ZNA – ھەولێر
بە بڕیاری حکوومەت چەند جۆرە رسوماتێک کە زیاکرابوون کەم کراونەتەوە، لەوانە رسوماتی شارەوانیەکان و شوێنە گەشتیاریةکان و تۆماری کۆمپانیاکان, بەرپرسێکیش ئاشکرای دەکات پێداچوونەوە بە کەمکردنەوەی رسوماتی تاپۆش دەکرێت.
عەبدولحەمید مەجید بەرێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە باسی را گەیاند: بڕیاری کەم کردنەوەی رسومات لەم مانگەوە جێ بەجێ دەکرێت، گوتی: ئەو رسوماتانەی شارەوانی وەری دەگرێت کە بریتین لە رسومانی پیشە و رێکلام و تابلۆ ھەڵواسین و شوێنە بازرگانی و پیشەسازیەکان، لەو مانگەوە کەم کردنەوەکەی دەچێتە بواری جێبەجێکردن.
کەمکردنەوەی رسوماتی شارەوانیەکان لەو شوێن و پیشە جۆراوجۆرانە بە جۆرێکە لە نێوانی ١٠% بۆ ٥٠% و لە سەرەتای ئەمساڵەوە جێبەجێ دەکرێت.
بەرپرسەکەی وەزارەتی شارەوانی جەختی کردەوە رێژەیەکی باشی رسوماتەکان کەمکراونەتەوە بە جۆرێک بگونجێت لەگەڵ دۆخی ئێستای ھاوڵاتیان، گوتیشی: رسوماتی تابلۆ و خۆڵ و خاشاکی نۆرینگە پزیشکیەکان و کرێی ناوچە پیشەسازیەکان و تابلۆی دوکان و شوێنە بازرگانیەکان و ھەموو جۆرە تابلۆکانی کارکردن دەگرێتەوە، کە پێشووتر گلەیی زۆری لەبارەیەوە دەکرا.
ئەو رسوماتانەی کەم کراوەتەوە زیاتر لە ٦٠ شوێن و پیشەی جۆراوجۆری تێدایە.
روونی کردەوە تاوەکو ئێستا وەرگرتنی پارە لە بڕی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە ماڵان نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەو کارە سپێردراوە بە شارەوانیەکان.
لە سەرێکی تر بە فەرمی کرێ و رەسمی ھوتێل و مۆتێل شوێنە گەشتیاریەکان لە نێوان ٢٥% بۆ ٥٠% کەم کراوەتەوە، بۆ نمونە ھەندێک شوێن لە ٣ ملیۆن دیناری ساڵانە بۆتە ٢ ملیۆن دینار.
ئەم هەواڵە 4270جار خوێندراوەتەوە |