ZNA- ھەولێر
لە تاوانێکی کارەساتبار گەنجێک ھەستاوە بە کوشتنی دایک و باوکی و دووبراکەی و تەرمەکانیشی فڕێداون.
گەنجێک لە پارێزگای ھەڵەبجە تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی (دایک و باوک و دوو برای) لەکاتی خەودا دەکوژێت. بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەڵەبجە دەڵێت لە رۆژی ھەینییەوە تاوانەکەی ئەنجامداوە و ئێوارەی دوێنێ ئاشکرابووە، بە ئۆتۆمبێلی باوکیشی تەرمەکانی گواستوونەتەوە و لە شوێنی جیاجیا فڕێیداون.
عەمید کازم عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەڵەبجە رایگەیاند: "ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ٢١-١-٢٠١٨، ھەواڵمان پێگەیشت کە گەنجێکی تەمەن ١٩ساڵ بەناوی (ک. م) لەکاتی خەودا بە چەکی کڵاشینکۆف دایکی و دوو برای کوشتوون، دواتر باوکیشی کوشتووە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەڵەبجە زانیاری زۆرتری لەبارەی رووداوەکە ئاشکراکرد و گوتی: "گەنجەکە رۆژی ھەینی ١٩ی ئەم مانگە ئەندامانی خێزانەکەی کوشتوون، بەڵام ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ٢١-١-٢٠١٨ ئاشکرابووە، ئەویش کاتێک تەرمەکان دۆزراونەتەوە، چونکە ئەو گەنجە بۆ شاردنەوەی تاوانەکەی بە ئۆتۆمبێلەکەی باوکی تەرمەکانی گواستوونەتەوە و لە شوێنی جیاجیا فڕێیداون، دوای گەڕان و پشکنێکی زۆر شەوی رابردوو ھەموو تەرمەکانمان دۆزینەوە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەڵەبجە ئاشکرای کرد کە توانیویانە گەنجەکە دەستگیربکەن. گوتیشی: "بکوژەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ھۆکاری رووداوەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە".

سەرچاوە / رووداو
ئەم هەواڵە 3520جار خوێندراوەتەوە |