خۆی تۆمارکردووە بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن".

 

ئەو گوتی: "لە رووی ھونەری و کارگێڕییەوە ھەموو ئامادەکارییەکانمان کردووە و ھەڵبژاردنەکە لە رۆژی ١٢ی ئایاری داھاتوو بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوە دەچێت، یەکەمین جارە بۆ ھەڵبژاردنەکان ئامێری ئەلیکترۆنی بۆ دەنگدانەکان بەکار دەھێنین کە ھەڵبژاردنێکی ئەلیکترۆنی دەبێت و دەنگدەر دەتوانێت دڵنیا بێت لەوەی دەنگەکەی دەستکاری ناکرێت، بۆیە ھەڵبژاردنی ئەمجارە ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەبێت".

 

بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن ئاماژەی کرد بەوەی کە لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا، ٢٤ ملیۆن دەنگدەر لە عێراقدا مافی بەشداریکردنی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیەش نزیکەی سێ ملیۆن و ٧٠٠ کەسیان یەکەمجارە بەشداری دەنگدان دەکەن.

 

جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژادنەکانی عێراق باسی لەوەش کرد، ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە لە تەواوی ناوچە جیاجیاکانی عێراقدا بەڕێوە بچێت، بۆ ئاوارەکانیش کە لە ھەرێمی کوردستانن ناوەندی دەنگدان و رێوشوێنی تایبەتیان بۆ دابین دەکەن تا مافی دەنگدانیان لەدەست نەچێت.

 

لە لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییە جەماوەرییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژادنەکانی عێراق، شاڵاو دۆسکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەیەکی زۆرە کۆمسیۆن سەرقاڵی ئامادەکارییەکانە و دەتوانین لە ماوەی دیاری کراوی خۆیدا ھەڵبژاردن ئەنجام بدەین، بۆ ھەڵبژاردنی ئەمجارەش گۆڕانکاری زۆر کراوە لە گۆڕینی سندوقی دەنگدان بۆ سندوقی ئەلیکترۆنی و ھەژمارکردنی دەنگەکان لەو سندوقە خۆیدا دەبێت، ھەروەھا دەرکەوتنی ئەنجامی دەنگەکان لە ماوەیەکی کەمدا ئاشکرا دەکرێن لە ھەمان رۆژی ھەڵبژاردندا".

 

ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە دوایین وادەی تۆمارکردنی لیست و ھاوپەیمانێتییەکانە بۆ ھەڵبژاردنەکانی عێراق، تا ئێستا ٣١ ھاوپەیمانێتی تۆمار کراوە و ٢٠٥ قەوارەش مۆڵەتی بەشداری کردنیان پێدراوە.

 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨ی وەک وادەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لەو رۆژەدا دەستنیشانکردووە، ئەوەش لەکاتێکدایە وەک جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ئاماژەی پێکرد، تا ئێستا چاوەڕوانی ھەموارکردنەوەی ھەردوو یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن کە رەوانەی پەرلەمانی عێراق کراوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو یاسایانە و پەسەندکردنیان.





ئەم هەواڵە 592جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
یەکەم گۆڵی رۆنالدۆ لەگەڵ یانەی یۆڤانتس
منداڵێک بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر لە رووداوێکی ھاتووچۆ رزگاری دەبێت
پێشبڕکێیەکی ئەسپ سواری کارەساتی لێدەکەوێتەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad