English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ناوەرۆکی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران
2018-01-21 [04:59 AM]

ZNA- هەولێر


 

لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیاندا بۆ تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و ئەندامێتیی "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆک وەزیران و "فوئاد حوسێن" سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و "سەفین دزەیی" وتەبێژی فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەلایەن "حەسەن ڕۆحانی" سەرکۆماری ئێرانەوە پێشوازییان لێکرا.

 

لە دیدارێکدا ڕۆحانی وێڕای بەخێرھێنانی شاندی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە پەیوەندییە دێرینەکانی نێوان خەڵکی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و ڕایگەیاند لە کاتە سەختەکاندا ئەوان پاڵپشت و ھاوکاری خەڵکی کوردستان بوونە و پاراستنی ئەو پەیوەندییانەی بە پێویست زانی بەتایبەتی کە ھەرێمی کوردستان گرنگی بە ئاسایشی ئێران و ناوچە سنووریەکان دەدات، خوازیاریش بوو سەقامگیری لە ناوچەکە جێگیر ببێت و خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە خۆشگوزەرانیدا بن.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دانوستانەکانی نێوان ھەولێر و بەغدای بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و فەراھەمکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و ھەموو پێکھاتەکانی دیکەی عێراق لەسەر بەمای دەستوور بە پێویست زانی، لەمبارەیەشەوە دەستخۆشی لە شاندی ھەرێمی کوردستان کرد کە دوێنێ لە بەغدا بووە و گفتوگۆیان لەسەر کێشە ھەڵواسراوەکان دەستپێکردووە.

 

سەرۆک کۆماری ئێران خواستی وڵاتەکەی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق دەربڕی و کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانیشی دوای ماوەیەک لە داخرانیان، بۆ ئەو خواستەی وڵاتەکەیان گەڕاندەوە کە ھاموشۆی بازرگانی بەرەو ئاساییبوونەوە دەبات. ھەروەھا جەختی لەوە کردەوە کە لە ھاندانی سەرمایەدارانی وڵاتەکەی بۆ سەرمایەگوزاریکردن لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن.

 

لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو پێشوازیەی کرد و ئاماژەی بە پەیوەندییە دێرینەکانی ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە لە کاتە سەختەکاندا ئێران ھەمیشە دەرگاکانی بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان کراوە بووە و لە بنیاتنانی عێراقی نوێ ھاوکار بووە، جەختی لەوەش کردەوە کە سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم ئەوەیە فاکتەری سەقامگیریی بن لە ناوچەکەدا و ھەر واش دەمێننەوە، ھەروەھا بەپێویستی زانی لە کاتی درووستبوونی ھەر حاڵەتێکی نەخوازراودا ھەماھەنگی و گفتوگۆی زیاتر لە نێوان ھەدوولادا ھەبێت.‌

 

ڕاشیگەیاند لە ئێران چاوەڕێ دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری عێراقی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، لەسەر ھەوڵەکانی بەردەوام بێت، ئاشکراشی کرد گەر زووتر ئەو کێشانە بەپێی دەستووری عێراق چارەسەر کرابان، بەشێکی زۆر لەو ڕووداوانەی کە ھاتنە ئاراوە، ڕوویان نەدەدا.

 

ئاماژەی بەوەش کرد کە کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان پاڵپشتییەکی باش بوو بۆ خەڵکی کوردستان بەتایبەتی بۆ بازرگان و سەرمایەداران و ئەو خەڵکەی لەو سنوورانەدا کار دەکەن، ھەروەھا ھیوای خواست ھەوڵەکان بۆ فراوانترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان بەردەوام بن و لەمبارەیەوە ئامادەییی ھەرێمی کوردستانی بۆ ھەر ئاسانکارییەک نیشان دا.

 

تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی پەیوەست بە بارودۆخ و دوا پێشھاتەکانی ناوچەکەوە، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو و ‌دۆستایەتی و تەبایی و یەکڕیزی لە ناوچەکە بەگشتی، وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ سەرکەوتن جەختی لەسەر کرایەوە.

 

 

لە دووەم وێستگەی دیدارەکانی سەردانەکەیاندا بۆ تاران، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان لەلایەن "عەلی شەمخانی" سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێشوازییان لێکرا.

 

لە دیدارێکدا باس لە پەیوەندییە دێرینەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا و جەخت لە ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان ھەردوولا لە ڕابردوو و ئێستا و داھاتوودا کرایەوە و لەمبارەیەوە شەمخانی پەیوەندییە دێرینەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەرز نرخاند و ھیوای زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولای لە ھەموو بوارەکاندا خواست.

 

دەربارەی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغداش، ھیوای خواست ھەموو ئەو کێشانەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا بە ھەڵواسراوی ماونەتەوە لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و ئامادەییی وڵاتەکەیشی بۆ ھاندانی ھەردوولا لە گفتوگۆکاندا نیشان دا. ھەروەھا ھیوای خواست سەقامگیری لە ناوچەکەدا جێگیر ببێت بە شێوەیەک بژێوی ھاووڵاتیانی ناوچەکە بەگشتی و بەتایبەتی ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەو پێشەوە بچێت.

 

لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان پەیوەندییە دێرینەکانی نێوان خەڵکی ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد ھەرێمی کوردستان خوازیاری ئەوەیە ھەمیشە پەیوەندیی باش و دۆستانەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەگشتی و بەتایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەبێت ھەروەک ھەمیشە ئەو پەیوەندیانە لە ئاستێکی باشدا بوونە و لە کاتە سەختەکاندا ھاوکار و پاڵپشتی ھەرێمی کوردستان بوونە و ئامادەییی حکوومەتی ھەرێمی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە ھەموو بوارەکاندا نیشان دا.

 

ھەروەھا بە پێویستی زانی ئێران لەو گفتوگۆیانەی ئێستا لە نێوان ھەولێر و بەغدا بەڕێوە دەچن، ھاوکار بێت و ڕۆڵی خۆی بۆ لەیەکتر نزیککردنەوە و چارەسەر کردنی کێشەکان و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بگێڕێت، چونکە گەر ماددە و بەندەکانی دەستووری عێراق وەک خۆی جێبەجێ بکرێن ئەوا زۆربەی ئەو کێشانە بە ئاسانی چارەسەر دەبن و بارودۆخی ھاووڵاتیانی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە بەرەو باشتر دەچێت.

 

ھەر لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و پاراستنی ئاسایشی دراوسێکان کرایەوە و لەمبارەیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان ھەردەم فاکتەری سەقامگیری بووە لە ناوچەکەدا و ھەر واش دەمێنێتەوە و زۆر گرنگی بە جێگیربوونی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ دەدات.





ئەم هەواڵە 3421جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad