English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ڕاپۆرتی دیلۆیت دەربارەی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان
2018-01-17 [03:38 AM]

ZNA- هەولێر


 

وەک پێشتر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڵێنی دابوو، لەپێناو دابینکردنی زیاتری شەفافیەت لە تەواوی پرۆسەی بەرھەمھێنان، ھەناردەکردن، فرۆشتن و داھاتی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە چوارچێوەی پڕۆژەی گشتگیری وردبینیی سەرتاسەریدا، یەکەم ڕاپۆرتی کۆمپانیای وردبینیی نێودەوڵەتیی دیلۆیت بۆ ئەنجامی وردبینیی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ بۆ ڕای گشتیی ناوخۆ و دەرەوە دەخرێتە ڕوو کە مافی ھاووڵاتیانە تەواوی زانیارییان لەسەر ئەم پرۆسەیە ھەبێت.

 

ڕاپۆرتەکە تەواوی زانیارییەکان بە داتا و ژمارەی وردبینیکراو لەخۆ دەگرێت بۆ شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٧ کە بڕی داھاتی بەدەستھاتوو دوای داشکاندنی خەرجییەکان بریتی بووە لە (سێ ملیار و سێ سەد و بیست و ھەشت ملیۆن و دووسەد و یازدە ھەزار و سەد و نۆزدە) دۆلار، بە تێکڕای نرخی (چل و یەک) دۆلار و (بیست و نۆ) سەنت، بۆ یەک بەرمیل نەوتی ھەناردەکراو بە بۆری، لە کاتێکدا تێکڕای نرخی برێنت نزیکەی (پەنجا و یەک) دۆلار و (حەفتا و یەک) سەنت بووە.

 

ئەم پڕۆژەیە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ژمارە (٧٣) لە بەرواری ٣ی شوباتی ٢٠١٦ و لەبەر ڕۆشناییی یاسای نەوت و گازی ھەرێم و یاسای سندووقی کوردستان بۆ داھاتە نەوتی وگازییەکان، چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

لە پرۆسەیەکی شەفافدا و بەپێی پێوەرەکانی بانکی نێودەوڵەتی، دوای بانگھێشتکردنی چوار کۆمپانیا جیھانییە باوەڕپێکراوەکانی بواری وردبینی، کۆتاییی ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن ئەنجومەنی ھەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گازەوە، گرێبەست لەگەڵ گەورەترین دوو کۆمپانیای جیھانیی (دیلۆیت) و (ئی وای) واژۆ کرا. بەپێی ھەردوو گرێبەستەکە،‌ وردبینیی سەرجەم داھات و خەرجی و پرۆسەکانی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت بە چالاکییەکانی ساڵانی ڕابردووشەوە، بۆ داھاتووش بەردەوام دەبێت.

 

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەم پڕۆژەیە بە ھەنگاوێکی گرنگ لە قەڵەم دەدات بە ئاراستەی پەرەپێدانی شەفافییەت لە کەرتی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان. حکوومەت پێشنیارەکانی کۆمپانیای دیلۆیتی پەسەند کردووە بۆ گەشەپێدانی پرۆسەکە، نەھێشتنی کەموکورتییەکان و وەرگرتنی ڕێکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنیان. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاری لەسەر ڕاھێنانی ژمێریار و وردبینی دامەزراوەکانی چاودێریی دارایی لە ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا کردووە تاکو لە داھاتوودا سوود لە تواناکانیان وەربگرێت.

 

بۆ یەکەمجارە لە ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی گشتگیری پێداچوونەوەی کەرتی نەوت و گاز و وردبینیکردنی ژمارە و داتاکانی نەوت و گاز لەم شێوەیە و بە بەشداریی کۆمپانیایەکی دیار و باوەڕپێکراوی نێودەوڵەتی، ئەنجام دەدرێت. چاوەڕوان دەکرێت لە داھاتوویەکی نزیکدا بە ھەمان شێوە ڕاپۆرتی وردبینیی شەش مانگی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ و ڕاپۆرتی وردبینی بۆ ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ی داھات و خەرجییەکانی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان بخرێتە بەردەم ڕای گشتی کە ئێستا دیلۆیت کاری لەسەر دەکات.

 

بۆ ھەر سەرەنج و تێبینی و پرسیارێک لەسەر ئەم ڕاپۆرتە و ڕاپۆرتەکانی داھاتووش، لە دەرفەتێکی نزیکدا میکانیزمێکی پەیوەندی دەستەبەر دەکرێت.

 

دەتوانن لەم لینکەدا دەقی ڕاپۆرتی دیلۆیت بە ئیمزاکراوی و بە فۆرمی PDF سەبارەت بە وردبینیی ھەناردەکردن، بەکارھێنانی ناوخۆیی، داھات و خەرجییەکانی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧  بە ھەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی دەستبخەن.

 

دەتوانن لەم لینکەدا بە فۆرمی PDF نامیلکەیەکی ھاوپێچ بە ھەردو زمانی کوردی و ئینگلیزی دەستبخەن کە (٢٧) پرسیار و وەڵامی لەخۆ گرتووە بۆ ڕوونکردنەوەی پێویست و ئاسانکاریی تێگەیشتن لە بڕگەکانی ڕاپۆرتی دیلۆیت.

 

لەم لینکەدا بە فۆرمی PDF بە لاپەڕەیەک دەتوانن داتا و زانیارییە سەرەکییەکانی ڕاپۆرتی دیلۆیت سەبارەت بە وردبینیی ھەناردەکردن، بەکارھێنانی ناوخۆیی، داھات و خەرجییەکانی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی تێکڕای ڕۆژانەی ھەناردەکردن و نرخی بەدەستھاتوو لە فرۆشی یەک بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ نرخی برێنت بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ بە ھەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی دەستبخەن.





ئەم هەواڵە 1477جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad