English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەنجومەنی وەزیران: سەردانی شاندی باڵای ھەرێم بۆ بەغدا و تاران ھەنگاوێکی ئەرێنییە
2018-01-22 [06:07 AM]

ZNA- هەولێر


 


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 

سەرەتای کۆبوونەوە باس لە دوا پێشھاتەکانی شاری عەفرین و دەوروبەری لە سووریا کرا. ئەنجومەنی وەزیران نیگەرانیی خۆی بۆ ڕووداوەکانی عەفرین دەربڕی، بەتایبەتی کە خەڵکی سڤیل لەو ڕووداوانەدا بوونەتە قوربانی، داوای کرد ھەموو لایەک دان بەخۆیاندا بگرن و کێشەکان دوور لە توندوتیژی چارەسەر بکرێن و ھاووڵاتیانی سڤیل لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازیانەدا نەکرێنە ئامانج.

 

دواتر باس لە سەردانی شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کرا. لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پوختەیەکی دەربارەی سەردانی بەغدا و دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ پێشکەش کرد.

ئەنجومەنی وەزیران ئەو سەردانەی بە ھەنگاوێکی ئەرێنی و سەرەتایەکی باش بۆ توانەوەی بەستەڵەکی نێوان ھەولێر و بەغدا و دەستپێکرنی دانوستان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەقەڵەم دا، ئەوەش بیرھێنرایەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لە سەرەتاوە دیالۆگ و لێکگەیشتنی بە گونجاوترین ڕێگەی چارەسەری کێشە ھەڵواسراوەکان زانیوە و ئێستاش ئەنجومەن لەو باوەڕەدایە گفتوگۆی ھاوسەنگ لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بە شێوەیەک مافەکانی گەلی کوردستانی تێدا دەستەبەر بکرێت، باشترین ڕێگایە بۆ چارەسەری کێشەکان.

 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە سەردانی شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان بۆ تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا. لەمباریەوە بەڕێز سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە کردنەوەی دەرگاکان بەڕووی ھەرێمی کوردستاندا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمی کرد و بە ھەنگاوی زۆر بەرھەمداری بۆ ھەرێمی کوردستان زانی. دواتر بە وردی باسی لە دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەریەک لە بەڕێزان سەرکۆمار حەسەن ڕۆحانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی عەلی شەمخانی، سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران عەلی لاریجانی کرد و بە سەردانێکی زۆر سەرکەوتوو و بەرھەمدای وەسف کرد.

 

هەروەها ڕایگەیاند، ئێران ھەوڵ دەدات پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا بەتایبەتی لە بواری ئابووری و پاراستنی ئاسایشی یەکتریدا فراوانتر بکات، وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدات و یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکرنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، جەختیشی لەوە کردەوە ‌گەر دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرابووایە ئەوا ھیچ کام لەو کێشانەی ئێستا لەنێوان ھەولێر و بەغدا ھەن، نەدەھاتنە ئاراوە.

 

دوای پێشکەشکردنی چەند ڕا و سەرنجێک لەلایەن وەزیرەکانەوە، ئەنجومەنی وەزیران ھەردوو سەردانی شاندی باڵای ھەرێمی کوردستانی بۆ بەغدا و تاران بە ھەنگاوی زۆر گرنگ و ئەرێنی وەسف کرد، بەتایبەتی لە بواری دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و کرانەوەی زیاتر بەڕووی وڵاتانی نێودەوڵەتی و ھەرێمیدا.

 





ئەم هەواڵە 676جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
لە پەخشی راستەوخۆی گێچەڵی سێکسی پێدەکرێت
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad