English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەندیشە ١٢ کتێبی بڵاوکردەوە
2018-01-21 [03:45 AM]

ZNA – هەولێر   


دەزگای ئەندێشە، ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٢ کتێبیی نوێی بڵاوکردەوە کە بەم دواییە چاپکراون.

فەرموون ناساندنی هەر ١٢ کتێبەکە، بەهیوام بەدڵتان بێت و سوودی لێ وەر بگرن…

 

ئەمەش کتێبەکان و پوختەیەک لەبارەیانەوە:

 

"چیرۆکەکانی مەسنەوی"

بێگومان بۆ ناسینی مەولانا جەلالەدینی رۆمی، جگە لەو ڕۆمان و بابەت و شیکردنەوە و لێکۆڵێنانەوەی لەسەر ئەم کەسایەتییە جیهانییە نووسراون، خوێندنەوەی بەرهەمەکانی خۆیشی گرنگییەکی لەڕادەبەدەری هەیە. لە ڕاستیدا بەبێ خوێندنەوەی مەسنەوی و دیوانی شەمس و بەرهەمەکانی خۆی ناکرێت و کارێکی نەکردەیە ئاشنای فیکر و بیروبۆچوونەکانی ئەم عاریفە گەورەیە بین.

 

 
چیرۆکەکانی مەسنەوی، ئەو چیرۆکان کە مەولانا لە شیعر و لە چوارچێوەی قەسیدەی درێژدا دای تشتوون. بۆ ئاسانکاریکردن و تێگەیشتنی خێرا و ئاسان، چیرۆکی ناو قەسیدەکان بە زمانێکی سادە و تێگەیشتنێکی ئاسان کراون بە چیرۆک و گێڕانەوە. خوێندنەوەی چیرۆکەکانی مەسنەوی، ئاشنامان دەکات بە بیر و ئایدیاکانی ئەم زاتە مەزنە.

 

"مەعسومەی شیرازی"

 

مەعسومەی شیرازی چیرۆکی کچێکی پاکداوێنی شیرازییە، کە بە مەبەستی زیارەت و سەردانی ئیمام ڕەزا لەگەڵ خێزانەکەی ڕوو دەکاتە مەشهەد، لە ڕێگە تووشی کۆمەڵێک ڕووداو دەبن و باوک و دایکی لەدەست ئەدات و بەتەنیا تووبەڕووی ژیان دەبێـتەوە و دەبێتە کچێکی لەشفرۆش.
کاتێک مەعسومە ئەمرێت و لە ڕۆژی قەیامەت حەشری مرۆڤەکان دەکرێت، مەعسومە هاوار دەکات و دەبێ خودی یەزدانی مەزن گوێی لێ بگرێت و چیرۆکەی دەگێڕێتەوە. باسی ئەو پیاوانە دەکات کە پیاوی خودا بوون و مەعسوومەیان کرد بە لەشفرۆش.
 

مەعسومەی شیرازی چیرۆکێکە لە تۆژی قەیامەتەوە دێتەوە. چیرۆکێکە لە بارەگای یەزدانەوە، چیرۆکێکە بە شاهیدی حەکیم عومەری خەیام. مەعسومەی شیرازی، گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو کچە پاکداوێنانەیە کە پیاوانی برسی دەیانکەن بە لەشفرۆش، چیرۆکی نایەکسانییەکانی ژیانە، چیرۆکێکە هەمووان دەبێ بیخوێنێنەوە.

 

 

"جەمیلە"
جەمیلە عاشقانەترین چیرۆکی دونیایە. چیرۆکی کچێکی یاخی لە دابونەریت دەگەڕێتەوە. چیرۆکی هاڕینی خەڵکە لەلایەن جەنگەوە. چیرۆکی فڕێدانی کلتوور و دواکەوتنی دڵە، چیرۆکی ململانێی نێوان دڵ و عەقڵە، چیرۆکی دواکەوتنی خواستی دڵە و رووبەڕووبوونەوەی دابونەریت. چیرۆکی کچێکی مێرددارە. مێردێکی دوورکەوتوو بە بۆنەی جەنگەوە. چیرۆکی ئەو کچەیە کە مێردەکەی به هۆی لەخۆباییبوونی کلتوورییەوە جارێکیش نابیستیت مێردێکی دوور لە خۆی لە نامەیەکدا بنووسێت خۆشم دەوێی. چیرۆکی پڕکردنەوەی بۆشایییەکانی ناخە لە رووی هەست و سۆزەوە.

 

 

"لە تادەبەدەر خۆشمویستی"
نووسینی کچە رۆماننووسی سعوودی ئەسیر عەبدوڵڵا نەشمییە، چیرۆکی دڵدارییەکی پڕ لە ململانێ دەگێڕێتەوە. چیرۆکێک دەگەڕێتەوە کە هێندەی نەمابوو بێت بە هۆی تێداچوونی سەری و کوشتنی. ئەم ڕۆمانە پێویستە هەموو کچێک بیخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی بزانێت کوڕەکەی بەرامبەری چۆنە و کێیە و چۆن بیر دەکاتەوە. ئەمە ئەو کتێبە بێ تێڕامان و دوودڵبوون پێویستە هەموو گەنجێکی نێر و مێ بیخوێنتەوە. لەڕادەبەدەر خۆشم ویستی ئەو کتێبەیە کە موچڕکە بە لەشی هەموومانا ئەهێنێت و بەتەواوەتی بۆ چیرۆکە دڵدارییەکانمان بەرچاو ڕوونکەرەوەیەکی گرنگە. پێویستە بیخوێنەوە. ئەم ڕۆمانە لە زمانی کچەکەوە نووسراوە و لە وەڵامی ئەمەدا ئەم کتێبە هاتووە.

 

 

"با لێبوردە بیت"
با لێبوردە بیت وەڵامی نووسین و دەردەدڵەکانی ئەو کچەیە بە ناوی لەڕادەبەدەر خۆشم ویستی. عەزیز وەڵام دەداتەوە. وەڵامی هەموو تۆمەتبارکردن و ناتێگەیشتنەکانی کچەکە. عەزیزیش وەک پیاوێکی شەرقی پاساو بۆ هەموو کارەکانی و خیانەتەکانی دەهێنێتەوە. 
 

خوێندنەوەی ئەم دوو کتێبە بۆ هەموو گەنجێک پێوێستە. پێویستییەکی ژیانییە، پێویستییەکە کە نابێت هیچ هۆکارێک وامان لێ بکات نەیخوێنینەوە. پێویستە بۆ ئەوەی بەرامبەرەکەمان بناسین بەبێ دوودڵی ئەم دوو کتێبە بخوێننەوە.

 

 

"فەلسەفەی ئۆمێد"
ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی توخمە بنەڕەتییەکانی بەردەوامی ژیان لە دۆخێکی ئاگامەنەدا. نزیکبوونەوەیە لەو دەروازە بوونەوییانەی تێدەپەڕین پێیاندا, مەرجی رەسەنایەتی و شکۆمەندیی مرۆڤن، هەڵگەڕانە بەرەو لووتکەی نائومێدییە بنچینەیییەکانی ژیان، نەک بۆ نائومێدبوونی زیاتر. بەڵکو بۆ ئەوەی لە لووتکەوە تەماشای نائومێدییەکان بکەین. گەورەییی ئینسان لە کوشتنی نائومێدییەکاندا نییە، گەورەییی ئینسان لەوەدایە لەسەر کۆی نائومێدییەکانی رابوەستێت.

 

 

"سەرۆکی هێژا"
سەرۆکی هێژا ڕۆمانێکی ناوازەیە لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆریای باکوور. چیرۆکی کارکردن و ڕاکردنی یەکێک لە کاربەدەستە باڵاکانی کۆریایە بەرەو چین و لەوێوە بەرەو کۆریای باشوور. سەرۆکی هێژا گێڕانەوەی چیرۆکی دروستکردنی مێژووە، مێژوویەکی ساختە و بەدڵی دەسەڵات. چیرۆکی دروستکردنی ڕەسەنایەتییەکی ساختەیە. چیرۆکی دروستکردنی بنەچەیە. بنەچە و ڕەسانەیەتی و مێژوویەک کە دەسەڵاتدار بەدڵی خۆی دروستی دەکات و هەمووان وا لێ دەکات باوەڕی پێ بکەن.

 

 
بۆ ئاشنابوون بە کلتوور، دابونەریت و سیاسەت لە نیوەدورگەی کۆریا و چین، پێویستمان بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە. جیهانبینییەکی فراوانمان پێ دەدەات لەسەر ئەم بەشە لە جیهان.

 

 

"کاتێ کە تۆم خۆش دەوێ"
بەشێکە لە شیعرە عاشقانە و نیشتمانی و سیاسییەکانی نزار قەبانی شاعیری جواننووس و ناسکنووس و ناسکوێژی عەرەب.
 

بە وەرگێڕانێکی جوان و بێگرێ. بۆ تێگەیشتن لە دونیا جوانەکەی نزار قەبانی پێویستمان بە خوێندنەوەی ئەم دیوانەیە لە هەڵبژاردەی شیعرەکانی قەبانی.

 

"سایکۆلۆژیای کەسێتی"
نووسینی دکتۆر محەمەد تەها حسێن سایکۆلۆژیستی کوردە. لەم کتێبەدا لە ژێر ڕۆشناییی ڕوانگە جیاوازەکانی دەروونناسی تیشک دەخاتە سەر کەسایەتیی کورد و سەرلێشوانی ئەم کەسایەتییە. بۆچی کەسایەتیی کورد لە دۆخێکی لەم چەشنەدایە، سایکۆلۆژیای پیاوی دەسەڵاتداری ئێمە چۆنە و بە چ چاوێکەوە سەیری گەلەکەی دەکات.

 

 
بۆ تێگەیشتن لە دەروونناسی و ڕوانگە جیاوازەکانی پێویستە ئەم کتێبە بخوێندرێتەوە. هەروەها بۆ تێگەیشتن لە خۆمان و سەرکردە و بنکردەکانمان خوێندنەوەی ئەم کتێبە پێویستییەکی حەتمییە.

 

 

"کەمانچەژەن"
کەمانچەژەن گێڕانەوەی چیرۆکی گەنجێکی کەمانچەژەنی عاشقە، چیرۆکێکی کۆمیدی و پێکەنیناوی و لە هەمان کاتدا پڕ لە ئازارە. کەمانچەژەن، چیرۆکی عەشقێکی پاک و بێگەردە. چیرۆکی کۆڵنەدان و سووربوونە لەسەر ئەوەی ئەمانەوێ و بەدەستی بهێنن.
 

کەمانچەژەن جگە لەوەی چیرۆکێکی دڵدارییەکی کەموێنەیە، هەگبەیەکی بەنرخی زمانی کوردییە. پیرەمێردی شاعیر بەجوانی و بە زمانێکی پاراو ئەم کتێبەی هانس کریستیان ئەندرسنی کردووە بە کوردی.

 

 

"شەوی رووداوی سەیری سەگەکە"
چیرۆکی منداڵێکی بلیمەتە. چیرۆکی شەوێکە کە سەگێک رووداوێکی سەیری بەسەردا دێ و منداڵە بلیمەتەکەی ئێمە لە سەرەداوەکان ئەکۆڵێتەوە. چیرۆکی ئەو منداڵەیە کە کەس لێی تێناگات. ئەگەر ئێمە منداڵێکمان هەبوو و لێی تینەگەیشتن ئەبێ چی بکەین و چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەین. چیرۆکی کەسێکە لەوانی تر ناچێت. هەموومان بە جۆرێک لەوانی تر ناچین و جیاوازییەکمان تێدایە. 

 

 
خوێندنەوەی ئەم کتێبەش بۆ تێگەیشتن لە خۆمان و کەسە جیاوازەکانی دەورەبەر گرنگە.

 

"کاتپێو"
جارێکی تر میچ ئەڵبووم بە چیرۆکە سەرنجڕاکێش و ئینسانییەکانی دەبێتەوە میوانمان. ئەم جارە باس لە کات و گرنگی کات دەکات. کات چییە و ئێمە چۆن بەکاری دەهێنن و چۆن بەفێڕۆی دەدەین. کاتپێو باسی باوکی کات دەکات. باسی زەمەن و تێپەڕبوون و تێپەڕنەبوونی کات دەکات. هەر کام لە ساتەکانی ژیان چەند گرنگن و دەکرێت چەندە کاریگەریی لەسەر ژیانمان هەبێت.

 





ئەم هەواڵە 277جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad